قەبزی لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-05-23-13:17:00 - کۆدی بابەت: 5488
قەبزی لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

قەبزی لەماوەی دووگیانیدا چییە؟

قەبزی کێشەیەکی بڵاوە لەکاتی دووگیانیدا، کە زۆرینەی خانمانی دووگیان تووشی دەبن، حاڵەتێکی زۆر جدی و مەترسیدار نییە بەڵام هەندێک کات دەتوانێت نیشانە بێت بۆ کێشەی تر، ئەگەر قەبزییەکی زۆر توندت هەیە و ئازاری سکت هەیە لەگەڵی و دوای ئەوەش سکچوون و پەڵە خوێنت هەیە و هەروەها خوێنیش لەناو پیسایەکەتدایە پێویست دەکات سەردانی پزیشک بکەیت، جوڵەی ڕیخۆڵەکان و قەبزی و قورسی زۆر لەکاتی پیسایی کردندا دەتوانێت کە خوێنبەربوونەکە خراپتر بکات و دەمارەکانیش تووشی هەوکردن بکات.

خوێنبەربوون دەتوانێت ئازاربەخش بێت و هەرچەندە کە بە دەگمەن کێشەیەکی جدییە چونکە دوای منداڵبوون نامێنێت.

هۆکاری قەبزی لەماوەی دووگیانیدا 

زیادبوونی هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆن یەکێکە لە هۆکارەکانی دروستبوونی قەبزی، زیادبوونی هۆڕمۆنی پڕۆجیسترۆنە، کە جوڵەی ماسولکەکان بەتایبەت جوڵەی ماسولکەکانی ڕیخۆڵە زۆر کەم دەکاتەوە و ئەمەش هۆکارە تاکوو خواردنەکە بە خاوتر بڕوات، کاتێک کە منداڵدانت گەورەتر بوو و زیاتر فشاری خستە سەر ڕیخۆڵەکان ئەم کێشەیەش زیاتر دەبێت.

ئایا دوای منداڵبوون قەبزی دەمێنێت؟

هەروەها قەبزی حاڵەتێکی زۆر باوی دوای منداڵبوونە و تەنانەت ئەگەر لەماوەی دووگیانیشدا ئەسڵەن کێشەی قەبزیت نەبووبێت، لەوانەیە دوای منداڵبوون دووچاری ئەم کێشەیە ببیتەوە، ئەم حاڵەتە تا چەند ڕۆژێک دوای منداڵبوون ئاساییە و جێی نیگەرانی نییە، کەواتە واباشە گرنگی بە خۆراکەکەت بدەیت دوای منداڵبوون تاکوو دووربیت لەم حاڵەتە.

چارسەری قەبزی لەماوەی دووگیانیدا چییە؟

  • ئەو خواردنانەی کە فایبەری زۆریان تێدایە بخۆ، وەک (نان و دانەوێڵە، سەوزە و میوە، شۆڤان).
  • شەوان قەیسی کەمێک بکوڵێنە و دواتر کە ساردبوویەوە بیخە بەفرگرەوە و بەیانی بیخۆرەوە.
  • لەماوەی دوو ڕۆژدا دوو قاپ ماست بخۆ کە بەکتریایی (probiotic)ـی تێدابێت، چونکە جوان دەلکێت بە ڕیخۆڵەدا و زیاتر بەرگە دەگرێت لەبەرامبەر ترشێتی گەدەدا، هەروەها ئەو بەکتریایانە پاکدەکاتەوە کە دەبنە هۆی نەخۆشی لە کۆئەندامی هەرسدا.
  • چەند کەوچکێک سۆسی ئاردی گەنم تێکەڵ بکە لەگەڵ ئاو و دوای کەمێک کە نەرم بوویەوە بیخۆ، کاریگەری باشی هەیە خواردنی لە بەیانیاندا.
  • بەدرێژای ڕۆژەکە ئەوەندە ئاو بخۆرەوە تاکوو میزەکەت ڕوون ببێتەوە.
  • ئاوی میوەی سروشتی بخۆرەوە.
  • وەرزشکردن، پیادەڕەووی و مەلەکردن و یۆگا یارمەتیدەرن بۆ هاتوچۆی خوێن و نەمانی قەبزی.
  • گەدە دوای خواردن چالاکترە، هەر بۆیە دوای نان خواردن بڕۆ تەوالێت.
  • ئەگەر ئەو ڤیتامینەی کە بەکاری دەهێنیت لەماوەی دووگیانیدا ئاسنی زۆری تێدایە و تۆش کەمی ئاسنت نییە، ئەوا پزیشک ئاگادارکەرەوە و پێی بڵێ.
  • ئەگەر هیچ کام لەم ڕێگایانە سوودیان نەبوو ئەوا سەردانی پزیشک بکە و لە خۆتەوە هیچ جۆرە دەرمانێک بەکارمەهێنە تەنانەت پاڕاسیتامۆڵێکی سادەش.


سەرچاوەکان



4686 بینین