چوار هۆکاری دڵتێکچوونی ئافرەتان لە ماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-04-20:42:00 - کۆدی بابەت: 4153
چوار هۆکاری دڵتێکچوونی ئافرەتان لە ماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

دڵتێکچوونی دووگیان 

هیچ کەسێک بەتەواوی نازانێت کە هۆکاری دڵتێکچوون چییە لەماوەی دووگیانیدا، بەڵام زۆرینەی ژنانی دووگیان بێزارن و ئازار دەچێژن لەم حاڵەتەدا.
لەوانەیە پرسیاری ئەوەتان لەخۆتان کردبێت کە بۆچی لەگەڵ ئەوەی کە لە تەواوی ڕۆژەکەدا دووچاری دڵتێکچوون دەبم کەچی پێی دەوترێت، دڵتێکچوونی بەیانیان؟

بۆچی ناونراوە دڵتێکچوونی بەیانیان؟

دڵتێکچوونی بەیانیان، لەڕاستیدا دەستەواژەیەکی پزیشکییە بۆ حاڵەتی دڵتێکچوون لەماوەی دووگیانیدا نەک مەبەستی لەوە بێت کە تەنها لە بەیانیاندا ئەم حاڵەتە ڕوودەدات بەڵام لە بەشێک لە خانمەکاندا نیشانە و دڵتێکچوون لە بەیانیاندا قورسترە و وردە وردە بە درێژای ڕۆژەکە باشتر دەبێت، بەڵام ئەگەری هەیە لە هەموو کاتێکدا توشی دڵتێکچوون ببن و هەندێک خانم تەواوی ڕۆژەکە ئەم دڵتێکچوونەیان لەگەڵدایە، و توندیەتی ئەم نیشانەیە لە خانمێکەوە بۆ خانمێکی کە دەگۆڕێت و جیاوازە، بە گشتی سێ لەسەر چواری خانمانی دووگیان لە سێ مانگی سەرەتای دووگیانیدا دووچاری ئەم کێشەیە دەبنەوە، نزیکەی نیوەی خانمانیش ئازار دەکێشن بەهۆی حاڵەتی دڵتێکچوون و ڕشانەوەوە، یەک لەسەر چواریان تەنها دڵتێکچوونیان هەیە، و یەک لەسەر چواری خانمە خۆشبەختەکانیش هیچ دڵتێکچوونیان نییە.
حاڵەتی دڵتێکچوون لە هەفتەی شەشەمی دووگیانییەوە دەست پێ دەکات، بەڵام ئەگەری هەیە لە هەفتەی چوارەمیشەوە خۆی پیشان بدات و مانگەکانی داهاتوو قورستر بکات، بەداخەوە لە ڕێژەیەکی کەمی خانماندا دڵتێکچوون بە نزیکەیی تا کاتی منداڵبوون بەردەوام دەبێت.

حاڵەتی دڵتێکچوون لەکاتی دووگیانیدا شتێکی ئاساییە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە ئاسان بێت تەنانەت ئەگەر زۆر سادەش بێت دەتوانێت خانمەکە بێزار بکات، و حاڵەتی دڵتێکچوونی ۲٤ کاتژمێری دەتوانێت خانمان بەتەواوی هیلاک و ماندوو بکات، ئەگەر هەمیشە بەردەوام بوو ئەوا پەیوەندی بە پزیشکەوە بکەن.

هۆکارەکانی دڵتێکچوون و ڕشانەوە لە ماوەی دووگیانی

هیچ کەسێک بەتەواوی هۆکارەکە نازانێت بەڵام دەکرێت هۆکارەکە ئەو گۆڕانکاریانە بێت کە لە جەستەدا ڕوودەدات لە ماوەی دووگیانیدا:

١- هۆڕمۆنی(Human chorionic gonadotropin) 

ئەم هۆڕمۆنە لەماوەی دووگیانیدا بە خێرایی زیاد دەکات، هیچ کەسێک کاریگەری ئەم هۆڕمۆنه نازانێت لە حاڵەتی دڵتێکچووندا، بەڵام گوومان دەکرێت کە زۆرینەی حاڵەتەکانی دڵتێکچوون پەیوەندی بەم هۆڕمۆنەوە هەیە هەر بۆیە لەم کاتەدا حاڵەتی دڵتێکچوون و ڕێژەی ئەم هۆڕمۆنە پێکەوە زیاد دەکەن، ئەو خانمانەشی کە دووگیانن بە منداڵێک زیاترەوە حاڵەتی دڵتێکچوون تێیاندا زیاترە.

٢- هۆڕمۆنی ئیستڕۆجین

ئەم هۆڕمۆنەش کە لە سەرەتاکانی دووگیانیدا زۆر بە خێرایی بەرز دەبێتەوە دەتوانێت هۆکارێکی تر بێت بۆ دڵتێکچوون

٣- بوونی هەستیاری بە بۆن و شت

لە خانمانی دووگیاندا بۆنکردنی بۆنی لەفەیەک لە مەودایەکی دوورەوە شتێکی زۆر نائاسایی نییە، هەندێک لە عەترەکانیش دەبنە هۆی دڵتێکچوون هەندێک دەڵێن ئەم تێکچوون به بۆنە لەوانەیە هۆکاری بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنی ئیستڕۆجین بێت بەڵام لەم بارەیەوە دڵنیا نین

٤- ناڕەحتی گەدە

کۆئەندامی هەرسی هەندێک لە خانمەکان، لەبەر ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە جەستەیاندا ڕوودەدات هەستیار دەبێت
هەندێک لێکۆڵینەوە دەڵێن کە ئەو خانمانەی لەگەدەیاندا بەکتریای (Helicobacter pylori)ـی هەیە تووشی دڵتێکچوونی توند و درێژ خایەن دەبن.

لێکۆڵینەوەکان ئەوەشیان ڕاگەیاندووە کە خانمەکان لە ڕوانگەی دەرونناسییەوە بە هۆکاری بەرپەرچدانەوەی زۆر نائاسایی و قەلەقی و زووتر لەکاتی خۆی تووشی دڵتێکچوون دەبن، هەڵبەتە ئەگەریش بەردەوام دڵتێکچوون و ڕشانەوەت هەبێت زیاتر قەلەقتر دەبیت.


سەرچاوەکان



2810 بینین