زەیتی کونجی

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-09-15-23:22:00 - کۆدی بابەت: 6592
زەیتی کونجی

ناوه‌ڕۆك

زەیتی کونجی چییە؟

زەیتی کونجی زەیتێکی گونجاوە بۆ خواردن و لە تۆوی کونجی دروست دەکرێت، لە دروستکردنی خواردندا بەکاردێت بۆ مەبەستی زیاترکردنی تامی خواردن و تام و بۆنێکی خوازراو و بەهێزی هەیە، بەڵام باشترە کە بۆ سوورکردنەوەی خواردن بەکارنەیەت و دوای سوورکردنەوەی کەمێک لەم زەیتە بەسەر خواردنەکەدا بکرێت، ئەم زەیتە یەکێکە لەو کۆنترین زەیتانەی کە لە دانەوێڵەوە بەرهەمهێنراون، بەرهەمهێنانی مۆدێرنی زەیتی کونجی سنووردارکراوە بەهۆی شێوازی ناڕێکی پرۆسەی ئەو دروێنەکردنەی کە پێویستە بۆ دەرهێنانی زەیتی کونجی، دوو جۆری سەرەکی لە زەیتی کونجی هەیە کە پێیان دەوترێت زەیتی کونجی برژاو و زەیتی کونجی نەبرژاو، زەیتی کونجی نەبرژاو ڕەنگێکی ڕوونی هەیە، بەڵام زەیتی کونجی برژاو ڕەنگێکی تێر و تاریکی هەیە.

مێژووی زەیتی کونجی

بە شێوەیەکی مێژوویی کونجی زیاتر لە ٥٠٠٠ ساڵ پێش ئێستا چێندراوە، تۆوی کونجی یەکێک بووە لە یەکەمین دانەوێڵەکان کە لە ڕێگەیەوە زەیت و بەهارات بەرهەمهێنراوە، کونجی لە شارستانییەتی هیندۆسەکاندا چێندراوە و دانەوێڵەیەکی بنچینەیی بووە بۆ بەرهەمهێنانی زەیت، نزیکی ٢٥٠٠ ساڵ پێش زایین میزۆپۆتامیا ئاشنای کونجی و زەیتەکەی بووە.

سوودە سەرەکییەکانی زەیتی کونجی

دەوڵەمەندە بە دژەئۆکسان

زەیتی کونجی دوو پێکهاتەی دژەئۆکسانی تێدایە بە ناوی سێسمۆڵ و سێسمینۆڵ کە کاریگەری بەهێزیان هەیە لەسەر تەندروستی، دژەئۆکسانەکان یارمەتی پاراستنی لەش دەدەن دژی تێکشکانی خانەکان بەهۆی تەنۆلکەی سەربەستەوە، تەنۆلکەی سەربەست بەو تەنۆلکانە دەوترێت کە ئۆکسجینی تێدایە بە ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن، ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن وا لە ئۆکسجین دەکات بە ئاسانی کارلێک بکات لەگەڵ گەردەکانی تردا، تەنۆلکەی سەربەست دەبێتە هۆی ڕوودانی چەند کارلێکێکی کیمیاییی لە لەشدا و ئەم کارلێکانە ئەگەری هەیە سوودبەخش یاخود زیانبەخش بن و ببن بە هۆکاری توشبوون بە نەخۆشی یاخود هەوکردن، لە توێژینەوەیەکدا ئەوە سەلمێنراوە کە تەواوکەری خۆراکی زەیتی کونجی یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی لەش دژی نەخۆشی تێکشکانی خانەکانی دڵ، هەروەها دەبێت بەهۆی زیادکردنی چالاکی دژەئۆکسانەکان.

تایبەتمەندی دژەهەوکردنی هەیە

هەوکردنی درێژخایەن زیانبەخشە و دەبێت بە هۆی تووشبوون بە نەخۆشی، هەر لەبەر ئەمەش گرنگە تا دەتوانرێت ڕێگری لەو جۆرە هەوکردنە بکرێت، لە چارەسەرە ڕەسەنەکانی وڵاتی تایواندا بۆ ماوەیەکی درێژخایەن زەیتی کونجی وەک دژەهەوکردن بەکارهاتووە، هەروەها بۆ چارەسەری ئازاری ددانەکان و خووران بەکارهاتووە، لە چەند توێژینەوەیەکدا ئەوە سەلمێنراوە کە زەیتی کونجی دەتوانێت هەوکردن کەم بکاتەوە.

بەسوودە بۆ تەندروستی دڵ

زەیتی کونجی ٨٢٪ بریتییە ترشە چەوری ناتێر و ژەمێکی دەوڵەمەند بەم ترشە چەورییانە بەسوودە بۆ تەندروستی دڵ، بە شێوەیەکی بنچینەیی زەیتی کونجی دەوڵەمەندە بە ترشە فرە چەورییەکانی ئۆمێگا-٦ کە ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکانی دڵ، هەروەها دەتوانێت ڕێژەی کۆلێستڕۆڵ کەمبکاتەوە ئەگەر لەبری چەورییە تێرەکان بەکاربێت، لە توێژینەوەیەکدا کە بۆ ماوەی مانگێک لەسەر ٤٨ کەسی پێگەیشتوو ئەنجامدراوە ئەوە سەلمێنراوە کە ئەو کەسانەی ڕۆژانە ٤ کەوچکی چێشت (٥٩ میلیلیتر) لە زەیتی کونجیان خواردووە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی چەوری زیانبەخش LDL لە لەشیاندا کەمی کردووە بەبەراود بەو کەسانەی کە زەیتی زەیتوونیان خواردووە.

یارمەتیدەرە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن

زەیتی کونجی دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ ڕێککردنەوەی تەندروستانەی شەکری خوێن، کە ئەمەش گرنگە بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە، لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر ٤٦ کەسی پێگەیشتووی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو ئەنجامدراوە، ئەوە سەلمێنراوە کە ئەو کەسانەی رۆژانە بۆ ماوەی ٩٠ ڕۆژ زەیتی کونجیان خواردووە بە شێوەیەکی بەرچاو ڕێژەی شەکری خوێنیان دابەزیووە.

یارمەتیدەرە بۆ زوو چاکبوونەوەی برین و سووتان

جگە لەوەی زەیتی کونجی چەندین سوودی جیاوازی تەندروستی هەیە دەتوانرێت بە شێوەیەکی باش بەکاربێت بۆ چارەسەری برین و سووتان، ئۆزۆن گازێکی سروشتییە کە دەتوانرێت لە بواری پزیشکیدا بەکاربێت، مێژووی بەکارهێنانی ئەم گازە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٤ کاتێک بە درێژایی جەنگی جیهانی یەکەم بەکاردەهات بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی جەنگ، ئۆزۆن لەگەڵ زەیتدا بەکاردەهات و پێیان دەوترا زەیتە بە ئۆزۆنکراوەکان و بە شێوەیەکی سەرەتایی بەکاردەهات بۆ چارەسەری چەند کێشەیەکی جیاوازی پێست، توانای زەیتی کونجی بۆ خێراکردنی چاکبوونەوەی برین و سووتان دەتوانرێت پەیوەست بکرێت بە تایبەتمەندی دژەئۆکسان و دژەهەوکردنی ئەو زەیتە.

بەسوودە بۆ تەندروستی پێست

زەیتی کونجی نمرەی کەمی هەیە لە پێوەری هۆکاری زیپکە کە زمانی ئینگلیزی پێی دەوترێت (comedogenic)، ئەم پێوەرە نا ڕەسمییە زەیتەکان ڕێکدەخات بە پێی تایبەتمەندیان بۆ هۆکاری هەوکردنی کونیلەکانی پێست، ئەم پێوەرە نمرەی سفر تاکوو پێنجی هەیە، نمرەی سفر بە مانای ئەوە دێت کە ئەو زەیتە نابێت بە هۆکاری هەوکردنی کونیلەکانی پێست و  دروستبوونی خاڵی ڕەش و سپی و زیپکەی پێست، بە پشت بەستن بە توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ١٩٨٩ لە گۆڤاری کۆمەڵەی کیمیازانانی بواری جونکاریدا بڵاوکراوەتەوە، زەیتی کونجی پوختەکراو نمرەی یەکی وەرگرتووە لە پێوەری هۆکاری زیپکە و زەیتی کونجی پوختەنەکراو نمرەی سێی وەرگرتووە، چونکە زەیتی کونجی کونیلەکانی پێست ناگرێت و نابێت بە هۆکاری زیپکە دەتوانێت کاریگەری باشی هەبێت لەسەر پێستی زیپکاوی، تایبەتمەندییەکانی دژەهەوکردنی زەیتی کونجی دەتوانرێت وای لێبکات توانای هەبێت دژی زیپکەی پێست کاریگەربێت، بەڵام هیچ بەڵگەنامەییەکی زانستی نییە تاکوو بۆ ئەم مەبەستە پشتی پێ ببەسترێت، هەروەها توێژینەوە لەسەر زەیتی کونجی سنووردارە بەتایبەت ئەگەر توێژینەوەکە دەربارەی سوودەکانی بێت بۆ پێست، بەڵام چەند زانیارییەک دۆزراوەتەوە دەربارەی تایبەتمەندی دژەئۆکسان و دژەهەوکردن و دژەمیکرۆبی ئەم زەیتە.

چۆن بزانرێت کە زەیتی کونجی گونجاوە بۆ پێستی بەکارهێنەر؟

زەیتی کونجی بۆ پێستی زۆربەی خەڵک گونجاوە، بەڵام دەتوانێت کارلێک بکات و زیان بە هەندێک جۆری پێست بگەیەنێت، بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە پێستێکی هەستیارییان هەیە، بەم چەند ڕێگایە دەتوانرێت بزانرێت زەیتی کونجی گونجاوە بۆ پێست یاخود نا:

  1. شۆردن و وشککردنەوەی بەشی ناوەوە و سەرەوەی قۆڵ واتە نزیکی ئانیشک.
  2. بە لۆکەیەک بڕێکی کەم لە زەیتی کونجی بدرێت لەو شوێنەی قۆڵ.
  3. پاشان ئەو شوێنە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بە لەفاف داپۆشرێت.
  4. ئەگەر بەکارهێنەر هەستی بە خووران یاخود کزانەوە کرد، پێویستە لەفافەکە لاببات و شوێنەکەی بشوات، ئەم ئەنجامە بە واتای ئەوە دێت کە زەیتی کونجی نەگونجاوە بۆ ئەم جۆرە پێستە.
  5. ئەگەر بەکارهێنەر هەستی بە هیچ کزانەوە و خوورانێک نەکرد پێویستە تاکوو ٢٤ کاتژمێر لەفافەکە لانەبات و چاوەڕێی ئەنجام بێت، ئەگەر دوای ٢٤ کاتژمێری تەواو هەستی بە پێستێکی ڕوون و خاوێن کرد بە واتای ئەوە دێت کە هیچ هەستیارییەکی نییە بۆ زەیتی کونجی و دەتوانێت بە شێوەیەکی باش بەکاری بهێنێت.


سەرچاوەکان

669 بینین