تەزووی کارەبا و وزەی کارەبا

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-15-01:03:00 - کۆدی بابەت: 4503
تەزووی کارەبا و وزەی کارەبا

ناوه‌ڕۆك

وزەی كارەبا

وزەی کارەبا بریتییە لە وزەت بارگەکانی کارەبا لە زۆربەی ئەو ئامێرانەی کە وزەی کارەبا بەکاردێنن بارگەی کارەبا بە ناو تەلی گەیەنەردا تێپەڕ دەبێت. هەروەها بە جووڵەی بارگەکان کە ڕوودەدات پێی دەوترێ تەزووی کارەبا.

توندی تەزووی کارەبا

توندی تەزووی کارەبا بریتییە لە تێکڕایی کاتی تێپەڕبوونی بارگە کارەباییەکان بە پانە بڕگەی گەیەنەرێکدا، هەتا توندی تەزوو زیاتر بێت بڕی بارگەی تێپەڕ بوو بە بڕگەی گەیەنەرێکدا لە یەک چرکەدا زیاتر دەبێت. پێوانی توندی تەزووی کارەبا بریتییە لە ئەمپێر وە بە هێمای (A) دیاری دەکرێت. هێمای (I) بۆ دیاری کردنی توندی تەزووی کارەبا لە هاوکێشەکاندا بەکاردەهێنرێت.

جووڵانی بارگە

لە کاتێکدا سویچی لایتێکی دەستی دادەگیرسێت دەستبەجێ گڵۆپەکە دادەگیرسێت. ئەمەی روودەدات لە ئەنجامی دروستبوونی بوارێکی کارەبا وە بە خێراییەک کە نزیکە لە خێرایی ڕووناکی بە ناو هەموو تەلەدا کە بە گڵۆپەکە گەیەنراوە، ئەم بوارە کاردەکاتە سەر ئەلیکترۆنە سەربەستەکانی ناو تەلەکە و بە هێزێکی کارەبایی پاڵیان پێوە دەنێت و هەموویان پێکەوە دەست بە جووڵە دەکەن.

دەست بەسەرداگرتنی جووڵەی ئەلیکترۆن

بواری کارەبا وەک ڕابەڕێکە، ئەلیکترۆنەکان پابەندی فرمانەکانی دەبن و ڕاستەوخۆ جێبەجێدەکەن پێی هەڵدەستن لە ئەنجامدا گڵۆپەکە یەکسەر ڕووناکی دەدات. بەو شێوەیە تەزووی کارەبا دروست دەبێت کە بە خێرایی گڵۆپەکان دادەگیرسێت هەرچەندە ئەلیکترۆنەکان زۆر ‌هێواش دەجووڵێن لە ڕآستیدا ئەو ئەلیکترۆنانە پێویستیان بە یەک کاتژمێر هەیە بۆ ئەوەی یەک مەتر لە تەلەکە ببڕن.

تەزووی گۆڕاو و تەزووی نەگۆڕ

دوو جۆر تەزووی کارەبا هەیە کە بریتین لە تەزووی نەگۆر (DC) و تەزووی گۆڕاو (نۆرەکی) (AC). بۆ نموونە کاتێک ئەلیکترۆنەکان بە یەک ئاڕاستە دەجووڵێن کە ئەمەش تەزووی نەگۆڕە، بەڵآم تەزووی گۆڕاو ئەلیکترۆنەکانی بە ئاڕاستەیەک دەجووڵێت لە پاشدا دەوەستێت و بە ئاڕاستەیەکی پێچەوانە دەست دەکاتەوە بە جووڵە و بەو شێوەیە دووبارە دەبێتەوە ئەو تەزووە کارەبایەی لە پاتری کامێراكانەوە دەردەچێت تەزوویەکی نەگۆڕە، بەڵآم ئەو تەزووە کارەباییەی دێتە ماڵەکانەوە زۆربەی ئامێرەکانی ناو ماڵی پێ کاردەکات تەزوویەکی گۆڕاوە وە ئەو تەزووەی لە کوردستان و عێراق دا بەکاردەهێنرێت لە یەک چرکەدا ١٠٠ جار ئاڕاستەکەی دەگۆڕێت. هەردوو جۆرە تەزووەکە وزەی کارەبایی دابین دەکەن، ئەگەر گڵۆپی لایتیکی دەستی بە پاتریەکەوە ببەستیت دادەگیرسێت هەروەها دەتوانیت گڵۆپی ماڵآن دابگیرسێنیت بە گەیاندنی بە سەرچاوەیەکەی تەزووی گۆڕاوەوە.

جیاوازی ئەرک

ئەوەی هەوڵی جووڵاندنی بارگەی کارەبا دەدات لە سووڕە کارەباییەکاندا بریتییە لە جیاوازی ئەرکی نێوان دوو خاڵی سوڕە کارەباییەکە. یەکەی پێوانی جیاوازی ئەرکی کارەبا بریتییە لە ڤۆلت وە هێمای (V) بۆی دادەنرێت وە ئەو هێمایەی بۆ جیاوازی ئەرک بەکاردەهێنرێت لە هاوکێشەکاندا بریتییە لە (V).

جیاوازی ئەرک و وزە

جیاوازی ئەرک بریتییە لە بڕی ئەو ئیشەی کە پێویستە بکرێت بۆ جووڵاندنی یەکەی بارگەی کارەبا لە نێوان دوو خاڵدا، یان بریتییە لەو وزەیەی کە لە یەکەی بارگەی کارەباوە دەست دەکەوێت کاتێک لە نێوان دوو خاڵی ڕێڕەوی تەزووی کارەبادا دەجووڵێت، وە تا جیاوازی ئەرک زیاتر بێت ئەو وزەیەی کە یەکەی بارگە دەیدات زیاتر دەبێت.

جیاوازی ئەرک و توندی کارەبا

هەتا جیاوازی ئەرکی کارەبا لە نێوان دوو خاڵی تەلێکدا هەبێت ئەوا بارگەی کارەبا تیایدا دەجوڵێت. بۆیە توندی تەزووی کارەبا لە تەلێکدا دەوەستێتە سەر جیاوازی ئەرک، هەرچەندە ئەرک زیاتر بێت. توندی تەزوو زیاتر دەبێت، وە زیادبوونی توندی تەزوو بە مانای ئەوە دێت کە بڕێکی زیاتر لە بارگەی کارەبا بە تەلەکەدا تێپەڕ دەبێت لە چرکەیەکدا.

بەرگری کارەبا

توندی تەزووی کارەبا تەنها پەیوەندی بە جیاوازی ئەرکەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بە بەرگریشەوە هەیە، بەرگری بریتییە لەو بەرهەڵستیەی کە تووشی تێپەڕبوونی بارگەی کارەبا دەبێت. وە بە یەکەیەک دەپێورێت کە پێی دەوترێ (ئۆم) وە هێمای (Ω)ـی بۆ دادەنرێت و لە هاوکێشەکاندا هێمای (R) بۆ بەرگری دادەنرێت.

ئەتوانرێ بەرگری بە لێكخشاندنی کارەبایی دابنرێت کە هەتا بەرگری ماددەیەک زیاتر بێت توندی تەزووی کارەبا تیایدا کەمتر دەبێت. وە بە کەمبوونی بەرگری توندی تەزوو زیاد دەکات بە مەرجێک جیاوازی ئەرک بە نەگۆڕێ بمێنێتەوە، بەرگری تەنێک دەوەستێتە سەر جۆری ماددە و ئەستووری و درێژی و پلەی گەرمی تەنەکە.

بەرگری و جۆری ماددە

گەیەنەری باش وەک مس بەرگرییەکەی بچووکە کەچی ئەو گەیەنەرانەی گەیاندنیان کەمترە وەک ئاسن بەرگییەکەی کەمێک لەو زیاترە، بەڵآم بەرگری نەگەیەنەرەکان زۆر گەورەیە، بە جۆرێک بارگەی کارەبا ناتوانێت بە ناویدا بگوێزرێتەوە. ئەو ماددانەی کە بەرگرییەکانیان کەمە بۆ نموونە وەک مس بۆ دروستکردنی تەلی کارەبا بەکاردەهێنرێت. هەندێ جار سوود لەو تەنانەش وەردەگرێت کە بەرگریان زۆرە، بۆ نموونە ئەو بەرگریە زۆرەی دەزووکەی گڵۆپ هەیەتی دەبێتە هۆی گەرم بوونی و لە ئەنجامدا ڕووناکی لێ دەردەچێت.

بەرگری و پلەی گەرمی

بەرگری دەوەستێتە سەر پلەی گەرمیش بە شێوەیەکی گشتی بەرگری گەیەنەرەکان بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمییەکە زیاد دەکات. ئەمەش بە هۆی زیادبوونی خێرایی لەرینەوەی گەردیلەکانەوە ڕوودەدات، لە کاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بەرهەڵستی بۆ تێپەڕبوونی بارگەی کارەبا زیاد دەکات. لە کاتێکدا کە پلەی گەرمی نزم دەبێتەوە جاری وا هەیە کە پلەی گەرمی ئێجگار نزم دەبێتەوە بەرگری هەندێک ماددە کەم دەبێتەوە تا نزیک دەبێت لە سفر ئۆم لەم کاتەدا بەو ماددانە دەوترێ تێرگەیەنەر. لە سوودەکانی تێرگەیەنەر ئەوەیە کە وزەیەکی زۆر تیایدا بە فیڕۆ ناڕوات کاتێک بارگە بە ناویدا تێپەڕ دەبێت بەڵام بەرامبەر بەمە ئەم تێرگەیەنەرانە پێویستیان بە وزەیەکی زۆر هەیە بۆ ساردکەرەوەیان، زاناکان لەوە دەکۆڵنەوە کە چۆن بتوانن ئەم تێرگەیەنەرانە بەکاربهێنن بۆ هەڵگرتن و خەزن و گوێزانەوەی وزەی کارەبا بێ ئەوەی هیچی لێ بە فیرۆ بڕوات.

بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا

تۆ دەزانیت کە ناتوانرێت وزە دروست بکرێت وە یان لە ناو ببرێت، بەڵام دەتوانرێت لە شێوەیەکەوە بگۆرێت بۆ شێوەیەکی تر، زۆر بابەت هەیە کە دەتوانرێت بە هۆیەوە گەلێک جۆر وزە بگۆڕێت بۆ وزەی کارەبایی بۆ نموونە دینەمۆی کارەبا جووڵە وزە دەگۆڕێت بۆ وزەی کارەبا وە خانەی کارەبا وزەی کیمیایی دەگۆرێت بۆ وزەی کارەبا، پاتری پاتری پێک هاتووە لە چەند خانەیەکی کارەبایی.

بەشەکانی خانەی كارەبایی

هەموو خانەیەک پێک هاتووە لە تێکەڵەیەک لە چەند ماددەی کیمایی کە گەیەنەربێت بۆ تەزووی کارەبا و پێی دەوترێ گیراوەی (ئەلیکترۆنی). وە هەموو خانەیەک دوو جەمسەری تێدایە کە لە گەیەنەر پێک هاتووە و لە ناو گیراوەکەدا نوقم کراون، جەمسەر بەشێکی خانەیە کە بارگەی کارەبایی لێوە دەردەچێت یان وەری دەگرێت، گۆڕانە کیمیاییەکان لە نێوان دوو جەمسەرەکە و گیراوە وادەکات وزەی کیمیایی بگۆڕێت بۆ وزەی کارەبایی.

جۆرەکانی خانەی کارەبایی

خانە کارەباییەکان بۆ دوو کۆمەڵ دابەش دەکرێن کە بریتین لە خانە وشکەکان و خانە شلەکان. خانەی شل بۆ نموونە وەک پاتری ئۆتۆمبێل گیراوەیەکی کارەبایی شلی تێدایە کە بریتییە لە ترشی گۆگردیک. دەتوانیت خانەیەکی کارەبایی دروست بکەیت بەوەی کە دوو شریتی کانزایی مس و تووتیا بچەقێنیە ناو لیمۆیەکی ترشەوە، ئەگەر ئەو دوو شریتە بە یەک بگەیەنرێت دەتوانرێت وزەیەکی کارەبامان دەست بکەوێت کە بەس بێت بۆ کارکردنی کاتژمێرێکی بچووک بەڵآم خانەی وشک وەکو ئەوەی کە لە ڕادیۆدا یان لە لایتی دەستیدا بەکاردەهێنرێت ماددە ئەلیکترۆلیتیەکەی ناوی بریتییە لە ماددەیەکەی ڕەق وە یان هەویرییە.


سەرچاوەکان

65 بینین