ناوهڕۆك
باسی سوێند خواردن
سوێند خواردن دانامەزرێ واتە هیچ سوێندێک لە شەرعدا بە سوێند داناندری تەنها ئەو سوێندە نەبێ کە بە زاتی خوای گەورە بێ وەک بڵێ (والله) ئەم کارە ئەکەم یان سوێندەکە بە ناوێکی تر بێ لە ناوەکانی خوای گەورە، وەک بڵێ بە (رب العلامین) یان بەو کەسەی گیانی منی بە دەستە ئەم کارە ناکەم یان سوێندەکە بە سیفەتێکی خوای گەورە بێ وەک بڵێ (بە گەورەیی خوا یان بە قورئان ئەم کارە دەکەم).
سوێند خواردن بە پێغەمبەر ﷺ و بە مزگەوت و بە سەری باوک و بە قەبری فڵان دانامەزرێ و ناپەسەندە بەڵام بە فەرموودەی ئیمامی (شافعي) دروست نییە و حەرامە (عن ابن عمر -رضە الله عنهما-: قال النبی ﷺ: ألا إن الله ینهاکم أن تحلفوا بابائکم، فمن کان حالفا فلیحلف بالله) رواه الشیخان پێغەمبەر ﷺ فەرمووی ئاگادار بن خوا قەدەغەی کردووە سوێند بە سەری باوکتان بخۆن هەر کەسێک بیەوێ سوێند بخوا تەنها با بە خوا سوێند بخوا هەر کەسێک سوێند بخوا بە کردنە خێری ماڵی خۆیان یان بە خواپەرستییەکی تر، وەک بە شێوەی تووڕەیی و ڕقەکاری بڵێ ئەگەر ئەم کارە بکەم لەسەرم بێ بۆ خوا ئەم بزنە بکەمە خێر یان بڵێ ئەگەر جارێکی تر هاتمە لات ڕۆژووەکم لەسەر بێ ئەو سوێندخۆرە سەرپشکە لە نێوان خێرکردنەکە یان خواپەرستییەکە وە لە نێوان کەففارەتی سوێند واتە یان بزنەکە بکاتە خێر یان کەففارەتی سوێند بدا (عن عقبة -رضە الله عنه-: عن النبی ﷺ: کفارة النذر کفارة یمین) رواه مسلم، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی کەففارەتی نەزر وەکو کەففارەتی سوێندە.
هیچ گوناهـ و هیچ کەففارەت ناکەوێتە سەر سوێند خۆرەکە لە سوێندخواردنی سەر زمان واتە سوێندەکە لە دڵەوە نەبێ وەک لە کاتی دەمەچەقە یان توڕەیی بڵێ (بەرێ والله)، یان بڵێ (نا والله) خوای گەورە فەرموویەتی (لَا يُؤَاخِذُكُمُ اللَّهُ بِاللَّغْوِ فِي أَيْمَانِكُمْ وَلَٰكِن يُؤَاخِذُكُم بِمَا عَقَّدتُّمُ الْأَيْمَانَ) خوای گەورە لێتان ناگرێ بەو جۆرە سوێندانەی بەسەر زوبانتاندا دێ بەڵام ئەو سوێندە لێتان ئەگرێ کە بە ئاگاداری دڵ ئەیخۆن.
هەر کەسێک بڵێ ئەگەر ئەو کارە بکەم ببمە جولەکە، یان ببمە فەلە یان بڵێ بەبێ ئیمانی بمرم ئەو کارە ناکەم یان بڵێ زینام لەگەڵ دایکی خۆم کردبێ ئەو کارە ناکەم ئەو جۆرە قسانە نابنە سوێند و کەففارەتی تێدا نییە ئینجا ئەگەر مەبەستی پاکانەی خۆی بێ کە ئەو کارە ئەکا یان نەیکردووە ئەوە پێ کافر نابێ بەڵام گوناهی ئەگاتێ کەوابوو با بڵێ (أستغفر الله) وە ئەگەر مەبەستی ڕازیبوون بێ بەو شتانە، ئەوە یەکسەر کافر ئەبی و ئەبێ موسوڵمان ببێتەوە.
هەر کەسێک سوێندی خوارد کارێک نەکا واتە گۆتی (والله) ئەم خانووەت پێ نافرۆشم یان دەرست پێ ناڵێم جا فەرمانی بە کەسێکی تر کرد کارەکە بکا ئەویش کارەکەی لە جیاتی ئەو کرد سوێندی لێ ناکەوێ و کەففارەتی ناکەوێتە سەر بەڵام ئەگەر لە سوێندخواردنەکەدا مەبەستی ئەوە بێ کە نە بە خۆی و نە کەسیکی تر ئەو کارە نەکا ئەوە سوێندی لێ ئەکەوێ.
وە هەر کەسێک سوێند بخوا لەسەر نەکردنی دوو کار بە یەکەوە، وەک بڵێ (والله) ئەم هەردوو کەوایەت پێ نافرۆشم ئەویش تەنها یەکێکی کرد، واتە یەک کەوای پێ فرۆشت سوێندی لێ ناکەوێ بەڵام ئەگەر مەبەستی ئەوە بێ هەر هیچیانی نەکا نە بە تەنها و نە بە یەکەوە ئەوە سوێندی لێ ئەکەوێ.