چ کاتێک بڕیار دەدرێت خانمێک منداڵەکەی بە نەشتەرگەری ببێت؟

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-17-20:45:00 - کۆدی بابەت: 6329
چ کاتێک بڕیار دەدرێت خانمێک منداڵەکەی بە نەشتەرگەری ببێت؟

ناوه‌ڕۆك

منداڵبوون

باشترین جۆری منداڵبوون، منداڵبوونی سروشتییە، بەڵام کاتێک دایکێک نەتوانێت بە سروشتی منداڵی ببێت ناچارە بە نەشتەرگەری منداڵەکەی ببێت، بۆ ئەمەش پزیشک بڕیار دەدات.

ئەو حاڵەتانەی کە زۆر جار پزیشک بڕیار دەدات بە نەشتەرگەری چین؟

کاتێک کە هەنگاوەکانی منداڵبوونی سروشتی بەرەوپێش ناچێت

دواکەوتنی منداڵبوونی سروشتی باوترین هۆکارە تاکوو دایکێک بە نەشتەرگەری منداڵەکەی ببێت، ئەویش زۆر جار بە هۆی ئەوەوەیە کە ملی منداڵدان بە جوانی نەکراوەتەوە یاخود سەری منداڵەکە زۆر گەورەیە.

کەمی چوونی ئۆکسجین بۆ منداڵەکە

لەوانەیە لە کاتی منداڵبووندا منداڵەکە کێشەی کەمی ئۆکسجینی هەبێت، یاخود کاتێک پزیشک پشکنین دەکات لێدانی دڵی منداڵەکە و دەزانێت کە کێشەیەکی تێدایە، لەم کاتەدا بڕیار دەدات بە نەشتەرگەری خێرا.

منداڵەکە لە بارودۆخێکی نائاسایدایە

ئەو منداڵانەی کە سوارن واتە لە جیاتی سەر دەست و قاچ یاخود سمتیان دێتە پێشەوە و بەرەو دەرەوە دێت، لەم حاڵەتەدا ئەگەر منداڵەکە ڕێک نەبێتەوە پێویستە نەشتەرگەری بکرێت بۆ دایکەکە بۆ بکرێت بۆ لەدایکبوونی منداڵەکەی.

سەری منداڵەکە لە شوێنێکی هەڵەدایە

ئەگەر کاتێک منداڵەکە بە چەناگەی یاخود بە ناوچاوی بەرەو ملی منداڵدان بێت و بییەوێت بێتە دەرەوە، لەم حاڵەتەشدا نەشتەرگەری بەسوودترە بۆ دایکەکە.

منداڵی دووانە و یاخود زیاتر

کاتێک دووان یاخود چەند منداڵێکی زیاتر لەناو منداڵدانی دایکدان بێگوومان یەکێک لەو منداڵانە، لە بارودۆخێکی ناهەمواردایە و کێشەی تەندروستی هەیە، بۆیە واباشترە بە نەشتەرگەری دەربهێنرێن.

کێشەکانی وێڵاش

ئەگەر پێش منداڵبوون وێڵاش لە دیواری منداڵدان جیاببێتەوە، یاخود وێڵاش هاتبێتە خوارەوە و ملی منداڵدانی داپۆشیبێت، پێویست بە نەشتەرگەری دەکات.

کێشەکانی ناوکە پەت

کاتێک کە ناوکە پەتک پێش منداڵەکە دەچێتە ملی منداڵدانەوە، یان کاتێک کە ناوکە پەتکەکە بەهۆی گرژبوونەکانی منداڵدانەوە بەهۆی منداڵدانەوە گوشراوە و فشاری زۆری لەسەر بووە.

گەورەبوونی منداڵ

هەندێک منداڵ ئەوەندە گەورەن کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت بە سروشتی بێنە دونیاوە، ئەم حاڵەتەش کاتێک ڕوودەدات کە دایکەکە شەکرەی هەبووبێت لە ماوەی دووگیانیدا.

نەخۆشی دایک

ئەگەر دایکەکە توشبووی هەندێک نەخۆشی بێت وەک، شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ، نەخۆشی سییەکان، پزیشک بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر دایکەکە کەم بکاتەوە بڕیار دەدات کە دایکەکە بە نەشتەرگەری منداڵەکەی ببێت، هەروەها کاتێک دایکێک توشبووی نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان بێت، چونکە هاتنی منداڵەکە بە ڕێڕەوی منداڵبووندا ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکەی بۆ هەیە.

نەخۆشییەکانی منداڵ

لەوانەیە هەندێک جار منداڵەکە کێشەی گەشەکردنی هەبووبێت لە سکی دایکەکەدا و دووچاری چەند نەخۆشییەک بووبێتەوە وەک، ئاوسانی سەر، یاخود بڕبڕە قڵیشاو.

پێشینەی منداڵبوونی دیکە بە نەشتەرگەری

بە پێی بڕین و هاندێک هۆکاری دیکە دەکرێت دوای منداڵبوون بە نەشتەرگەریش منداڵبوونی سروشتی ڕووبدات، بەڵام زۆرینەی جار ئەو دایکانەی کە پێشتر منداڵی دیکەیان بە نەشتەرگەری بووە بۆ منداڵبوونی داهاتووشیان هەر بە نەشتەرگەری دەیانبێت.


سەرچاوەکان



3223 بینین