عوسمانییەکان و سەرەتای دەرکەوتنیان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-31-16:04:00 - کۆدی بابەت: 3986
عوسمانییەکان و سەرەتای دەرکەوتنیان

ناوه‌ڕۆك

عوسمانییەکان كێن؟

عوسمانییەکان بە ڕەگەز دەچنەوە سەر هۆزێکی تورک کە لە ناوەڕاستی ئاسیاوە لە ژێر فەرماندەیی میر (ئەرتەغرول) دا لە سەرەتاکانی سەدەی سیانزەهەم دا لە ترسی ڕاوەدونانی (مەغۆل) ڕوویان کردە باکووری ڕۆژئاوای (ئەنادۆڵ)، پاشان بە هۆی چەند هۆکارێکەوە عوسمانییەکان توانیان میرنشینێک لە ساڵی 1299 دا دروست بکەن، بە ناوی (عوسمان کوڕی ئەرتەغول) ەوە ناوی (عوسمانی) بەسەردا بڕا.

دەسەڵاتییان لەكوێ بوو؟

عوسمانییەکان بە درێژایی هەردوو سەدەی چواردەهەم و پانزەهەمی زاینی دەسەڵاتیان بەسەر ئاسیای بچووک و نیمچە دوورگەی (بەلقان) دا سەپاندوە، ئەم دەسەڵات و پەلکێشان و فراوانکردنی زەوییە لە ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتدا درێژەی کێشا، تەنانەت هەتا دوای ڕوخاندنی ئیمپڕاتۆرییەتی بێزەنتی و دەرکەوتنی (قوستەنتینیە)ـی پایتەختیان بە دەستی سوڵتان عوسمانی (محەمەد فاتیح) لە ساڵی 1453ز دا.

داگیرکردنی قوستەنتینیە و ڕووخاندی دەوڵەتی بێزەنتی لەسەر دەستی سوڵتان (محەمەدی فاتیح) دا بوو هۆی یارمەتیدەرێکی باش بۆ پاڵ پێوەنانی دەوڵەتی عوسمانی بۆ بەهێز بوون و بڕوا بەخۆکردن و هەوڵدان بۆ فروانخوازی دەرەکی لەڕۆژئاوا تا گەیشتە نزیک ڤیەننا.

گۆڕینی ئاڕاستەی هێرشیان

لەگەڵ هاتنی سوڵتان (یاوز) سەلیمی یەکەم (1512-1520ز) بۆ تەختی دەوڵەتی عوسمانییدا گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دەوڵەتدا ڕووی دا، هێرشیان بۆ سەر ڕۆژئاوا وەستاند وڕوویان لە ڕۆژهەڵات (کوردستان و نیشتیمانی عەرەب) کرد، لەبەر ئەم هۆیانە:

1- لە سەرەتاکانی سەدەی شانزەهەم عوسمانییەکان لە ئەوروپادا زیاتر هەڵوێستی بەرگرییان وەرگرت، نە هەڵوێستی هێرشکردن، لەبەر ئەوە چاریان نەمابوو، تەنها ئەوە نەبێت کە شوێنی تازەتر بدۆزنەوە بۆ فراوانخوازیان ئەو شوێنەش بریتی بوو لە کوردستان و نیشتیمانی عەرەب
2- کاتایک کە ڕۆژئاوای عەرەب و ئاوەکانی خوارووی عەرەب توشی داگیرکاری ئیستیعماری پورتوگالییەکان هاتبوو، دەرفەتی بۆ عوسمانییەکان ڕەخساند کە بێنە ڕۆژهەڵات و لەپاشان بیخەنە ژێر دەستی خۆیانەوە.
3- سەرهەڵدانی دەوڵەتی سەفەوی لە وڵاتی فارس (ئێران) داو هەوڵدان بۆ فراوانخوازی و پەلهاویشتنی بۆ کوردستان و عێراق وای لە دەوڵەتی عوسمانی کرد، ئەویش بێتە کایەی کوردستانو پاشانیش نیشتیمانی عەرەب، بۆ بەربەرەکانی و بەرگرتن لە دەسەڵاتی سەفەوییەکان.


سەرچاوەکان



1232 بینین