ڕاهێنانی شناو و سوودەکانی

له‌لایه‌ن: - ئەنەس جومعە - به‌روار: 2021-05-07-22:18:00 - کۆدی بابەت: 5214
ڕاهێنانی شناو و سوودەکانی

ناوه‌ڕۆك

ڕاهێنانی شناو

ڕاهێنانی شناو بە یەکێک لە ڕاهێنانە کاریگەر و بەسوودەکان دادەنرێت، لەکاتی گەڕان بۆ ڕاهێنانی ڕۆتینی ڕۆژانە، هەروەها ئەنجامدانی ڕاهێنانی شناو ڕۆژانە و بە شێوەیەکی ڕێکخراو هاوکارە لە زیادکردنی هێزی بەشی سەرەوەی جەستە، وە لە پێناو دەستخستنی ئەنجامی باشتر، وا باشترە چەندەها جۆری تری شناویش زیاد بکرێت لە کاتی ئەنجامدانی ئەم ڕاهێنانە، هەروەها دەکرێت پەیڕەوی ڕکابەری شناو بکرێت، کە هەموو هەفتەیەک ژمارەی شناوەکان زیاتر و زیاتر دەکرێت و بە شێوەی پلە بە پلە، بە پەیڕەوی ئەم شێوازەش دەکرێت کەسەکە بگاتە ئەنجامدانی ١٠٠ شناو لەماوەی دوو مانگدا، لەکاتی دەست کردن بە ئەنجامدانی ڕاهێنانی شناو، گرنگە بزانرێت کە کەسەکە دەتوانێت چەندجار ئەنجامی بدات، دواتریش کارکردن بۆ زیادکردنی ڕۆژانەی ژمارەی شناوەکان بەشێوەیەکی هێواش و لەسەرخۆ. 

شناوکردن و سوودەکانی 

شناوکردن بە ڕاهێنانە بڵاوەکان دادەنرێت بۆ بەهێزکردنی قەد و بەشی سەرەوەی جەستە، یەکێکیشە لە ڕاهێنانەکانی زیادکردنی هێز، کە کاردەکات بۆ چالاککردنی ماسولکەکانی شان و قۆڵ، هەروەها ماسولکەکانی قەد و پێیەکان. 
شێوازی گونجاوی ئەنجامدانی ڕاهێنانەکە بریتییە لە پاڵکەوتن لەسەر پەلەکان، بەجۆرێک دەموچاو ڕوو بەرەو خوار بن، هەروەها دەستەکان تۆزێک بڵاوتر لە شانەکان دادەنرێت، قاچەکانیش درێژ دەکرێنەوە بۆ پشتەوە و هاوسەنگ دەکرێن لەسەر پەنجەکانی دەست و پێ، هەروەها پێویستە پارێزگاری لە لەش بکرێت لە سەرەوە تاکو پێیەکان بە شێوەیەکی ڕێک و بەبێ چەمانەوە پشت، وە دەکرێت پێیەکان جووت بکرێن یان تۆزێک لێک دوور بخرێنەوە، پێش دەستکردن بە هەر جوڵەیەکیش پێویستە سک و قەد کرژ بکرێن، ئەوەش بە ڕاکێشانیان بەرەو بڕ بڕەی پشت، پێویستیشە هەناسەیەک هەڵبمژرێت لەکاتی چەماندنەوەی جومگەی ئانیشک و هەروەها نزمکردنەوەی جەستە بەرەو خوارەوە تاکو ئانیشک دەبێتە گۆشەی ٩٠، هەروەها هەناسەدانەوە لەکاتی گەڕانەوەی جەستە بۆ حاڵەتی سەرەتای خۆی. 

بەدیهێنانی هاوسەنگی و جێگیری

ڕاهێنانی شناوکردن بە ڕاهێنانێکی گشتگیر دادەنرێت بۆ لاشە، ئەمەش لە ڕێی کارتێکردنی ژمارەیەک ماسولکەی زۆر، هەروەها شناوکردن لە هەمان کاتدا پەستان چڕ دەکاتەوە لەسەر قۆڵەکان و سک و بەشی خوارەوەی جەستە لە هەمان کاتدا، هەروەها هاوکارە بۆ بەدیهاتنی هاوسەنگی و جێگیری لەش، کە کاردەکات بۆ باشترکردنی کاتی کاردانەوە لە ڕێی ڕاهێنانی هەستە دەمارە خانەکان، کە ئەمانیش ڕیشاڵی دەماری بچووکن، کە پارێزگاری لە هاوسەنگی لەش دەکەن، لەکاتی پەستان خستنە سەر ئەم دەمارانەش بە شێوەیەکی بەردەوام بۆ پارێزگاری لە هاوسەنگی لەش، دەمارەکان ڕادەهێنێت بۆ وەڵامدانەوە بە شێوەیەکی خێرا لەکاتی ڕوودانی هەر هاندانێکدا لە پێناو هاوکاری هاوسەنگی و خێرایی. 

بونیادنانی بارستە ماسولکە

گرنگی شناوکردن بە چوونە تەمەنە، چونکە مرۆڤ کە دەچێتە تەمەنەوە دەستدەکات بە لەدەستدانی ماسولکەکانی بەهۆی گۆڕانی شێوازی لەش بۆ بەکارهێنانی وزە و سوتاندنی، یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم ڕاهێنانەش پارێزگارییە لە ماسولکەکان، ئەگەر باشتریشی نەکات، بەڵام ئەم ئەنجامە بە خێرایی بەدەست نایەت چونکە هەر بارستە ماسولکەیەک پێویستی بە ئەنجامدانی چەندین جار ڕاهێنانی تایبەت بە خۆیەتی، بە جۆرێک ماسولکەکانی سنگ و شانەکان و ماسولکەی سێ سەر و پشت و ماسولکەی دوو سەر و لاقەکان و سک پێویستیان بە ئەنجامدانی چوار جار ڕاهێنانە هەر جارە و ١٢-١٥ جار دووبارە بکرێتەوە، هەروەها شناوکردن یارمەتیدەرە بۆ جوانکردنی قۆڵەکان و سنگ و پشت و شانەکان، هەروەها بە خاڵی دەستپێکێکی نایاب دادەنرێت بۆ بەدەستهێنانی ناوقەدێکی بەهێز، کە بەدەستهێنانی ماسولکەی ناوقەدی بەهێز یارمەتیدەرە لە جوانکردنی شێوەی پشت و پارێزگاری کردن لە حالەتی باشی لەش وئەنجامدانی چالاکییەکان بە ئاسانی.


سەرچاوەکان



1889 بینین