نەرمەواڵەی بێتا

له‌لایه‌ن: - محمد تاهیر - به‌روار: 2021-07-17-23:51:00 - کۆدی بابەت: 5936
نەرمەواڵەی بێتا

ناوه‌ڕۆك

بێتا

نەرمەواڵەی بێتا بریتییە لە نەرمەواڵەیەک (پڕۆگرام)ـی کۆمپیوتەر یان هەر ئامێرێکی ئەلیکترۆنی کە لە قۆناغی تاقیکردنەوەیایە و هێشتا بە شێوەیەکی فەرمی بڵاونەکراوەتەوە، قۆناغی بێتا بەدوای قۆناغی ئالفادا دێت، بەڵام ئەم قۆناغە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی وەشانی کۆتایی، هەندێک جار نەرمەواڵە لە قۆناغی بێتادا بۆ چەند کەسێکی دیاریکراوە کە کاری پێبکەن بەڵام هەندێک جاریش بۆ هەموو کەس بەردەستە.

پڕۆگرامەرەکان وەشانی بێتای نەرمەواڵەکان بڵاودەکەنەوە بۆ ئەوەی بۆچوونی بەسوود وەبگرن دەربارەی نەرمەواڵەکەیان پێش ئەوەی وەشانی کۆتایی بڵاو بکەنەوە، بۆیە زۆرجار وێب فۆڕم دروستدەکەن بۆ ئەوەی بەکارهێنەران بتوانن بیر و بۆچوونەکانی خۆیان بە پڕۆگرامەرەکان ڕابگەیەنن، هەروەها هەندێک نەرمەواڵە هەیە کە لەناو خودی نەرمەواڵەکە خۆیا بەشی تایبەت بە ئاگادارکردنەوەی تێدایە، کە بەکارهێنەران دەتوانن بەکاریبهێنن بۆ داواکردنی تایبەتمەندی نوێ یان ئاگادارکردنەوەی پەرەپێدەرەکان بە هەر کێشەیەک کە لە نەرمەواڵەکەدا هەیە.

لەزۆربەی حاڵەتەکاندا پڕۆگرامەرەکان چەند وەشانێکی بێتای نەرمەواڵەیەک بڵاودەکەنەوە، کە هەر وەشانێک تایبەتمەندی نوێ و کێشە چاک کراوەکانی تێدایە کە بەکارهێنەران داوایان کردووە، قۆناغی بێتا لەوانەیە چەند هەفتەیەک بخایەنێت بۆ نەرمەواڵە بچووکەکان و چەند مانگێک بخایەنێت بۆ نەرمەواڵە گەورەکان.

هەر وەشانێکی بێتا لە ژمارەی وەشانی نەرمەواڵيکەدا دیاریدەکرێت، بۆ نمونە پێنجەم بێتای وەشانی دوەەمی نەرمەواڵەیەک بەم شێوەیە ژمارەی وەشانەکەی دەنووسرێت "2.0b5"، بەڵام گەر پڕۆگرامەرەکان نەیانەوێت وەشانی بێتای نەرمەواڵەکەیان ئاشکرابکەن ئەوا وشەی بێتا (beta) لە تەنیشت ناوی نەرمەواڵەکەیان دەنووسن بۆ نمونە "Zaniary (beta)"، زیاتر ڕێگای دووەم بەکاردەهێنرێت بۆ ناونانی وەشانەکانی بێتای وێب سایت و نەرمەواڵەکانی وێب (web application).

چونکە وەشانی بێتا وەشانی کۆتایی نەرمەواڵەکە نییە بۆیە لەوانەیە ناجێگیربێت و تایبەتمەندی تەواوی نەبێت و هەروەها کێشەی تێدابێت، بۆیە وەشانەکانی بێتا پێش بەکارهێنانیان ئاگادارت دەکەنەوە کە نەرمەواڵەکە تەواو نەکراوە و لەوانەیە کێشەی تێدابێت بۆیە دەبێت ئاگاداربیت و لەسەرە ئەستۆی خۆت نەرمەواڵەکە بەکاربهێنیت.


سەرچاوەکان



478 بینین