کەنداوی عەدەن

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-05-14:31:00 - کۆدی بابەت: 5158
کەنداوی عەدەن

ناوه‌ڕۆك

وڵاتی یەمەن

وڵاتی یەمەن یەکێکە لە گرنگترین وڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا، یەکێکیشە لە وڵاتە عەرەبییەکانی بەشی باشووری نیمچە دورگەی عەرەبی، ڕووبەرەکەی دەگاتە 527,970 کم چوارگۆشە، یەکێک لەو هۆکارانەی کە کردوویەتی بە وڵاتێکی گرنگ لەوانەیە کەنداوی عەدەن بێت، لەبەر ئەوەی سنووری هاوبەشی لەگەڵ کەنداوەکە هەیە لە بەشی باشوورییەوە، لە باکووریشەوە شانشینی عەرەبی سعودی دراوسێیەتی، بەڵام لە خۆرئاواوە تەنها دەریای سوور هەیە کە سنوورەکەی لەگەڵیدا دەگاتە 1906 کم، لەبەر ئەوەی یەمەن زۆر دەریای لەسەرە، لەبەر ئەوە نزیکەی ٢٠٠ دورگەی هەیە، گرنگترین ئەو دورگانەش دورگەی سوقەترەیە.

کەنداوی عەدەن لە کوێیە؟

لە چاخە کۆنەکانەوە کەنداوی عەدەن بە کەنداوی بەربەرە ناسرابوو، ئەم کەنداوە خاڵی بە یەکگەیشتنی دەریای سوور و دەریای عەرەب بوو، چونکە دەکەوێتە نێوان کیشوەری ئەفریقیا و نیمچە دورگەی عەرەبی لە خۆرئاوای ئاسیادا، هەروەها ئەم کەنداوە بە خاڵی جیاکردنەوە و سنووری نێوان هەردوو دەوڵەتی یەمەن و سۆماڵ دادەنرێت، هەروەها بە قەرەباڵغترین خاڵی نێوان زەریای هیندی و دەریای سپی ناوەڕاست دادەنرێت کە لەسەر ڕێگای کەناڵی سوێسە، سەرەڕای ئەمانە، کەنداوی عەدەن لە پێشوودا و لە ئێستاشدا بە شوێنێکی گرنگ دادەنرێت بۆ بازرگانی جیهانی، هەریەکە لە عەرەب و ڕۆمانەکان ئەم کەنداوەیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بازرگانییەکانیان بگەیەنن بە ئاسیا، ئەم کەنداوە یەکێک بووە لە گرنگترین ناوچەکانی سەر بە دەریای سوور، ئەمە بەردەوام بوو تا دوای ئەو کاتەش کە موسوڵمانان گەیشتن پێی، ئەم کەنداوەش ڕێخۆشکەر بوو بۆ موسوڵمانان بۆ ئەوەی دەعوەی ئاینەکەیان لە ڕێگای ئەم کەنداوەوە بکەن، بەڵام لە دەرەنجامی کشانەوەی هێزە بەڕیتانییەکان لە کەناڵی سوێس، چڕیی کەشتییە سۆڤێتییەکان لەم کەنداوە زیادی کرد، ئیدی کەناڵی سوێس بە تەواوەتی داخرا، کە ئەمە بووە هۆی کەمبوونەوەیەکی گەورە لەو سوود و گرنگییەی کە کەنداوی عەدەن پێشکەشی دەکرد، بەڵام ئەم حاڵە بەو شێوەیە بەردەوام نەبوو، چونکە لە ساڵی 1975 و بە دیاریکراوی دوای دووبارە کرانەوەی کەناڵەکە، کەنداوەکە دووبارە چالاک کرایەوە، دەوڵەتی میسر ئەو کاتە کەناڵی سوێسی گەورەتر و فراوانتر کرد، کە بووە هۆی زیادبوونی هاتوچۆی جیهانی بە کەنداوەکەدا، لە کۆتاییدا ئەمە هەمووی بە قازانج و زیادبوونی گرنگیی کەنداوەکە و گەڕانەوەی بۆ شوێنەکەی جارانی کۆتایی هات.

ئابوریی کەنداوی عەدەن

کەنداوی عەدەن بە ڕێڕەوی ئاویی سەرەکی دادەنرێت بۆ بازرگانیی جیهانی، بە تایبەتی بۆ نەوت، لە سەدا 11٪ـی نەوتی هەموو جیهان لە ڕێی ئەم کەنداوەوە هەناردە و هاوردە دەکرێت بەرەو کەناڵی سوێس و لەوێوە بۆ جیهان، هەروەها ئەم کەنداوە چەندان بەندەری گرنگ لەخۆدەگرێت، ئەم بەندەرانە یارمەتیدەرن بۆ خێراکردنی جووڵەی بازرگانی جیهانی، گرنگترین ئەم بەندەرانە بریتین لە شوکرا و مەلەکا و بیر عەلی، هەروەها بەلحاف لە یەمەن، سەرەڕای ئەمانە کەنداوەکە بۆ ماوەیەکی زۆر ناوچەیەکی بازرگانی تایبەت بووە، بە تایبەتی دوای ئەوەی سوودە گەورەکانی بای وەرزی دۆزرانەوە، لەبەر ئەوە بازرگانیی لە هیندستانەوە زیادی کرد،  لەگەڵ کۆتاییهاتنی ئەم بازرگانییەش ناوچەکە تێکچوونی بەسەردا هات و تاڵانی لە ناوچەکەدا دەرکەوت، بەڵام لە ساڵی 2013ـدا مەفرەزە دەریاییەکان دەستیان بە کارکردن کرد لە بەندەرەکەدا، چونکە تەنها هیندستان ساڵانە بە بڕی 60 ملیار دۆلار کاڵا هەناردە دەکات لەم بەندەرەوە، بۆ پاراستنی ئەم بازرگانییەش چەندین کەشتیی پاسەوانی لەسەر هەموو ڕووبەری بەندەرەکە بڵاو کردۆتەوە، کە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش یارمەتیدەر بووە لە نزمکردنەوەی ئاستی تاڵانی کردن لە ناوچەکەدا.


سەرچاوەکان



911 بینین