تاریق سوەیدان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-05-19-22:43:00 - کۆدی بابەت: 5422
تاریق سوەیدان

ناوه‌ڕۆك

بانگەواز

بانگەواز یەکێکە لە دەستەواژە ئیسلامییەکان، گومان لەوەدا نییە کە پەیوەندییەک لە نێوان مانای زمانەوانی ئەم وشەیە و چۆنیەتی بەکارهێنانی وەک دەستەواژەیەکی ئیسلامی هەیە، ئەم وشەیە لە وشەی ''بانگکردن''ـەوە وەرگیراوە، کە مانای ئارەزوو پێبەخشین و مەیل پێدان دەدات، دەربارەی مانای بانگەوازیش وەک چەمکێک لە پێناسەکەی (ابن عثیمین)ـدایە -خوا لێی خۆشبێت- کە دەڵێت: ''بانگکردنی خەڵکە بۆ ڕەوشتە باشەکان و کارە چاکەکان و پاراستنی مافی بەندەکانی خودا، هەروەها بانگکردنی خەڵکە بۆ بەرپاکردنی دادپەروەری، ئەمەش بە پێدانی ماف بە خاوەن ماف''، هەروەها پێناسەیەکی دیکەی بۆ کراوە کە دەڵێت: ''ناساندنی خودایە بە بەندەکان و پەیامبەرەکانی و کتێبەکانی و بانگکردنیانە بۆ باوەڕهێنان بە ڕۆژی دوایی و قەزا و قەدەر''.

تاریق سوەیدان کێیە؟

نووسەر و مێژوونووس و توێژەر و ڕاگەیاندکارێکی ئیسلامیی عەرەبییە، لە ساڵی 1953 لە کوەیت لەدایک بووە، هەروەها ڕاهێنەرێکی بواری سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنە، دکتۆر سوەیدان زۆر بەرنامەی تەلەفزیۆنیی هەیە کە تیایدا بیر و گەشەپێدانی تواناکان و سەرکردایەتی و بەڕێوەبردن باس دەکات، هەروەها بەرنامەی تایبەتی هەیە کە باس لە مێژووی ئیسلامی دەکات، تاریق سوەیدان زۆر تایبەتمەندیی زانستیی هەیە و خاوەنی دکتۆرایە لە ئەندازیاری نەوت لە زانکۆی تەلسا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ساڵی 1990ز لەوێ خوێندنی تەواو کردووە، هەروەها ماجستێری لە ئەندازیاری نەوت هەیە لە هەمان زانکۆ کە لە ساڵی 1982ز بەدەستی هێناوە، هەروەها دکتۆر سوەیدان هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاری نەوتدا لە زانکۆی ویلایەتی پەنسلڤانیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی 1975.

دکتۆر تاریق سوەیدان لە چەندین پۆستدا بووە لە بوارە پەروەردەیی و بەڕێوەبەرایەتی و دارایی و ڕاگەیاندنەکاندا، لە ساڵی 2001ـەوە سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمەڵەی ''الإبداع''ـە، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیای ئیبداعی خەلیجی بۆ ڕاوێژکاریی دارایی و ئابوورییەکان بوو لە ساڵی 1992، سوەیدان پۆستی بەڕێوەبەری گشتی ئەکادیمیای گەشەپێدانی تایبەتی و بەڕێوەبردنی گشتیی لە ساڵی 1997 تا 2001 پڕکردۆتەوە، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ڕیساڵەی بانگخوازی بووە لە ساڵی 2006 تا 2013، هەروەها وەک مامۆستایەکی یاریدەدەر لە زانکۆی توێژینەوە تەکنەلۆژییەکان لە کوەیت کاری کردووە لە ساڵی 2002ـدا، هەروەها سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی ''ئیبداع''ـی جیهانی بووە بۆ بەرهەمهێنانی هونەری لە ساڵی 1998ـەوە، هەروەها سەرۆکی کۆمپانیای ئیبداعی خێزانییە لە ساڵی 2001ـەوە هەتا ئێستا.

بەرهەمەکانی تاریق سوەیدان

سەرەڕای بەرنامە بانگخوازییە زۆرە بینراو و بیستراوەکانی، دکتۆر سوەیدان چەندین کتێبی لە بواری جۆراوجۆری ئیسلامی و بەڕێوەبەرایەتی و مێژوویی هەیە، لەوانە:

  • سەرکردایەتی لە سەدەی بیست و یەکدا.
  • چۆن پلانێکی ستراتیژی بنووسیت.
  • زانیارییە ستراتیژییەکانت تاقیبکەتەوە.
  • ماسولکەکانی مێشکت نەرم بکە.
  • بنەماکانی ئیبداع.
  • پێنجینەی وەلاء.
  • بەڕێوەبردنی کات.
  • ژیانت ڕێکبخە.
  • سەرکردایەتی بازاڕ.
  • ڕێکخراوی فێربوو.
  • ڕێڕەوی گۆڕانکاری لە ڕێکخراوەکاندا.
  • دروستکردنی سەرکردە.
  • هونەری وتاربێژی.
  • ئاڕاستە نوێیەکانی بەڕێوەبردن.
  • چۆن خۆت بگۆڕیت.
  • سەرکەوتن لە ژیاندا.
  • ڕاهێنان و وانەوتنەوەی ئیبداعی.
  • کۆمەڵەی بەرهەمهێنانی ڕۆشنبیری
  • دروستکردنی زیرەکی.
  • کورتکراوەی عەقیدەی ئیسلامی.
  • نهێنییەکای ڕۆژوو.
  • نهێنییەکانی حەج و عومرە.
  • فەڵەستین، مێژووی وێنەیی.
  • ئەندەلوس، مێژووی وێنەیی.
  • ئیمام ئەبو حەنیفە.
  • ئیمام ئەحمەدی کوڕی حەنبەل.
  • ئیمام شافعی.
  • ئیمام مالیک.
  • یەهود، ئینسکلۆپیدیای وێنەیی.


سەرچاوەکان



567 بینین