پزیشکی فریاگوزاری

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-01-17:40:00 - کۆدی بابەت: 5701
پزیشکی فریاگوزاری

ناوه‌ڕۆك

پزیشکی فریاگوزاری چییە؟

هەڵبژاردنی پسپۆڕیی پزیشکی لەوانەیە یەكێک بێت لە قورسترین ئەو بڕیارانەی کە دەبێت خوێندکار بیدات، زۆربەی کات ئەم بڕیاردانە بەشێکی سەرەکییە لە دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان ژیانی پیشەیی و ئەو شێوازی ژیانەی کە کەسەکە دەیەوێت هەیبێت، چونکە هۆکارەکانی هەڵبژاردنی پسپۆڕییەکان زۆر بە کەمی جیاوازیان هەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە، هەروەها ئەو خوێندکارانە بۆ بڕیاردان یان پشت بەدەست هەست و سۆز دەبەستن یاخود بیرکردنەوەی ئەقڵانی.

هەڵبژاردنی پزیشکیی فریاگوزاری بە هەڵبژاردەیەکی باش دادەنرێت بۆ ئەو کەسانەی توانای مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەسی جۆراوجۆردا هەیە و دەتوانن گوێ بۆ ئازار و کێشەکانیان بگرن.

پسپۆریی پزیشکی فریاگوزاری چییە؟

پزیشکیی فریاگوزاری بریتییە لە هاریکاریی و پاڵپشتیی پزیشکیی هەنووکەیی، ئەم خزمەتە پێشکەشی نەخۆش و بریندارەکان دەکرێت بۆ خۆلادان لە هەر دەرەنجامێکی زیانبەخش بۆ سەر ژیان و تەندروستیی کەسەکە، لە هەموو جیهاندا ئەو کەسانەی تووشی حاڵەتی لەناکاو بوون، چ جا ئەمە لە تەندروستیاندا بێت یان بەهۆی برینداریی یاخود لە حاڵەتی منداڵبووندا بێت خزمەتگوزاریی پزیشکی بەپەلەیان پێشکەش دەکرێت، هەروەها حاڵەتەکانی هەوکردن و شکاوی و جەڵتەی دڵ و جەڵتەی دەماخ و ڕەبۆ و کاریگەرییە توندەکانی دووگیانی و حاڵەتەکانی خنکان سەرەتا هانا بۆ پزیشکی فریاگوزاری دەبەن، لەبەر ئەوەی فریاکەوتنی خێرا و دەستنیشانکردنی سەرەتایی و ئینعاش کاریگەرییەکانی هەریەکە لەم حاڵەتانە کەم دەکەنەوە، لە بەرنامەی کاری ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا هەوڵ دراوە لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهاندا سیستەمی فریاگوزاریی سەرەتایی پەرەپێبدرێت و بەدەمەوەهاتنێکی باشتر هەبێت بۆ حاڵەتە لەناکاوەکان، هەروەها پاڵپشتیی پەرەپێدانی فریاگوزارییەکی لەناکاو و باش تا لە کاتی گونجاودا کاری خۆی بکات و هەمووان دەستیان پێی بگات، هەروەها پزیشکیی لەناکاو تەنها پسپۆڕییەکی پزیشکی نییە، لەبەر ئەوەی پزیشکانی فریاگوزار کاری پزیشکیی لە دەرەوەی قاوشەکانی فریاگوزاریی نەخۆشخانە دەکەن، ئەم پزیشکانە هەر ئەوەنەی کە چوونە نێو سنووری نەخۆشخانەوە دەستدەکەن بە هاناوەهاتنی نەخۆش و بریندارەکان، ئەم جۆرە پزیشکییە تاکە پسپۆڕیی تەندروستییە کە 24 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا، حەوت ڕۆژ لە هەفتەیەکدا لە کاردایە، خزمەتی هەموو ئەو کەسانە دەکەن کە هانایان بۆ دەبەن، کە ئەمەش شتێکە لە هەموو بوارێکدا نییە، پسپۆڕانی فریاگوزاری پزیشکی هەڵدەستن بە هەڵبژاردنی بڕیاری گەورە و دیاریکەر دەربارەی ژیان و مردنی نەخۆش و بریندارەکان، زۆربەی کات ئەم بڕیارانە لە ژووری فریاکەوتندا دەبن، ئەرکی ئەم پزیشکانە ڕزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان و خۆلادان یاخود کەمکردنەوەی ئەگەر پەککەوتە بوونە.

پزیشکی فریاگوزار

پزیشکی فریاگوزار بەرپرسە لە بەدەمەوەچوونی ئەو کەسەی کە دێتە ژووری فریاکەوتنی نەخۆشخانە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی، لە زۆربەی کاتەکاندا پزیشک بەرپرس نییە لە چارەسەرکردنی تەواوەتیی ئەو نەخۆشانە، وەک پزیشکێکی فریاگوزار دەتوانێت حاڵەتی نەخۆشەکە بخەمڵێنێت و داوای هەر پشکنینێکی تاقیگە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەی و دەستکردن بە چارەسەری دروست، پزیشکە فریاگوزارەکان بە شێوەیەکی تایبەت ڕاهێنانیان پێکراوە بۆ ئەوەی مامەڵە بکەن لەگەڵ حاڵەتە پزیشکییە لەناکاوەکان، ئەو کەسانەی لە بوارەکەدا پسپۆڕیان هەیە دوای ئەوەی بەشی پزیشکیی گشتی تەواو دەکەن دەچنە نێو بەرنامەیەکی ڕاهێنانەوە لەسەر پزیشکیی فریاگوزاری، پاشان دەبنە کەسی پشتپێبەستراو لە بوارەکەدا و دەتوانن کار بکەن.

سیستمی کارکردنی ئەو کەسانەی لە بوارەکەدان بەپێی شێوازی موناوەبە و بەنۆرەیە، هەر موناوەبەیەک لە نێوان 8 بۆ 12 کاتژمێر دەخایەنێت، بەڵام لە هەندێک کاتدا لەوانەیە یەک موناوەبە 24 کاتژمێر یان زیاتر بخایەنێت، ئەم ڕێژەیە بەپێی قەبارەی نەخۆشخانە و توندیی ئەو حاڵەتانەی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت لە نەخۆشخانەکەدا دەگۆڕێت. 


سەرچاوەکان



1335 بینین