نیشانەکانی منداڵبوونی سروشتی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-04-14-15:32:00 - کۆدی بابەت: 4493
نیشانەکانی منداڵبوونی سروشتی

ناوه‌ڕۆك

نیشانەکانی منداڵبوونی سروشتی چین؟

منداڵبوونی سروشتی بە نیشانەی تایبەتی خۆی دەست پێ دەکات، لە مانگەکانی کۆتایی دووگیانیدا دەبێت ئاگاداری ئەم نیشانانە بن.

کە بۆ یەکەم جار دەزانیت دووگیان بوویت بێگوومان نیگەرانی منداڵبوونەکەیت، و لەوانەیە هەر گرژبونێکی منداڵدان بەرەو نەخۆشخانەت ببات چونکە ئاگادار نەبیت بە نیشانەکانی منداڵبوونی سروشتی، بە هۆکاری گرژبوونی ماسولکەکانی منداڵدان و فشار لەسەر ملی منداڵدان ژانی منداڵبوون دەست پێ دەکات، ئەگەر بڕیارت داوە کە بە شێوەیەکی سروشتی منداڵت ببێت و لە کۆتایی کاتی دووگیانیەکەتدایت باشترە نیشانەکانی منداڵبوونی سروشتی بزانیت و تا بتوانیت ژانی ڕاستی منداڵبوون جیابکەیتەوە لە ژانە درۆزنەکان.

نیشانەکانی دەستپێکردنی منداڵبوونی سروشتی

١- هاتنە خوارەوەی سک:

لە هەفتەکانی کۆتاییدا و نزیکی پڕۆسەی منداڵبوون، یەکەم نیشانە دەستپێدەکات بە هاتنە خوارەوەی سک واتە سەری منداڵەکە دێتە حەوزی دایکەکەوە، هەندێک لە ئافرەتان بە نزیکەیی دوو هەفتە پێش منداڵبوون هەست بەم نیشانەیە دەکەن، و هەندێکی تریان ئەسڵەن هەست ناکەن پێی

٢- کرانەوەی ملی منداڵدان:

ناسک بوونەوە و کرانەوەی ملی منداڵدان تەنانەت پێش ژانی منداڵبوون یەکێکی دیکەیە لە نیشانەکان، منداڵدانی دایک پێش کرانەوەی لە هەفتەکانی پێش منداڵبوونی، دەست دەکات بە ناسک بوونەوەی، ئەم ناسک بوونەوەیە یارمەتی ملی منداڵدان دەدات تا بکرێتەوە هەڵبەتە ئەم نیشانەیە دەبێت بە پشکنین لەلایەن پزیشکەوە دەربکەوێت

٣- بینینی پەڵە خوێن یاخود پەڵەی قاوەیی:

لەکاتی دووگیانیدا بۆ پاراستنی سەلامەتی منداڵەکە و ڕێگریکردن لە هەوکردن، ملی منداڵدان بەشێوەیەکی ئاسایی دادەخرێت، بەڵام بە نزیک بوونەوەی کاتی منداڵبوون و کرانەوەی ملی منداڵدان، و لینجاوی ناو منداڵدان کەم کەم دێتە خوارەوە، ئەگەری هەیە ئەم لینجاوانە لەگەڵ پەڵەی خوێندا ببینرێن.

٤- دڕانی کیسەی ئاو:

دڕانی کیسەی ئاو و هاتنە خوارەوەی (Amniotic fluid) شلەی ئەمنیۆتیک لە جەستەی دایکەکەوە یەکێکە لە نیشانەکانی منداڵبوون، هەڵبەتە ئەم هاتنە خوارەوەی ئاوەکە وردە وردە دەبێت و بەیەکجار هەمووی نایەتە خوارەوە چونکە سەری منداڵەکە ڕێگری دەکات بێتە خوارەوە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەگەریشی هەیە ئەم شێداربوون و تەڕبوونت پەیوەندی بە گۆڕانی هۆڕمۆنەکانەوە هەبێت لە کۆتاییەکانی ماوەی دووگیانیدا کە دەبێتە هۆی شێدارکردنی ناوچەی حەوز و دامێن.

٥- سکچوون و دڵتێکچوون:

لە ڕۆژەکانی کۆتایی دووگیانیدا و دەستپێکی منداڵبوون، جەستە هەڵدەستێت بە دەردانی ماددەیەکی لینجی ترش وەک (prostaglandins) پڕۆستاگلاندین، ئەم ماددە هۆڕمۆنیە دەبێتە هۆی گرژبوونی منداڵدان و کە یارمەتی نەرم بوون و کرانەوەی ملی منداڵدان دەکات، هەڵبەتە ترشی ئەم ماددەیە ئەگەری هەیە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی گۆڕانی ڕیخۆڵەکان و لە هەندێک کاتیشدا تووشی سکچوون ببیت.

٦- قەلەقی و نائارامی و وزەی زۆر پێش منداڵبوون:

ماوەی دووگیانی ماندوویەتی زۆری لەگەڵە، بەڵام زۆرێک لە خانمان لە هەفتەکانی کۆتاییدا و پێش منداڵبوون وزەیەکی زۆریان هەیە و قەلەق و نائارامن، زیاتر خەریکی ئامادەکردنی کەلوپەلی منداڵ و خۆ ئامادەکردنن.

٧- ئازاری پشت:

زۆرینەی خانمان لە تەواوی ماوەی دووگیانیدا ئازار دەکێشن بە هۆی ئازاری پشتییانەوە، لە نزیکی ماوەی منداڵبووندا بە بوونی ئازارێک لە سکدا پشتیش دەکەوێتە ژێر کاریگەری و ئازاری دەبێت، ئازاری بەهێزی پشت یەکێکە لە نیشانەکانی منداڵبوون، بە دەستپێکردنی کاتی منداڵبوون لەناوچەی خوارەوەی پشتدا و ناوچەی حەوزیش تووشی فشار و ئازار دەبێتەوە.

٨- ئازاری پچڕ پچڕی سک:

گرژبوونی سک یەکێکە لە گرنگترین نیشانەکانی  ئامادەکاری بۆ منداڵبوون، ئەم جۆرە گرژبوونانە توند و بەردەوامن، لە کاتی جیاوازدا دێن و دەڕۆن، ئەم ئازارە پچڕ پچڕانە بە تێپەڕبوونی کات کەمتر دەبێتەوە و بەڵام توندی ئازارەکەی زیاتر دەبێت.

٩- زۆر میزکردن:

بە سووڕانی منداڵەکە و هاتنە خوارەوەی بۆ ناوچەی حەوز، دایکەکە لە هەموو کاتێک زیاتر هەستی میزکردنی بۆ دروست دەبێت، لەڕاستیدا بوونی سەری منداڵەکە لەو شوێنەدا و فشاری زۆر دەخاتە سەر میزەڵدانی دایکەکە و دایکەکە زیاتر میزی دێت وەک لە جاران.

١٠- سوکبوونی منداڵەکە لەناو منداڵداندا: 

بە هاتنە خوارەوەی منداڵەکە بۆ ناو حەوزی دایکەکە، دایکەکە هەست بە سووکبوونی زیاتر دەکات سوکبوونی سک پێش دوو هەفتە بۆ لەدایکبوونی منداڵەکە دەست پێ دەکات، هەڵبەتە ئەم هەستە لای هەموو دایکێک دروست نابێت.

پزیشکان دەڵێن کە دایکان لە کاتەکانی کۆتایی دووگیانیاندا باشترە لە ماڵەوە تەنها نەبن و بە بینینی هەر یەک لەم نیشانانە پەیوەندی بە پزیشکەوە بکات 

نیشانەکانی منداڵبوونی سروستی و دەستپێکردنی ژان

لەگەڵ ڕوودانی هەر یەکە لەمانەدا پەیوەندی بە پزیشکەوە بکە:

١- خوێنبەربوون لە دامێنەوە هەڵبەتە پەڵە خوێن نا بەڵکوو خوێنی زۆر.

٢- کەم بوونەوە یان وەستانی جوڵەی منداڵەکە، بەدڵنییایەوە چاودێری جوڵەی منداڵەکە بکە لە ڕۆژەکانی کۆتاییدا.

٣- تا، سەرئێشەی زۆر، گۆڕانکاری لە بینیندا، سک ئێشە.

بە بینینی نیشانەکانی دووگیانی چی بکەین؟

ئەگەر تووشی گرژبوون یان ئازارێکی زۆری سک بوون، ماوە و نێوانی ئەم ئازارانە لەبەربکە، ئەگەر ئەم جۆرە ئازارانە دووبارە بوونەوە ئەوا ئەم هەنگاوانەی خوارەوە ئەنجام بدەن:

١- پشوودان: واز لە کاروبارەکەت بێنە و کەمێک پشوو بدە، هاوسەرەکەت ئاگادار بکەرەوە تا لەکاتی پێویستدا بچنە نەخۆشخانە.

٢- خۆشۆردن بە ئاوی گەرم: خۆشۆردن بە ئاوی گەرم جگە لە باشکردنی لایەی دەروونی یارمەتیدەرێکە بۆ منداڵبوون بەڕێگای سروشتی.

٣- نەشڵەژان: مەشڵەژێن و خۆتان تێک مەدەن و تەنها ئاگاداربن لەوانەیە لەماوەی ئەم ئازارانەوە تاوەکوو کاتی منداڵبوونەکە چەند کاتژمێرێک بخایەنێت.

٤- خواردنەوەی ئاو و خواردنی باش: بە پێچەوانەی منداڵبوون بە نەشتەرگەری کە دەبێت گەدە خاڵی بێت، بۆ منداڵبوونی سروشتی وا باشترە کە ئاوی زۆر بخورێتەوە و بتوانیت شیشێک کەبابیش(خواردنێكی باش) بخۆیت چونکە بۆ کاتی منداڵبوون وزەی زۆر پێویستە.

٥- ڕێگا کردن: زوو زوو جارێک بەڕێگادا بڕۆن و دوو جار دانیشن ئەم کردارە زۆر گرنگە بۆ پێش منداڵبوون و کاریگەری باشی هەیە.


سەرچاوەکان



25912 بینین