یاری بالە

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2021-07-07-16:07:00 - کۆدی بابەت: 5779
یاری بالە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یاری بالە (بە عەرەبی: الكرة الطائرة، بە ئینگلیزی: Volleyball یاریەکی بە کۆمەڵە و لە دوو تیمی شەش یاریزانی پێکهاتوون و بە تۆڕێک لە یەکتری جیاکراونەتەوە، هەر تیمێکیان هەوڵدەدات بە پێی یاسا ڕێکخراوەکان خاڵ لە تیمی بەرامبەر وەربگرێت.

مێژووی یاری بالە

لە زستانی ساڵی ١٨٩٥، لە شاری هۆلیۆک لە ویلایەتی ماساچۆسێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ویلیام مۆرگان کە بەڕێوبەری پەروەردەی جەستەیی ڕێکخراوی (کۆمەڵەی گەنجانی مەسیحی) بوو یاریەکی نوێی دروست کرد و پێی دەوت (مینتۆونێت)، ئەم ناوە لە ناوی یاری (بادمینتۆن) کە هاوشێوەی یاری (تێنس)ـە وەرگیراوە، ویلیام مۆرگان کۆمەڵە یاسایەکی دانا بۆ ئەم یاریە بە ناوی یاسای تۆڕ، دواتر ئەم یاسایانە گۆڕدران بۆ یاسای باشتر و گونجاوتر.

ناکۆکی هەیە سەبارەت بە بەکارهێنانی یەکەم تۆپ لە یاری بالەدا، هەندێک سەرچاوە دەڵێن یەکەم تۆپ لەلایەن کۆمپانیای (سپالدین)ـەوە دروستکراوە و لە ساڵی ١٨٩٦، هەندێک سەرچاوەی تریش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ساڵی ١٩٠٠ دروستکراوە.

١٩١٧ یاریەکە گۆردرا، بە شێوەیەک پێویست بوو ٢١ خاڵت هەبێ بۆ بردنەوە و کەمترینیش ١٥ خاڵ بوو بۆ بردنەوە، لەگەڵ تێپەڕ بوونی کات یاری بالە زیاتر بەرەو پێشەوە چوو و یاسای زیاتری بۆ دانرا، وە لە ساڵی ١٩٦٤ بەشێک بووە لە یاریە فەرمیەکانی ئۆڵۆمپیادی هاوینە لە تۆکیۆ.

شێوازی یاریکردن

هەر تیمێک لە شەش یاریزان پێکدێت، بۆ دەستپێکردنی یاری و دیاریکردنی لێدانی سێرڤ لەلایەن ناوبژیوانەوە سکەی زیو هەڵدەدرێت و یەکلایی دەبێتەوە و یاریەکە دەستپێدەکات.

یاریزانەکە لە ناوچەی سێرڤەوە تۆپەکە هەڵدەداتە ناوچەی تیمی بەرامبەر، ئەوانیش پێویستە لەسەریان بەرهەڵستی تۆپەکە بکەن و ڕێگە نەدەن تۆپەکە لە ناوچەکەیاندا لە زەویەکە بدات و دەبێت بە سێ دەست تۆپەکە بگەڕێننەوە ناوچەی تیمی هێرشبەر، ئەگەر نەتوانن تۆپەکە بگەڕێننەوە ئەوا خاڵێک بۆ تیمی هێرشبەر هەژمار دەکرێت و سێرڤ دەگەڕێتەوە لایان و یاریەکە بەم شێوەیە بەردەوام دەبێت.

هەر وەکو چۆن شەش یاریزان یاری دەکات لە یاری بالەدا هەر بەو شێوەیەش پێویستە لە شەش تەکنیکی یاری کردن شارەزاییان هەبێت کە ئەمانەن:

  • سێرڤ: یاریزانێکە لە پشت هێڵی ناوچەکەی خۆیەوە دەوەستێت و تۆپ ئاڕاستەی ناوچەی تیمی بەرامبەر دەکات، دەستپێکی یاری لەم یاریزانەوەیە.
  • بەرگریکار: ئەو یاریزانەیە کە پێشوازی لە هێرشی تیمی بەرامبەر دەکات کاتێک تۆپەکە دەگەڕێتەوە ناوچەکەی.
  • بەرزکەرەوە: یاریزانی دووەمە کە پەیوەندی بە تۆپەکەوە دەکات و تۆپەکە ئامادە دەکات بۆ یاریزانی دواتر.
  • هێرشبەر: ئەو یاریزانەیە کە تۆپەکە دەنێرێتە ناوچەی تیمی بەرامبەر بە شێوەیەک کە گەڕاندنەوەی نییە، ئەم جووڵە بەهێزە بە (سپایک) یان کەپسە ناسراوە.
  • بەربەستکردن: ئەو یاریزانانە دەگرێتەوە کە لە لای تۆڕەکەوە وەستاون بۆ وەستاندنی هێرشی تیمی بەرامبەر و بەرپەچدانەوەیان.
  • بەرهەڵستکار: ئەو یاریزانەیە کە لە بەشی دواوە یاری دەکات و بەرگری دەکات لە جووڵە بەهێزەکە (سپایک)ـی تیمی بەرامبەر.

هەڵە باوەکانی یاری بالە

  • چوار لێدانی یەک لە دوای یەک لەلایەن یاریزانانی یەک تیمەوە.
  • گرتنی تۆپەکە بە دەست و فڕێدانی.
  • بەرکەوتنی یاریزان بە تۆڕەکە لە کاتی هێرش کردن و بەرگری.
  • قاچ خستنە سەر هێڵەکانی یاریگاکە لە کاتی لێدانی سێرڤ.
  • دەست لێدان لە تۆپ زیاتر لە جارێک لەلایەن یەک یاریزانەوە.


سەرچاوەکان



14414 بینین