هۆکارەکانی گواستنەوەی نەوت

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-07-11-15:51:00 - کۆدی بابەت: 5836
هۆکارەکانی گواستنەوەی نەوت

ناوه‌ڕۆك

گواستنەوەی نەوت

لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دەرهێنان و دۆزینەوە نەوت لە ناوچەگەلێکدایە کە دوورە لە شارستانییەت و ئاوەدانییەوە، لەبەر ئەوەش پێویستە پلانی تۆکمە و ڕێکوپێک هەبن بۆ گواستنەوەی نەوتی خاو، جا چ ئەم گواستنەوەیە ئاڕاستەکەی بۆ هەناردەکردن بێت یان بۆ فرۆشتن و بەکارهێنان یاخود دابەشکردن، گواستنەوەش پێویستی بە هۆکاری جۆراوجۆر و تایبەت هەیە کە توانای گواستنەوەی نەوتیان بە سەلامەتییەکی زۆر هەبێت و مەترسیی و کێشە دروست نەبێت، وەک ئاگرکەوتنەوە و گڕگرتن، یاخود ڕوودانی کارەساتی ژینگەیی لە کاتی ڕوودانی هەڵە لە کرداری گواستنەوەدا.

ڕێگاکانی گواستنەوەی نەوت

گواستنەوە بە تەنکەر

گواستنەوەی نەوت و پاڵفتەکانی دەکرێت لە ڕێگەی تەنکەری سەر سکە ئاسنینەکان یاخود بە بارهەڵگرە گەورەکان، بەڵام دەبێت کۆمەڵە تایبەتمەندییەک هەبن لەو تەنکییانەدا کە کرداری گواستنەوەکەی پێ ئەنجام دەدرێت تا گەرەنتی ئەوە بکرێت کە کردارەکە بە سەلامەتی ئەنجام دەدرێت.

گواستنەوە لە ڕێگەی بۆرییەوە

ئەم شێوازە سەلامەتییەکی زۆری تێدایە، هەروەها کرداری گواستنەوەی نەوتەکە خێراتر دەکات لەبەر ئەوەی ڕێڕەوەکە هیچ بەربەرست و ڕێگرێکی تێدا نییە و ڕاستەوخۆ کێڵگە نەوتییەکان دەبەستێتەوە بە پاڵاوتگە یاخود بەندەرەکان.

ئەو بۆرییە تایبەتانەی گواستنەوەی نەوت لە چەند وڵاتێکی جیهاندا دروست دەکرێن، دانانی بۆرییەکانیش لەسەر ڕووی زەوی یاخود لە ژێر زەوی دەبێت بەڵام گرنگە کە نیشانە دابنرێت بۆ ئەوەی هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕوونەدات و مەترسی دروست نەبێت، هەروەها بۆرییەکانی نەوت دەکرێت بە بیابانەکاندا تێپەڕ ببن یاخود ببرێن بە بیاباندا، تەنانەت هەندێ وڵاتیش لە ژێر زەریاکاندا درێژی کردوونەتەوە و بەکاری دێنن، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە بۆریی نەوت لە هەموو ناوچە جوگرافیی و بارودۆخەکاندا کارایە لە گواستنەوەی نەوتدا.

گواستنەوەی دەریایی 

ئەم شێوازە وەک تەواوکەرێک بەکاردێت بۆ گواستنەوە بە بۆرییە نەوتییەکان، بە گەیشتنی نەوتی خاو بە بەندەرەکان دەبێت دوای خاوێنکردنەوەی نەوتەکە ڕاستەوخۆ بگوازرێتەوە، لێرەدا کۆمپانیاکانی گواستنەوەی نەوت گوێزەرەوەی نەوتی گەورەیان فەراهەم کردووە و قازانجێکی گەورە دەکەن لە گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی کەشتییە گوێزەرەوە نەوتییەکانەوە.

لەوانەیە گواستنەوەی دەریایی زۆرترین بەکارهێنانی هەبێت، لەبەر قورسیی درێژکردنەوەی بۆرییە نەوتەکان بۆ مەودا زۆر درێژەکان، بۆ نموونە لە چەندین وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کێڵگەی بەرهەمهێنی نەوت هەیە کە لە ئەمریکا و ئەوروپاوە نزیکەی 300 هەزار کیلۆمەتر دوورن، لەبەر ئەمە گرنگیی بەکارهێنانی گوێزەرەوە دەریاییەکان دێت، لەبەر ئەوەی دەتوانن بە کاراییەکی باش کاری گواستنەوە بکەن.


سەرچاوەکان



1052 بینین