سوننەتەکانی ڕۆژوو

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-26-23:24:00 - کۆدی بابەت: 3755
سوننەتەکانی ڕۆژوو

ناوه‌ڕۆك

سوننەتەکانی ڕۆژوو

سێ شت سوننەتە لە هەموو جۆرە ڕۆژوویەکدا:

یەکەم: بەپەلە بەربانگ بکاتەوە، واتە: کە دڵنیابوو ڕۆژ ئاوابووە، شتێک بخوا، (ئەم شێوەیە پێی دەگوترێت: بەربانگ).

دووەم: درەنگ پاشیو بخوات بەو مەرجەی گومانی لێ پەیدا نەبێت، ئایا بەیان بووە، یان نا (عَنْ سَهْلِ بْنِ سَعْدٍ رضي الله عنهما: أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ : لا يَزَالُ النَّاسُ بِخَيْرٍ مَا عَجَّلُوا الْفِطْر وأخروا السحور) رواه أحمد، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: موسوڵمانان هەر لە باشیدا ئەژین تا بەردەوام ئەبن لەسەر بەربانگ کردنەوەی زوو و پاشیوخواردنی درەنگ.

ئینجا بزانە: سوننەتە فەتار بە خورما بکاتەوە، ئەگەر نەبوو، بە ئاو فەتار بکاتەوە (عَنْ سَلْمَانَ بنِ عَامر رضي الله عنهما، عن النَّبِيِّ ﷺ قَالَ: إِذَا أَفْطَرَ أَحَدُكُمْ، فَلْيُفْطِرْ عَلى تَمْرٍ، فَإِنْ لَمْ يَجدْ، فَلْيُفْطِرْ عَلَى مَاءٍ فَإِنَّه طَهُورٌ) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: کاتێ بەربانگتان کردەوە بە خورما بەربانگ بکەنەوە، چونکە هێزتان زیاد دەکات، ئەگەر خورما دەست نەکەوت، بە ئاو بەربانگ بکەنەوە، چونکە ئاو پاککەرەوەیە.
هەروەها سوننەتە لە کاتی بەربانگ بڵێ: (بسم الله اللهم لك صمت وعلی رزقك أفطرت) رواه الطبرانی.

ئەگەر پاشیوی خوارد، دوایی ئاشکرا بوو لەکاتی پاشیو خواردن نوێژی سبەینێ بووە، ئەوە ئەبێ تا ئێوارە بەڕۆژوو ببێ و قەزاشی بکاتەوە.

هەروەها ئەگەر وایزانی ڕۆژ ئاوابووە و بەربانگی کردەوە، دوایی ئاشکرابوو ڕۆژئاوا نەبووە، هەر ئەبێ قەزای بکاتەوە.

سێیەم: وازهێنانە لە قسەی ناشرین و پڕوپووچ و جنێودان و غەیبەتکردن و درۆکردن، چونکە بەم جۆرە شتانە خێری ڕۆژوو کەم دەبێتەوە (عن أبي هُريرةَ رَضِيَ اللهُ عنه: أنَّ النَّبيَّ صلَّى اللهُ عليه وسلَّم قال: إذا أصبَحَ أحدُكم يومًا صائمًا، فلا يرفُثْ ولا يَجهَلْ، فإنِ امرؤٌ شاتَمَه أو قاتَلَه، فلْيَقُل: إنِّي صائِمٌ) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەر ڕۆژێک یەکێک لە ئێوە بەڕۆژوو بوو، با قسەی ناشرین و پڕوپوچ نەکا و کردەوەی ناشرین نەکا، جا ئەگەر کەسێک جنێوی پێدا، یان لەگەڵی کەوتە شەڕ، با بڵێ: من بەڕۆژووم. واتە: لەمە زیات وەڵامی نەداتەوە.


سەرچاوەکان



882 بینین