ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە میوانداریدا

له‌لایه‌ن: محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-15-02:38:00 - کۆدی بابەت: 4510
ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان لە میوانداریدا

ناوه‌ڕۆك

مسوڵمان لە میوانداریدا

ڕێزگرتنی میوان لەو فەرمانانەیە کە پێغەمبەری خوا د،خ داکۆکی لێ کردووە، لەگەڵ ئیمان بە خواو ڕۆژی دوایی جووت کردووە، وەک دەفەرموێ (من کان یؤمن باللە و الیوم الأخر فلیکوم ضیفة). واتە هەر کەسێ بڕوای بە خوا و بە ڕۆژی دوایی هەیە، با ڕێزی میوانەکەی بگرێت. میوانداریش چەند ئاداب و ئاکارێکی هەیە، پێویستە بابای مسوڵمان پیادەی بکات:

١. پێویستی و داواکارییەکانی میوان بەوپەڕی دڵخۆشییەوە بەجێ بهێنرێ.

٢. پێشوازی لە میوان بکرێ بە ڕوویەکی گەش و خەندەوە و بەخێرهاتنی بکرێ، هەروەها لە شوێنێکی گونجاو لە بار دابنرێ و شوێنی ئاودەستی پیشان بدرێ، بۆ نوستن و لە خەو هەڵسان، کاتی دیاریکراو دابنرێ، گەر ماڵ گونجاو نەبوو، ماڵەکە گچک و تەسک بوو، ئەو کاتە دەکرێ لە ئوتێل ژووری بۆ تەرخان بکرێ و بە کرێ بگیرێ. بابای میوانیش نابێ لە دڵی خۆی بگرێ، کە لە ئوتێل ژووری بۆ گیراوە چونکە هەموو کارێک بە پێی توانا و گونجانە (لا یکلف اللە نفسا إلا وسعها) نەک سەغڵەتی و زەحمەتی. لە ئیسلامدا نابێ مرۆڤ نە زیان بە خۆی نە بە خەڵکی تر بگەیەنێ (لا ضرر و لا ضرار).

٣. بابای میوان گەر لە ماڵی هاوڕێکەی مایەوە، پێویستە لەگەڵ بابای میواندار کاتی دەرچوونی دیاری بکات و لەگەڵی لەماڵ بچێتە دەرەوە، دیاریکردنی کاتیش بۆ ئەوەیە، تا میواندار لە کاتی خۆی دوانەخرێ، هەروا کاتی هاتنەوە ماڵیش دیاری بکەن نەبادا بابای میوان پێش میواندار بچێتەوە ماڵ.

٤. لە ئەدەب و ئاکاری مسوڵمان نییە، کە بابای میوان بە بێ ئیزن و مۆڵەتی خاوەن ماڵ لە ماڵ دەربچێت. شتێکی جوان نییە خاوەن ماڵ بچێتە ژووری میوان، کەچی بابای میوان بە بێ ئاگاداری ئەو دەرچووبێت.

٥. بابای میوان لە سێ ڕۆژ نەمێنێتەوە، نەبادا ببێتە مایەی بارگرانی و لە کارکردنی خاوەن ماڵ، پێغەمبەر د.خ دەفەرموێ (الضیافة ثلاثة أیام فما زاد فصدقة) واتە میوانداری سێ ڕۆژە، گەر لەوە زیاتربێ ئەوە خێرە. مەگەر خاوەن ماڵ سوور بێت لەسەر زیاتر مانەوەی میوان.

٦. نابێ خاوەن ماڵ ئیش بە میوان بکات، چونکە دەبێتە مایەی زەحمەت و ناخۆشی بۆ میوان، هەروا ئەمە ڕێز و ئەدەب نییە بەرامبەر بە میوان هەروا کارێکی ناجوامێرانەیە.

٧. لە ئەدەب و ڕێزگرتنی میوان ئەوەیە، کە بەو شێوازە قسەی لەگەڵ بکرێ، کە دڵی پێ خۆش ببێت، هەروا خۆشحاڵی بە هاتنی دەرببرێ و لە حاڵ و ئەحواڵی و کەس و کاری پرسیار بکرێ، هەروا لە بەردەمی میوان نابێ باسی دەستکورتی و نەداری بکرێ یان لە بەردەمی ئەودا نابێ خۆ لە منداڵ توڕە بکرێ، یان لە منداڵ بدرێ، نەبادا بە گومانی خۆش نەهاتنت ئەو لێک بداتەوە.

٨.  ڕێزگرتنی میوان لەلایەن خواردنەوە، بە پێی دارایی و هەبوونییە، نابێ لە توانا بەدەر خواردنی بۆ ئامادە بکرێ کە خاوەن ماڵ لەسەری قەرزار ببێتەوە، چونکە ئەسڵی مەبەست ڕووخۆشی و گوفتار جوانییە، لە ئیمامی ئەوزاعییان پرسی: ڕێزگرتنی میوان چییە؟ ئەویش گوتی، ڕووخۆشی و قسە خۆشییە، بەڵآم ئەگەر خاوەن ماڵ دارا بوو، با خواردنی باش بۆ میوان ئامادە بکات، بە بێ زیادەڕۆیی کردن.

٩. لە کاتی نان خواردن نابێ خاوەن ماڵ پێش میوان دەست لە نان خواردن هەڵبگرێ چونکە میوانەکە شەرم دایدەگرێ و ئەویش دەست هەڵدەگرێ کە هێشتا تێر نەبووە، گەر خاوەن ماڵ زوو تێر بوو، با خۆی بە کەوچکەکەیەوە بخافڵێنێ کە میوانە هەست بکات ئەو بەردەوامە لە نان خواردن. هەروەها دەبێ خاوەن ماڵ ئاگاداری میوان بێ خواردنی بۆ تێبکات نەبادا ئەو کەسە شەرم بکات، وەک لە فەرموودەی  پێغەمبەردا د.خ هاتووە، کە ئیبن عومەر گوتویەتی پێغەمبەری خوا د.خ  فەرموویەتی (إذا وضعت المائدة فلا يقوم رجل حتى ترفع المائدة , ولا يرفع يده , وإن شبع حتى يفرغ القوم , وليعذر ، فإن الرجل يخجل جليسه فيقبض يده ، وعسى أن يكون له في الطعام حاجة). واتە گەر سفرەی نان ڕاخرا بە هیچ کەسێک هەڵنەسێ هەتا سفرەکە هەڵدەگرن، با دەست لە نان هەڵنەگرێ ئەگەر چی تێریش بووبێ، هەتا میوانەکان لە خواردن دەبنەوە، با لە خواردنەکە کەمێک زیاتر بخۆن چونکە بە دەست هەڵگرتنی ئەو کەسەی کە لە  تەنیشتی دانیشتوە بە شەرم دادەخات و ئەویش دەست دەکێشێتەوە کە ڕەنگە هێشتا ماویەتی تێر ببێ.

١٠. پێش نان خواردن و لە کاتی نان خواردن باسی شتی وا نەکرێ کە میوان پێی ناخۆشە و بێزی لێ دەبێتەوە ئارەزووی پێی دەگیرێ وەک باس نەکردنی (نەخۆشی، ڕشانەوە، مشک و جرج و ... هتد).

١١. هەروەها لە ڕێزگرتنی میوان ئەوەیە کە بە خۆشحاڵیەوە بە گوتەی شیرین بەڕێ بکرێ و داوای گەردن ئازایی لێ بکرێ لە هەبوونی کەمتەرخەمی.


سەرچاوەکان

29 بینین