سێ مانگی سێیەمی دووگیانی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-08-18:52:00 - کۆدی بابەت: 5798
سێ مانگی سێیەمی دووگیانی

ناوه‌ڕۆك

سێ مانگی سێیەمی دووگیانی

بە سێ مانگی کۆتاییش دەناسرێت، کە ماوەیەکی قورسە و بەڵام سەرنجڕاکێشە چونکە زۆری نەماوە منداڵەکە لەدایک ببێت، سێ مانگی سێیەم لە هەفتەی ٢٨ـدا دەست پێ دەکات تاکوو لەدایکبوونی منداڵەکە، لە سێ مانگی سێیەمدا کۆرپەلەکە گەورەتر و شلەی سەراو زیاتر دەبێت، ئاو زۆر کۆدەبێتەوە لە جەستەدا، زیادبوونی کێشی دایکەکە و هەروەها چەندین گۆڕانکاری لە جەستەی دایکەکەدا وەک گۆڕانکاری لە منداڵدان و مەمک و ئاوسانی جەستە.

نیشانەکانی سێ مانگی سێیەمی دووگیانی

لە سێ مانگی سێیەمدا گۆڕانکاری زۆر دێت بەسەر دایکەکەدا کە هەندێکیان ئاسایین و هەندێکیان نائاسایین، پێویستە خانمان وریابن و نیشانەکان لە یەکتری جیابکەنەوە، باوترین نیشانەی سێ مانگی سێیەمی دووگیانی بریتییە لە زۆر میزکردن، ماندوویەتی، بێ خەوی کە ئەویش زیاتر بە هۆی زیادبوونی جوڵەی منداڵەکەوەیە، قەلەقی، دڵەکزە، گۆڕانی ڕەنگی پێست، تەڕای دامێن، ئازاری سک.

ڕێژەی هۆڕمۆنەکان لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا زیاد دەکەن تاکوو شانە هاوبەشەکان سست ببن بۆ هاتنەدەرەوەی منداڵەکە و شل بوونی ناوچەی حەوز و بەمەش منداڵەکە دەتوانێت بە ئاسانتر بە ڕێڕەوی منداڵبووندا تێبپەڕێت.

ئازاری گەدە یاخود سک لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا

ئازاری گەدە لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا دەتوانێت هاوکات لەگەڵ با و قەبزی و گرژبوونی منداڵداندا بێت، هەروەها نیشانەکانی منداڵبوونی درۆینە، کە تێیدا گرژبوون و ژانی هەیە خانمەکە و بەڵام بێ زیانە و ژانی ڕاستی نییە، هەندێک هۆکاریش وەک کەمبوونەوەی ئاوی جەستە و یاخود ئەنجامدانی وەرزشێکی قورس هۆکارێکە بۆ گرژبوونی بەردەوامی منداڵدان.

ئەگەر چی ئەم ئازارانە ئاسایین و هی سێ مانگی سێیەمی دووگیانین بەڵام ناکرێت ئازارەکە بە جۆرێک بێت کە خانمەکە بەرگەی نەگرێت، چونکە ئەگەر ئازارەکە زیاد لە پێویست بوو دەکرێت هۆکارەکەی یەکێک لە مانەی خوارەوە بێت.

لە سێ مانگی سێیەم دا ئەگەر ئەم نیشانانەت هەبوو دەبێت سەردانی پزیشک بکەیت

  • تا
  • لەرز
  • سەرگێژخواردن
  • ڕشانەوە
  • دڵتێکچوون
  • خوێنبەربوون
  • ئازارێکی زۆری پشت و ڕان

ئازاری پشت و ڕان لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیەکەدا

ئازاری پشت لە سێ مانگی سێیەمدا زۆر بڵاوە، دەکرێت هۆکارەکەی زیادبوونی کێش و دووگیانی زۆر بێت، هەروەها خانمان بە هۆکاری شل بوون و کێشانی شانە هاوبەشەکان بەردەوام ئازاری ڕانیشیان هەیە، دەکرێت ئازاری پشت زیاتر بکات بە هۆی ئازاری ڕان و ناوچەی حەوزەوە، خەوتن لەسەر لای چەپ و بەکارهێنانی سەرین بۆ نێوان قاچەکان یارمەتت دەدات تاکوو ئازارەکەت کەمتر ببێتەوە.

ئەگەر ئازارەکە زۆر و گرژبوونی منداڵدان هەبوو کە ١٠ خولەک نێوانی هەبوو گرژبوونەکان، یاخود تەڕای دامێن بە ڕەنگی ئاڵ، یاخود پەمەیی و قاوەییت هەبوو سەردانی پزیشک بکە.

ئازاری شادەمار

ئازاری شادەمار لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا زۆر باوە، کە شادەمارەکە لە کەمەرەوە تاکوو خوارەوەی پێیەکان ئازاری هەیە، زۆرینەی خانمان دووچاری ئەم حاڵەتە دەبنەوە، چونکە منداڵدان گەورە بووە و پەستان دەخاتە سەر ئەو شادەمارە، ئەم پەستانە دەبێتە هۆی ئازار، تەزین و سڕبوون لە ناوچەی کەمەر و سمت و ڕاندا، دەکرێت هەردوو لا یاخود یەک لا بێت، بە گەرماوکردنی گەرم و دانانی سەرین لە نێوان هەردوو قاچەکان ئەم ئازارە کەمتر دەبێتەوە.

ئازاری زێ لە سێ مانگی سیێیەمی دووگیانیدا

ئازاری زێ لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیەکەدا دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ و پەستانی دەروونی لەسەر خانمەکە، ئازاری زێ بە هۆی کێشهاتنی و فراونبوونیەتی تاکوو ئامادە بێت بۆ منداڵبوونی سروشتی، بەڵام ئەگەر ئازارەکە یەکێک لەم نیشانانەی لەگەڵدا بوو ئەوا پەیوەندی بە پزیشکەوە بکە.

  • ئازارێکی قورسی زێ
  • خوێنبەربوونی زێ
  • ئازارێکی زۆری خواری سک

بێ خەوی لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا

بێ خەوی بە دوو جۆر ڕوودەدات وەک ئەوەی کە خانمەکە بە شەودا خەوی لێنەکەوێت، یاخود خەوی لێ بکەوێت و بەڵام زوو زوو خەبەری ببێتەوە.

توێژینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ٪٩٧ـی خانمان لە کۆتایی ماوەی دووگیانیەکەیاندا بە شێوەیەکی مامناوەندی شەوانە سێ جار خەبەریان دەبێتەوە، وە ٪٦٧ـی ئەم خانمەنە ئەوەشیان وتووە کە لە هەفتەیەکدا پێنج جار یاخود زیاتر لە خەو هەڵدەستن شەوانە.

چەند هۆکارێک کاریگەری هەیە لەسەر بێ خەوی خانمان

  • گەورەبوونی کۆرپەلەکە کاریگەری هەیە لەسەر پەستان خستنە سەر دایکەکە و هەناسەدانی دایکەکە قورستر دەکات.
  • بەهۆی ئازاری پشتەوە زۆر جار خانمەکە ناتوانێت بخەوێت
  • پرخەپرخ لە سێ مانگی کۆتایدا زۆر زیاد دەکات و ٪٣٠ـی خانمان بە هۆی هەوکردنی ڕێڕەوی لووتیان تووشی پرخەپرخکردن دەبن، ئەمەش هۆکارێکە تاکوو خانمەکە خەوی لێنەکەوێت.


سەرچاوەکان



50412 بینین