زانستە کارگێڕییەکان

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-28-13:12:00 - کۆدی بابەت: 5591
زانستە کارگێڕییەکان

ناوه‌ڕۆك

زانستە کارگێڕییەکان - العلوم الإداریة

چەمکی زانستە کارگێڕییەکان (العلوم الإداریة - Management science) ئاماژە بەو زانستە دەکات کە لە چالاکییە پیشەییەکانی بەڕێوەبردن دەکۆڵێتەوە لە هەموو ڕووەکانەوە، ئەم زانستە لە دیاریکردن و هەڵکۆڵینی ئامانجەکانی ڕێکخراوەکان، وە دانانی ئەو ڕێگایەی کە ئەم ئامانجانە بەدی دێنن و پەرەپێدان و پێشکەشکردنی سیاسەتە تایبەتەکان، وە چاودێریکردن و خەمڵاندنی سیاسەتە پەیڕەوکراوەکان لە ڕووی کاراییەوە و لابردنی ناکاراکان دیاری دەکات، ئەم زانستە شانبەشانی توێژینەوەی پڕۆسەکان کار دەکات، لەبەر ئەوەی توێژینەوە و سەرژمێری و داتا ڕوونکردنەوەییەکان کارایی سیستەمەکانی بەڕێوەبردن زیاد دەکەن، جێبەجێکردنی هەنگاوەکان لە بوارە بەڕێوەبەرایەتییە جیاوازەکاندا دەکەوێتە سەر شانی زانستی بەڕێوەبردن، لەوانە: ئابووری، بابەتە لۆجستییەکان، خوێندنی سیستمی زانیارییە بەڕێوەبەرایەتییەکان و هیتر.

کاری زانستی کارگێڕی لە کۆندا کورت ببویەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی بەڕێوەبردندا، لە ڕێگەی چەسپاندنی زانستەکە لەسەر ئەم کێشانە، یاخود لەڕێی خودی پڕۆسەی بەڕێوەبردن، پاشان ئەمە پەرەی سەند بۆ ئەوەی چەندین لایەن بگرێتەوە، وەک: خوێندن و شیکردنەوەی سیستەمەکانی زانستەکانی بەڕێوەبردن، توێژینەوە لە پڕۆسەکان، ئەمە بووە هۆی فراوانکردنی بواری تێگەیشتن لە چەمکی زانستەکانی بەڕێوەبردن، ئەمە بە شێوەیەکی تایبەت لە کۆلێژی زانستەکانی بەڕێوەبردن (the constitution of the Institue of Management Scienses) بەدیار دەکەوێت کە لە ساڵی 1953 دامەزراوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆلێژە بریتیی بوو لە یەکخستنی مەعریفە زانستییەکان و ئەمەش بەهێزکەرێکی باش بوو بۆ چەمکی بەڕێوەبردن و تێگەیشتن لێی.

زانستە کارگێڕییەکان (MS) تیشک دەخەنە سەر دانانی ئامانجەکانی ڕێکخستن، مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی ڕێکخستن لە چوارچێوەی بوارە پیشەییەکانی کاردا، وەک: ئابووری، بازاڕگەری، وەبەرهێنان و ژمێریاری.

دیارترین بەشەکانی زانستەکانی بەڕێوەبردن

چەندین بەش لە زانستە کارگێڕییەکاندا هەیە، ئەم بەشانە لە زانکۆیەکەوە بۆ زانکۆیەکی دیکە یان لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی دیکە جیاوازیان هەیە، ئەمانە دیارترینیانن:

  • ژمێریاری
  • شیکردنەوەی کار
  • کارگێڕی کار
  • سیستەمی زانیارییە ژمێریارییەکان
  • بازاڕگەری
  • زانستە دارایی و بانکییەکان
  • زانستە داراییەکان
  • تەکنەلۆژیای دارایی
  • کارسازی
  • زانستی ئابووری
  • بەڕێوەبردنی پیشەسازی
  • بەڕێوەبردنی کارەساتەکان
  • بزنس و بازرگانی ئەلیکترۆنی
  • بەڕێوەبردنی نەخۆشخانەکان
  • بەڕێوەبردنی هۆتێل و گەشتیاری
  • بازاڕگەری ئەلیکترۆنی و پەیوەدنیی کۆمەڵایەتی
  • بەڕێوەبردنی زنجیرەی هاوردەکردن
  • چاودێری و وردبینیی دارایی
  • بەڕێوەبردنی بزنسە نێودەوڵەتییەکان
  • ڕێکخستنی زانیارییە بانکی و داراییەکان
  • سەرچاوە مرۆییەکان
  • ڕێکخستنی زانیارییە بەڕێوەبەرایەتییەکان
  • بەڕێوەبردنی گشتی
  • بەڕێوەبردنی پڕۆژەکان

زانستەکانی بەڕێوەبردن کێڵگەیەکی ئەکادیمیی زۆر دەوڵەمەندە و چەندین پسپۆڕیی تێدایە، ئەمەش دەرچووی بەشەکانی بەڕێوەبردن دەخاتە بەردەم بازاڕێکی کارکردنی زۆر فراوان، چ جا لە ڕووی داراییەوە بێت، یان بەڕێوەبردن، یان سەرکردایەتی، یان هەر کارێکی دیکە لە بواری پیشەییدا.

ئەو تواناییانەی کە بۆ خوێندنی زانستە کارگێڕییەکان گرنگن

ئەو توانایی هەن کە دەبێت لەو خوێندکارەدا هەبێت کە دەیەوێت ڕووبکاتە زانستەکانی بەڕێوەبردن، گرنگترینیان بریتین لە:

  • هونەری پەیوەندی: وەک توانای مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکی، دروستکردنی پەیوەندیی نوێ و سەرکەوتوو، کارکردنی هەرەوەزی، ئەمە دیدگا و ڕێگایەکی گەورە دەکاتەوە بۆ خوێندکاری ئەم بوارە لەسەر ئاستی تاکی و پیشەیی.
  • هاندان: ئەمە لە ڕێگەی توانای سەرکردەکانەوەیە بۆ پەیوەندی دروستکردن لەگەڵ کارمەندەکان بە شێوەیەکی زارەکی و کیتابی، توانای هاندان و پاڵنانە، هەروەها دەستکەوتنی لایەنگریی کارمەندەکانە بۆ کارەکەیان، ئەمەش لەو ڕووەوە کە سەرکەوتن لە کاردا تەنها لە گرنگیدان بە بوارە بازرگانییەکەدا نییە، بەڵکو بە تیشک خستنە سەر پاڵپشتیکردنی کارمەندەکان و زیادکردنی کارایی و بەرهەمدارییان لایەکی گرنگ پڕ دەکرێتەوە.
  • ڕێکخستن: دەبێت هونەرەکانی ڕێکخستن و سەرپەرشتی کار و بەستنی کۆبوونەوە و بەستنی ناوەندی ڕاهێنان بزانرێت، لەبەر ئەوەی کە نەبوونی ڕێکخستن و هەڕەمەکی بوون دەبێتە هۆی شکخستخواردن لە کاری بەڕێوەبردندا.
  • پلاندانان و بیرکردنەوەی ستراتیژی: دەبێت پلان بۆ داهاتووی کار دابنرێت، بۆ گەرەنتی کردنی ئامانجە جۆراوجۆرەکان، ئەمەش لە ڕێگەی دیاریکردنی کارە گرنگترەکانەوە و جێبەجێکردنی ئەوەی کە لە پێشەوەیە و پاشان دواتر، هەروەها پێداچوونەوە بەسەر ڕێکخستن و سیاسەتەکان و ئەنجامدانی کار بەپێیان، بیرکردنەوەی ستراتیژیش خۆی دەبینێتەوە لە پێشنیازکردنی بیرۆکە داهێنەر و نوێیەکان کە کارەکەی پێ جیاواز دەبێت لە هەر کارێکی تر.
  • فراوانبینیی بازرگانی: لە ڕێگەی زانینێکی تەواوەتی دەربارەی بازاڕ، کە یەکێکە لە تواناییە زۆر گرنگەکان بۆ خاوەن کارەکان، بەڵام بەداخەوە زۆربەی دەرچووە تازەکانی ئێستە زانیارییان لەسەر ئەم بوارە نییە.
  • بڕیاردان: واتە توانای بڕیاردانی توندوتۆڵ لە کاتی گونجاودا بە بێ ترسان و دوودڵیی، ئەمە زیان و زەرەرەکان کەم دەکاتەوە، هەروەها دەبێتە هۆی قۆستنەوەی هەلە بەردەستەکان.
  • تێگەیشتن لە ڕێکخراو: واتە تێگەیشتنی تەواو دەربارەی پەیامی ڕێکخراو و ئامانج و بنەماکانی و دیدگای، وە پاشان جێبەجێکردنی کارەکان بەپێی ئەم سیاسەتە و بە شێوەیەک پێچەوانەی نەبێت.

سەرکەوتن لە بواری کاری بەڕێوەبردندا تەنها بە دەستکەوتنی تواناییەکانی بەڕێوەبردن نابێت، بەڵکو دەبێت کەسی پسپۆڕ چەندین هونەری دیکەی هەبێت کە یارمەتیدەری بن لە جێبەجێکردنی ئەو لایەنە تیۆریانەی کە لە کاتی خوێندنی ئەکادیمی وەریگرتووە، بۆ دەستکەوتنی ئەم هونەر و تواناییانەش دەبێت بەشداری لە خولەکانی ڕاهێنان و شوێنەکانی کارکردن بکات.

بوارەکانی کارکردنی دەرچوانی زانستە کارگێڕییەکان

لێرەدا دیارترین پیشە و کارەکانی زانستە کارگێڕییەکان باس دەکەین، کە تەنها بەشێکن لە کۆی گشتی پیشە بەردەستەکان:

  • بەڕێوەبەری فرۆشەکان
  • مەندوب
  • ڕاوێژکاری بزنس
  • شیکەرەوەی دارایی
  • بەڕێوەبەری سەرچاوە مرۆییەکان
  • شیکەرەوەی توێژینەوەکانی بازاڕ
  • کارمەندی بانک
  • ژمێریار
  • وردبینی دارایی
  • بازاڕگەر / کارمەندی فرۆش

بواری زانستە کارگێڕییەکان چەندین هەلی کار و ڕێڕەوی پیشەیی بەردەست دەکات بۆ دەرچووانی، لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێڕەوانەی کە خوێدکار لە کاتی هەنگاوەکانی خوێندنیان وەری دەگرن بۆ پسپۆڕییان.

لایەنە پۆزەتیڤ و نێگەتیڤەکانی کارکردن لە بوارەکانی بەڕێوەبردندا چین؟

کارەکانی بەڕێوەبردن وەک هەموو پیشەکانی دیکە لایەنێکی ڕووناک و لایەنێکی تاریکی هەیە، لێرەدا دیاترین لایەنە نێگەتیڤ و پۆزەتیڤەکانی کارکردن لە بواری بەڕێوەبردندا باس دەکەین:

لایەنە پۆزەتیڤەکانی کاری بەڕێوەبردن

لە دیارترین لایەنە پۆزەتیڤەکانی کارکردن لە بواری بەڕێوەبردندا بریتین لەمانە:

  • ئەو کەسانەی لە بواری بەڕێوەبردندا کار دەکەن ئەگەری دامەزراندنیان لە دوای تەواوکردنی خوێندن زۆرە، لەبەر ئەوەی ئەو بوارانەی کە دەتوانن کاری تێدا بکەن زۆر هەمەڕەنگن، لە نێوانیشیاندا: بازاڕگەری، وەبەرهێنان، بەڕێوەبردن هتد... .
  • هەمەڕەنگیی شوێنی کارەکان، وەک بانک و حکومەت و کۆمپانیاکان.
  • لە بوارەکەدا بڕی مووچە بەرزە، واتە ئەو کەسانەی لە بوارەکەدا کار دەکەن دەبنە خاوەنی داهاتێک کە زیاترە لە ناوەندی داهات لە زۆربەی پیشەکاندا، بێگومان ئەمە بەپێی ناوەندی کارکردنەکە یان وڵاتەکە دەگۆڕێت.
  • کارکردن هەلی بەدەستهێنانی ئەزموونی کارکردنی ڕاستەقینە بەهێز دەکات.
  • هەلی ڕاستەقینە بەردەست دەکات بۆ پێشکەوتن لەو پیشانەی کە تیایدان لە ڕێگەی هەبوونی ئەزموونی کاری پێشوەختە.

لایەنە نێگەتیڤەکانی کارکردن لە کاری بەڕێوەبردندا

لە دیارترین لایەنە نێگەتیڤەکانی کارکردن لە نێو بواری بەڕێوەبردندا ئەمانەن:

  • بۆ گەیشتن بە هەندێک کار، بە تایبەتی لە پۆستە باڵا و ئیدارییەکاندا پێویستی بە هەبوونی بڕوانامەی ماجستێر هەیە.
  • زۆرێک لە کارەکانی بەڕێوەبردن هەبوونی ئەزموونی پێشوەختە مەرجێکی سەرەکییە لە پێشکەشکردن و وەرگرتنی کارەکەدا، ئەمەش بێگومان لە زۆربەی تازە دەرچوواندا نییە.
  • لەم کارانەدا کاتژمێرەکانی کارکردن لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دوور و درێژن.
  • زۆربەی کات فشارێکی زۆر هەیە لە کاتی کارکردندا.
  • کێبڕکێیەکی بەهێز هەیە لە نێوان ئەو کەسانەی سیڤی پێشکەشی پۆستە ئیدارییەکان دەکەن.

لە کۆتاییدا، دەکرێت داهاتێکی باش بەدەستبێت لە کاتی کارکردن لە بوارە ئیدارییە جۆراوجۆرەکاندا، بۆ زیادکردنی ئەو ئیمتیازاتانەش کە ئەو کەسانەی بەدەستی دێنن لە کاتی کارکردندا، دەبێت لە بوارەکەدا هەوڵ بدرێت لایەنی پیشەیی بەرزتر و کۆرسی ڕاهێنانی زیاتر زیاد بکرێن بۆ خەرمانی شارەزاییەکانی کەسەکە. 


سەرچاوەکان



4763 بینین