سوود و زیانەکانی خواردنی گۆشتی سوور

له‌لایه‌ن: - محەمەد حیكمەت - به‌روار: 2021-04-11-00:58:00 - کۆدی بابەت: 4370
سوود و زیانەکانی خواردنی گۆشتی سوور
زانیاری هەمەڕەنگی خۆراک

بەشێوەیەکی گشتی گۆشتی سوور لە چەندین ماددەی خۆراکی وەک چەوری پڕۆتین و ڤیتامین پێکهاتووە کە پێویستن بۆ بنیاتنانی جەستە

ناوه‌ڕۆك

گۆشتی سوور

گۆشتی سوور هەموو ئەو گۆشتانە دەگرێتەوە کە لە ئاژەڵە شیردەرەکانی وەک مەڕ و بزن و مانگاوە وەردەگیرێن، هەندێک لە خێزانەکان گۆشتی سوور وەکو ژەمێکی سەرەکی ڕۆژانە بەکاردێنن، لە کاتێکدا گۆشتی سوور چەندین سوودی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتدا دەکرێت ببێتە هۆی نەخۆشی و کێشەی تەندرووستی گەورە دروست بکات، بۆیە لە بەرامبەردا گۆڕینێکی لەبەرچاو دەبینرێت لە جیهاندا بۆ خۆراکە ڕووەکیەکان، لەم وتارەدا چەند ئاماژەیەک بە سوود و زیانەکانی گۆشتی سوور دەکەین.

ئەو ماددە خۆراکیەکانی لە گۆشتی سووردا بوونیان هەیە

بەشێوەیەکی گشتی گۆشتی سوور لە چەندین ماددەی خۆراکی وەک چەوری پڕۆتین و ڤیتامین پێکهاتووە کە پێویستن بۆ بنیاتنانی جەستە و کارکردنی ئاسایی خانە و شانەکان، ئەم ڕێژەیە لە ماددە خۆراکیانە لە ١٠٠ گرامی گۆشتی سوور کە لە %10 چەوری بێتدا هەیە :

- ٢١٧ کالۆری.
- %٦١ ئاو.
- ٢٦.١ گرام پڕۆتین
- کاربۆهیدرات.
- ڕیشاڵ.
- ١١.٨ گرام چەوری.

سوودەکانی خواردنی گۆشتی سوور

گۆشتی سوور بەو ماددە خۆراکیانەی کە هەیەتی دەتوانێت سوودێکی زۆری هەبێت بۆ هەموو کۆمەڵگە، بەتایبەت منداڵان و گەنجان و ئەو ژنانەی دووگیانن، هەروەها  ئاسن لە گۆشتی سووردا هەیە، کە لەلایەن جەستەوە بە ئاسانی وەرگیرێت و لە پاراستنی ڕێژەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن یارمەتی دەر بێت، لەلایەکی دیشەوە بوونی ڤیتامین دوازدە لە گۆشتی سووردا یارمەتیدەر دەبێت لە درووستکردنی دی ئێن ئەی و پاراستنی تەندروستی مێشک و جەستە. خواردنی گۆشتی سوور یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سیستەمی بەرگری جەستە بەهۆی بوونی بڕێکی باش زینک تێیدا.

لە بنیاتنانی جەستەشدا خواردنی گۆشتی سوور ڕۆڵێکی بەرچاوی دەبێت، بەهۆی بوونی پڕۆتین و دابینکردنی بڕێکی باش لە کالۆری. وەک لێکۆڵەری خۆراکی شالین ماکنیل دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی ژەمەکان، خواردنی هەر ١٠٠ گرام گۆشتێکی سوور، بڕێکی باش کالۆری بۆ جەستەی مرۆڤ دابین دەکات و ١٠ جۆر لە ماددەی خۆراکی بۆ جەستە دابین دەکات.

زیانەکانی خواردنی گۆشتی سوور

گۆشتی سوور لەگەڵ ئەوەی سوودی زۆرە، زیانیشی هەیە بەهۆی بوونی هەردوو چەوڕی چڕ و سووک، بۆیە بڕێکی زۆر لە خەڵکی بەیەکجاری وازیان لە گۆشت هێناوە و بوونەتە ڕووەکی، ئەمانەی خوارەوە لە گرنگترین ئەو هۆکارانەن کە خەڵکی بەهۆیەوە لە گۆشت دوور دەکەوێتەوە :

1- خواردنی گۆشتی سوور دەبێتە هۆی ڕەقبوونی لولەکانی خوێن: بەپێی توێژینەوەیەکی گۆڤاری پزیشکی سرووشت، گۆشتی سوور لە پێکهاتەکەیدا ماددەیەک هەیە بەناوی کارنتین کە دەبێتە هۆی ڕەقبوونی لوولەکانی خوێن، هەروەها بەپێی هەمان توێژینەوە کە لەسەر ٢٥٠٠ کەسی ڕووەکی و ئەو کەسانەی گۆشتی سوور دەخۆن ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە گۆشتی سوور مەترسی تووشبوون بە نەخۆشیەکانی دڵ و خوێن زیاتر دەکات.

2- مەترسی تووشبوون بە بەکتریای ڕیخۆڵە : ئەو هۆکارانە دەبنە هۆی درووستبوونی بەکتریای ڕیخۆڵە بریتین لە شیر و سرکەی تێکچوو لەگەڵ گۆشتی خراپ، لەبەرئەوەی هەر بێرگەرێک لە تێکەڵەی گۆشتی ١٠ بۆ ١٠٠٠ مانگا پێکهاتووە، ئەوا مەترسی تووشبوون بەم باکتریایە زیاتر دەکات. وەک دکتۆر شمیدت دەڵی کە تاکە ڕێگە ئەوەیە بزانین سەرچاوەی گۆشتەکە لەکوێبووە و چۆن بەدەستهاتووە، لەبەرئەوەی باکتریای ڕیخۆڵە مەترسی بوونە هۆی وشکبوونەوەی ڕیخۆڵەکان و پەکخستنی گورچیلە هەیە.

3- مەترسی توشبوون بە جۆری دووەمی شەکرە : بە پێی توێژینەوەیەکی گۆڤاری جاما بۆ نەخۆشیەکانی هەناوی خواردنی گۆشتی سوور مەترسی توشبوون بە جۆری دووەمی شەکرە زیاد دەکات، وەک توێژیینەوەکە ئاماژەی پێداوە، کە خواردنی ڕۆژانەی ٥٢ گرام لە گۆشتی ئامادەکراوی سجووق یاخود گۆشتی بەراز، دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە داهاتودا سەدا ١٩ و ٥١ بەرزبکاتەوە. 

4- گۆشتی سوور پڕە لە هۆرمۆنی زەرەرمەند : ئەو هۆرمۆنانەی زیاد دەکرێن بۆ گۆشتی سوور، مەترسی توشبوون بە شێرپەنجەی مەمکەکان زیاد دەکات، وەک لە توێژینەوەیەکی گۆڤاری نەخۆشیەکانی هەناویدا بڵاوکراوەتەوە کە تێدا ٩٠٠٠٠ ژن بەشداربوون تێیدا، دەرکەوتووە ئەو ژنانەی کە ڕۆژانە ١٧٠ گرام گۆشتی پڕ هۆرمۆنیان خواردووە مەترسی توشبوونیان بە شێرپەنجەی مەمکەکان دووهێندەی ئەو ژنانەیە کە هەفتانە ٨٥ گرام هەمان جۆر گۆشتیان  خواردووە. لێکۆڵەرەکان ئاماژە بەوە دەدەن لەوانەیە هۆکاری ئەم توشبوونە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هۆرمۆنەکانی ناو گۆشتەکە لە جێگەی هۆرمۆنەکانی ناو جەستە خۆیان دەبەستنەوە بە وەرگرەکانی خانەکانەوە و دەبنە هۆی دروستبوونی خانە ژێرپەنجەییەکان.


سەرچاوەکان



2865 بینین