سەیرکردنی پیاو بۆ ئافرەتی بێگانە

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-06-01:13:00 - کۆدی بابەت: 4198
سەیرکردنی پیاو بۆ ئافرەتی بێگانە

ناوه‌ڕۆك

سەیرکردنی ئافرەتی بێگانە لەلایەن پیاوەوە

بۆچوونی شافعیەکان

حەرامە پیاوی پێگەشتوو سەیری بەدەنی ئافرەتێکی پیری ئازاد بکات، بێجگە لە دەست و دەم و چاوی، لە کاتی بوونی فیتنە تەنانەت نابێت دەست و دەم و چاویشی بەدەرەوە بێت، لەبەر ئەوە نییە کەوا ئەو دوو شوێنە عەورەتن بەڵکو لەبەر فیتنە و جوڵاندنی شەهوەیە.

بۆچوونی حەنەفیەکان

دروست نییە سەیرکردنی بەدنی ئافرەتی بێگانە، بێجگە لە دەست و دەم و چاو و قاچ، بەمەرجێک ئەو سەیرکردنە شەهوەتی لەگەڵ نەبێت.

لای حەنبەلیەکان

لە کتێبی (المغنی) ئیبن قودامەدا هاتووە بۆچوونی ئیمامی ئەحمەد وایە کەوا هەموو بەدەنی ئافرەت عەورەتە و سەیرکردنی دروست نییە، قازی دەڵێت حەرامە سەیرکردنی تەنها دەست و دەم و چاو نەبێت، ئەو سەیرکردنەش دەبێ بەبێ شەهوە بێت و کاتی بوونی فیتنە نەبێت.

بۆچوونی مالکیەکان

سەیرکردنی دەم و چاوی ئافرەتی بێگانە حەرام نییە، ئەگەر پێویستیش نەبوو ئەو سەیرکردنە ئەوا مەکروهە، ئەگەر ترسی شەهوەی هەبوو نابێت سەیری بکات، واتە سەیرکردنەکە پەیوەستە بەوەی شەهوەی لەگەڵ نەبێت.

بۆچوونی شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیە

سەیرکردنە بەبێ هۆیەکە شەرعی دروست نیە، سەیرکردنیش دەبێ بەبێ شەهوە بێت تاوەکو پێشگری فەساد بکرێت، چونکە تەماشا کردن سەر دەبات بۆ مەحزوری شەرعی.

ئەوەی لەلای ئێمە پەسەندە

دوور کەوتنەوە لە سەیرکردنی ئافرەتی بێگانە مەگەر بۆ پێویستیەک بێت، کاتی فیتنەش نەبێت، ئەوە پاکترە بۆ هەردووکیان، دوورکەوتنەوەیە لە بزواندنی شەهوە و ئەنجامەکانی تری کە بەدواوەن، خوای گەورە چاوداگرتنی بۆ پیاوان بە پێش خستووە، هەروەک فەرموویەتی (قال للمؤمینین یغضوأ من أبصرهم و یحفظوا فروجهمـ) النور ٣٠.

هەستەکانی مرۆڤ وەک دەرگایەک وان، کە لە ڕێگەیانەوە ڕووداوەکانی دەوروبەر دەچێتە ناو لەش و مێشکمان، هەر بۆیە سیفەت و کەسایەتی هەر کەسێک تا ڕادەیەکی زۆر بەندە بە دەوروبەر، چونکە ئەو نامانەی کە مێشک لە دەوروبەر وەریان دەگرێت کاریگەری زۆریان هەیە لەسەر دروست بوون و گەشەی مێشک، گرنگتینی ئەو هەستانەش بریتیە لە بینین،

چاو خۆشی و لەزەت زۆر وەردەگرێت بە بینینی ئافرەتی جوان، هەروەک چۆن گوێ بە دەنگی خۆش لەزەت وەردەگرێت، سەیرکردن بە چاوی شەهوە یەکەمین و گەورەترین و ترسناکترین فیتنەی نەفسی ئادەمیزادە، هەر لەو ڕێگەیەوە دڵ هەست بە شەوق و ئارەزوو دەکات بۆ جوڵە و بەیەک گەشتن، هەربۆیە پێغەمبەری پێشەوا (د.خ) سەیرکردنی بە زینای چاو داناوە، دەڵێت (چاوەکان زینا دەکەن، زینای چاویش بریتییە لە سەیرکردن، دەستەکان زینا دەکەن، زیناکەیان بریتییە لەدەست وەشاندن بە ناحەق، فەرج و عەورەت ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێت یان بە درۆی دەخاتەوە)، هەر لەبەرئەوە بوو پێغەمبەری خودا (د.خ) بە ئیمامی عەلی سەلامی خودای لێبێت فەرموو (ئەی عەلی سەیرکردنەکانت یەک لەدوای یەک نەبێت، چونکە یەکەمت بۆ هەیە بەڵام ئەوانی تر لەسەرت دەنوسرێت) (یا علی لا تتبع النظرة، فإن للک الأولی و لیس للک الثانیة).
ئیمامی زەمەخشەری دەڵێت (خودای گەورە بۆ پاراستن، چاوی خستووەتە پێش فەرج، چونکە سەیرکردن هەر وەک دەڵێن چاو پۆستەی زینایە، سەرمەشقی خراپەیە، کێشەکانی گەورە و توندە، بە ئاسانی ناتوانرێت خۆتی لێ بپارێزیت.


سەرچاوەکان



4285 بینین