منداڵبوونی درۆینە

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-07-11-16:46:00 - کۆدی بابەت: 5840
منداڵبوونی درۆینە

ناوه‌ڕۆك

منداڵبوونی درۆینە چییە؟ 

منداڵبوونی درۆینە یاخود گرژبوونی ناوەختی منداڵدان لەگەڵ منداڵبوون و ژانی ڕاستیدا جیاوازییەکی وای نییە، خانمەکە بە هۆی چەند نیشانەیەکەوە دەتوانێت لێکیان جیابکاتەوە، هەرچەندە جیاکردنەوەیان قورسه چونکە زۆرینەی نیشانەکانیان وەک یەکە.

منداڵبوونی درۆینە بە گرژبوونی ناوەختی منداڵدانیش دەناسرێت، لە سەرەتاکانی مانگی چوارەمی دووگیانییەوە دەست پێدەکات، بڕ و ژمارەی جارەکانی وردە وردە زیاتر دەکات لەگەڵ نزیکبوونەوە لە کاتی منداڵبوون، ئەم ئازار و گرژبوونانە درۆینەن و چونکە هیچ گۆڕانکارییەک لە ملی منداڵداندا ڕوونادات و ناکرێتەوە بۆ منداڵبوون، هەروەها منداڵبوونی درۆینە لە هەموو خانمێکی دووگیاندا ڕوونادات.

نیشانەکانی منداڵبوونی درۆینە

  • گرژبوونی ناڕێک
  • ڕەقبوونی سک
  • تەڕایی و هاتنە خوارەوەی شلەیەک لە زێدا بەڵام ئەگەر بۆنی شلەکە بۆنی ئەمۆنیا بوو، ئاوا پێویست بە نیگەرانی ناکات و چونکە شلەکە میز بووە و شلەی سەراو نەبووە.
  • ئازار و گرژبونەکان چەند جارێک ڕوودەدات لە ڕۆژێکدا و مەودای نێوانیان ١٠ بۆ ٢٠ خولەکە.
  • چەند گرژبوونەکەش زۆر بێت، خوێنبەربوون ڕوونادات.

چ شتێک دەبێتە هۆی زیادبوونی گرژبوونەکانی منداڵبوونی درۆینە

  • هەڵگرتنی قورسایی و کاری قورس و زۆر جوڵە وەک چونە سەر پلیکانە
  • جوتبوون
  • پڕبوونی میزەڵدان لە بەیانیاندا
  • کەمبوونەوەی ئاوی جەستە و هەبوونی تای بەرز
  • جوڵەی زۆر و توندی منداڵەکە لە منداڵداندا

گرژبوون و ئازار لە منداڵبوونی درۆینەدا چۆنە؟

ئەم گرژبوونانە وەک کێشانی ماسولکەکانی سکە، یاخود هەستکردن بە پەستان لە بەشی خوارەوەی سک و کشانی ڕان، ماوەی زیادبوونی ئەم گرژبوونانە کورتە و توندییەکەی بە تێپەڕبوونی کات زیاد ناکات و مەودای نێوانیشیان بە تێپەڕبوونی کات کورتر نابێتەوە، لە کاتی هەستکردنت بەم گرژبوونانە لە کۆتا هەفتەکانی دووگیانیدا دەبێت بزانیت کە منداڵبوونی ڕاستی نزیکە.

گرژبوون و ئازار لە منداڵبوونی ڕاستیدا چۆنە؟

گرژبوونی منداڵدان لە منداڵبوونی ڕاستیدا ئازاری زۆری هەیە لە ناوچەی پشت و خوارەوەی سکدا، هەروەها لەوانەیە هەندێک لە خانمان هەس بە پەستان بکەن لە ناوچەی حەوزدا، لە هەندێک کاتیشدا ئازار لە ناوچەی ڕانیشدا دروست دەبێت، ئەم گرژبوون و ئازارانە لە مەودایەکی ڕێکدا ڕوودەدەن و توندییەکەیان بە تێپەڕبوونی کات زیاد دەکات، بە گشتی هەر گرژبوونێک نزیکی ٣٠ تاکوو ٧٠ چرکە درێژە دەکێشێت.

جیاوازی لە نێوان گرژبوونەکانی منداڵبوونی درۆینە و منداڵبوونی ڕاستی

ژمارەی جارەکانی گرژبوون

لە منداڵبوونی ڕاستیدا ژمارەی جارەکانی گرژبوون لە مەودایەکی ڕێک و نزیک لە یەکەوە ڕوودەدەن، لە کاتێکدا کە لە منداڵبوونی درۆینەدا مەودای نێوان گرژبوونەکان بە تەواوەتی ناڕێکە.

توندی گرژبوونەکان

توندی گرژبوونەکان لە منداڵبوونی سروشتیدا وردە وردە زیاد دەکات، لە کاتێکدا کە لە منداڵبوونی درۆینەدا توندی و ئازار زیاد ناکات.

کاتی گرژبوونەکان

کاتی گرژبوونەکان لە منداڵبوونی ڕاستیدا نزیکی ٣٠ تا ٧٠ چرکەیە، لە کاتێکدا کە لە منداڵبوونی درۆینەدا کاتەکەی تەواو جیاوازە.

شوێنی دەستپێکی گرژبوونەکان

دەستپێکی گرژبوون لە منداڵبوونی ڕاستیدا لە بەشی خوارەوەی پشت دەست پێدەکات بەرەو لای سک دێت، بەڵام لە منداڵبوونی درۆینەدا ئازار لە بەشی خوارەوەی سک و ڕانەکاندا دەست پێدەکات.

ملی منداڵدان

ملی منداڵدان لە کاتی زیادبوونی گرژبوونەکان لە منداڵبوونی ڕاستیدا دەکرێتەوە، بەڵام بە درێژایی گرژبوونەکانی منداڵبوونی درۆینە هیچ گۆڕانکارییەک ڕوونادات لە ملی منداڵداندا.

خوێنبەربوون

بە درێژبوونەوەی گرژبوونەکانی منداڵبوونی ڕاستی خوێن لە زێوە دێتە دەرەوە، بەڵام بە درێژایی گرژبوونی منداڵبوونی درۆینە خوێنبەربوون ڕوونادات.

کۆنتڕۆڵکردنی گرژبوونەکانی منداڵبوونی درۆینە

  • پیاسەکردن
  • بەردەوام شێوازی پاڵکەوتنەکەت بگۆڕە لە کاتی پاڵکەوتندا
  • پشوودان
  • خواردنەوەی ئاوی پێویست
  • خۆشۆردن بە ئاوی گەرم
  • مەساج

تێبینی: ئەگەر بە ئەم ڕێگایانە ئازارەکە کەم نەبوویەوە و ئەم نیشانانەت هەبوو سەردانی پزیشک بکە

  • هەستکردن بە هەر گۆڕانکارییەک لە جوڵەی منداڵەکەدا، کاتێک منداڵەکە زیاتر لە ١٠ جار بجوڵێت لە کاتژمێرێکدا.
  • خانمەکە نەتوانێت لەسەر پێی خۆ ڕاوەستێت و بڕوات بە هۆی گرژبوونی زۆرەوە.


سەرچاوەکان



2419 بینین