لەعنەتکردنی مێرد بەهۆی زیناکردنی ژنەکەی - لعان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-14-04:21:00 - کۆدی بابەت: 4495
لەعنەتکردنی مێرد بەهۆی زیناکردنی ژنەکەی - لعان
حوکمە شەرعییەکان

باسی لەعنەتکردنی مێرد بەهۆی زیناکردنی ژنەکەی - لعان ، لەعنەتکردنی مێرد بەهۆی زیناکردنی ژنەکەی - لعان ، ئینسکلۆپیدیای زانیاری

ناوه‌ڕۆك

باسی لەعنەتکردنی مێرد بەهۆی زیناکردنی ژنەکەی - لعان

ئەم یاسایانە بۆ كاتێكە دەوڵەت ئیسلامی بێت و یاسا و دەستووری ئیسلامی پەیڕەو بكرێت

واتە لەعنەتکردنی مێرد بەهۆی زیناکردنی ژنەکەی بەو شێوەیەی باسی ئەکەین هەر کاتێک مێرد جنێو بداتە ژنی خۆی و ئابڕووی ببا پێی بڵێ زینات کردووە ئەو مێردە هەشتا شوڕکەدار دارکاری ئابڕووبردنی ئەکەوێتە سەر بەو مەرجەی ژنەکە لە ژیانیا هیچ جارێک زینای نەکردبێ کەواتە ئەبێ هەشتا داری لێبدرێ مەگەر مێردەکە چوار شاهید بێنێ کە ژنەکە جارێک زینای کردووە یان ژنەکە دان بنێ بەوەی کە زینای کردووە یان مێردەکە لەعنەت بکا بۆ ئەوەی دارکاری لەسەر لابچێ،

مێردەکە لە لەعنەتکردنیدا ئەڵێ لەلای قازی واتە ئەبێ قازی ئەو گفتوگۆیەیان پێ بڵێ و نابێ لەخۆیانەوە بیڵێن سوننەتە ژن و مێردەکە ببردرێنە ناو مزگەوت لەسەر مینبەر ڕابگیرێن کۆمەڵێک خەڵک لەوێ ئامادە بن ئینجا لە پێشدا قازی فەرمان ئەدا مێردەکە بڵێ (أشهد بالله إننی لمن الصادقین فیما رمیت به زوجتی فلانة من الزنا) شایەدی ئەدەم سوێندم بە خوا من ڕاست ئەکەم کە بە فڵانە ژنی خۆم گوت زینات کردووە، ئینجا ئەگەر ژنەکە لە زینا منداڵی بووبێ یان دووگیان بووبێ واجبە بڵێ وە ئەو منداڵەی ئێستا هەیەتی یان لە ناو زگیدایە منداڵی من نییە و هی زینایە ئەبێ چوار جار ئەو شاهدییە بڵێ.

هەروەها پێنجەمین جار ئەڵێ پاش ئەوەی قازی بە سزادانی قیامەت ئەیترسێنێ و پێی ئەڵێ لە خوا بترسە، درۆ مەکە سزای دۆزەخ توند و تیژترە لە هی دونیا جا ئەگەر مێردەکە دڵنیا بوو کە ڕاست ئەکا با بڵێ لەعنەتی خوام لێ بدا ئەگەر درۆ بکەم و بوختانم بە ژنەکەم کردبێ.

خوای گەورە فەرموویەتی (وَالَّذِينَ يَرْمُونَ أَزْوَاجَهُمْ وَلَمْ يَكُنْ لَهُمْ شُهَدَاءُ إِلا أَنْفُسُهُمْ فَشَهَادَةُ أَحَدِهِمْ أَرْبَعُ شَهَادَاتٍ بِاللَّهِ إِنَّهُ لَمِنَ الصَّادِقِينَ، وَالْخَامِسَةُ أَنَّ لَعْنَةَ اللَّهِ عَلَيْهِ إِنْ كَانَ مِنَ الْكَاذِبِينَ) ئەو پیاوانەی ئابڕووی ژنەکانیان ئەبەن و پێیان ئەڵێن زینات کردووە و جگە لە خۆیان هیچ شاهیدێکیان نەبوو با پیاوەکە چوار جار بە خۆی شایەدی بدا کە ڕاست ئەکا جاری پێنجەمیش بڵێ لەعنەتی خوام لێ بدا ئەگەر درۆ بکەم.

بڕیارە شەرعییەکان لەکاتی سەپاندنی تاوانەکە 

  1. دارکاری جنێوەکە لەسەر پیاوەکە لائەچێ.
  2. دارکاری یان بەربارانی زینا ئەکەوێتە سەر ژنەکە.
  3. مارەی ژنەکە لە مێردەکەی هەڵئەوەشێتەوە.
  4. منداڵەکەیش نابێتە هی مێردەکە، ئەگەر گۆتبی هی من نییە.
  5. ژنەکەش بە یەکجاری لە مێردەکە حەرام ئەبێ ئەگەر مێردێکی تریش بکا هەر لێی حەڵاڵ نابێتەوە (عن عمر وسهل بن سعد -رضي الله عنهما-: مضت السنة أن یفرق بین المتلاعنین ولا یجتمعان أبدا) رواه أبوداود والبیهقی، شەریعەتی پێغەمبەر ﷺ وای بڕیار داوە ژن و مێردی لەعنەتچی لێک جیا بکرێنەوە و تا ماون بەیەکەوە کۆ نەبنەوە (وعن سهل بن سعد -رضي الله عنه-: أن النبی ﷺ فرق بین المتلاعنین وأحق الولد بالمرأة) رواه الشیخان پێغەمبەر ﷺ لە دوای لەعنەتکردن ژن و مێردەکەی لێک جیاکردنەوە و منداڵەکەیشی دایە ژنەکە.

دارکاری و بەردبارانکردنی زینا لەسەر ژنەکە لائەچێ بەوەی ئەویش لەعنەت بکا واتە لە دوای کۆتایی لەعنەتی مێردەکە قازی بە ژنەکەش ئەڵێ وەرە تۆش لەعنەت بکە ئینجا ژنەکەیش ئەڵێ شایەدی ئەدەم سوێندم بە خوا ئەو مێردەی من کە فڵانە درۆ ئەکا لەو جنێوەی کە بە منی گوتووە زینات کردووە چوار جار ئەو شایەدییە ئەدا.
ئینجا جاری پێنجەم ژنەکە ئەڵێ پاش ئەوەی قازی بە سزای دۆزەخ ئەیترسێنێ وەکو گوتمان غەزەبی خوا بمگرێ ئەگەر مێردەکەم ڕاست بکا لەو ئابڕووبردنەی من خوای گەورە فەرموویەتی: (وَيَدْرَأُ عَنْهَا الْعَذَابَ أَن تَشْهَدَ أَرْبَعَ شَهَادَاتٍ بِاللَّهِ ۙ إِنَّهُ لَمِنَ الْكَاذِبِينَ، وَالْخَامِسَةَ أَنَّ غَضَبَ اللَّهِ عَلَيْهَا إِنْ كَانَ مِنَ الصَّادِقِينَ) سزای زینا لەسەر ژنەکە لائەدرێ بەوەی چوار جار شایەدی بدا کە مێردەکەی درۆ ئەکا و جاری پێنجەم بڵێ خوا غەزەبم لێ بگرێ ئەگەر مێردەکەم ڕاست بکا.

ئەگەر مێردەکە ناوی ئەو پیاوەی هێنابوو کە زینای لەگەڵ ژنەکەیدا کردووە ئەبێ لەهەر چوار شایەدییەکاندا ناوی پیاوەکەش بڵێتەوە بۆ ئەوەی دارکاری و ئابڕووبردنی ئەویشی لەسەر لابچێ ئینجا بزانە ڕستەکانی لەعنەتکردن بە هەر زمانێک بگوترێن دروستە.

پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی (أیما إمرأة أدخلت علی قوم من لیس منهم فلیست من الله فی شيء ولن یدخلها الله جنته، وأیما رجل جحد ولده وهو ینظر إلیه إحتجب الله عنه وفضحه علی رؤوس الأولین والآخرین) رواه ابن حبان وغیره هەر ئافرەتێک منداڵێک بکاتە هی پیاوێک منداڵەکەیش هی ئەو نەبێ ئەو ئافرەتە لەبەر ئەوەی گوناهێکی گەورەی کردووە لەلای خوا هیچ ڕێزی لێ ناندرێ و خوا نایباتە بەهەشت وە هەر پیاوێک بە منداڵی خۆی بڵێ هی من نییە بشزانێ منداڵەکە هی خۆیەتی خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەت خۆی لێ دائەپۆشێ و ڕوو ڕەشی ئەکا لە بەردەم هەموو خەڵک.


سەرچاوەکان



411 بینین