١٢ حاڵەت بۆ کەمکردنەوەی ژانی منداڵبوون

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-20-20:24:00 - کۆدی بابەت: 6647
١٢ حاڵەت بۆ کەمکردنەوەی ژانی منداڵبوون

ناوه‌ڕۆك

ژانی منداڵبوون

منداڵبوون بە دوو ڕێگا دەبێت سروشتی و نەشتەرگەری، منداڵبوون بە سروشتی باشترین ڕێگایە بۆ منداڵبوون بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ژان و ئازارێکی زۆری لەگەڵدایە، بۆیە گرنگە خانمان خۆیان باش ئامادەبکەن و کاتی ژانی منداڵبوون هەندێک حاڵەت بگرنە بەر تاکوو ژانەکەیان کەمتر ئازاریان بدات.

١٢ حاڵەت بۆ کەمکردنەوەی ژانی منداڵبوون

دانیشتن لەسەر تۆپی هۆڵی لەشجوانی

لەسەر تۆپەکە دابنیشە، واباشترە کاتێک کە دانیشتوویت کەسێک قاچ و ئەژنۆت بگرێت، چونکە فشار هێنان بۆ قاچ و ئەژنۆ دەبێتە هۆی ئازاری پشت، یاخود لەسەر تۆپەکە دابنیشە و قاچەکانت زۆر بڵاو بکەرەوە و دواتر دایخەرەوە و بەم شێوەیە بەردەوامبە.

ڕێ ڕۆشتن لەگەڵ هاوسەرەکەتدا

ڕێ ڕۆشتن و پیاسەکردن بۆ سەرەتایی دووگیانی زۆر گرنگە، دەستت بخەرە ناو دەستی هاوسەرەکەت و هێزی خۆت بدە بەسەر ئەودا، و هەروەها بە دەستەکەی دیکەی مەساج بکات بە پشتت تاکوو ئازارەکە کەمتر ببێتەوە.

دانیشتن لەسەر کورسی بە پێچەوانەوە

پشتت مەدە لە پشتی کورسییەکە و بە پێچەوانەوە دابنیشە جەستەت ببەرە پێشەوە، و هەوڵبدە کاتێک کە بەم شێوەیە دانیشتوویت کەسێک مەساج بۆ پشتت بکات، ئەم دانیشتنە یارمەتیدەرێکی زۆرە تاکوو ئازاری پشتت کەمتر بکاتەوە.

دابەزین بە یەک قاچ

بە پێوە ڕابوەستە و کورسییەک لە بەردەم خۆتدا دابنێ و یەکێک لە قاچەکانت بخەرە سەر کورسییەکە و کەمێک بچەمێرەوە بەرەو پێشەوە، ئەم کارە زۆر یارمەتیدەرە تاکوو منداڵەکە بە ئاسانی لە زێوە بێتە دەرەوە، هەروەها کاتێک بەرەو پێشەوە دەچەمیتەوە ئازاری پشتت کەمتر دەبێتەوە، ئەگەریش کورسیت لانەبوو ئەوا تەنها قاچێکت بخەرە پێشەوە.

دانیشتن لەسەر کورسی

بۆ ئەوەی منداڵەکەت زووتر بێتە دەرەوە واباشترە کە لەسەر کورسییەک دابنیشیت و کورسییەک ڕووبەڕوی خۆت دابنێیت، یەکێک لە قاچەکانت بە ڕێکی بخەیتە سەر کورسی بەرامبەرت و دواتر ئەو قاچەت بچەمێنەرەوە و هەوڵبدە بەرەو پێشەوە بچیت.

دانیشتن لەسەر هەردوو ئەژنۆ

تۆپێکی هۆڵی لەشجوانی بهێنە و هەردوو ئەژنۆت بخە سەر زەوی و خۆت بدە بەسەر تۆپەکەدا، ئەم جۆرە حاڵەتەیان باشترینە تاکوو منداڵەکە زووتر لە ڕێڕەوی منداڵبووندا بتوانێت بێتە دەرەوە و وادەکات کە ملی منداڵدان زووتر بکرێتەوە و هەروەها گرنگە بۆ لابردنی ئازاری پشت.

سکوات 

بۆ ئەنجامدانی سکوات دەست بگرە بە لێواری کورسی یاخود تەختەیەکەوە و لەسەر دوو قاچت دابنیشە و هەستەرەوە.

سکوات کردن یارمەتیت دەدات لەم حاڵەتانەی خوارەوەدا:

  • کەمکردنەوەی ئازاری پشت.
  • زوو کرانەوەی ملی منداڵدان.
  • ئەندازەی ملی منداڵدان چەند سانتیمەترێک زیاتر دەکرێتەوە.
  • هاتنە ناوەوەی منداڵ بۆ ڕێڕەوی منداڵبوون.
  • زوو هاتنە دەرەوەی منداڵەکە.
  • بەشێوەیەکی باشتر دەتوانیت پاڵ بنێیت.

بەکارهێنانی سەرین

لەسەر زەوی بە تەختی دابنیشە و سەرین بخەرە ژێر کەمەر و سمتتەوە، داوا لە هاوسەرەکەت بکە لە پشتەوە بتگرێت و ئەژنۆکانت بچەمێنەرەوە و قاچەکانت لە یەکتری جیابکەرەوه و ئەژنۆکانت بەرەو لای جەستەت ڕابکێشە، هەر کە گرژبوونی منداڵدانت دەستی پێ کرد بەرەو پێشەوە بڕۆ و دواتر بگەڕێوە بەرەو دواوە.

وەستان لەسەر شێوازی پشیلە

بە شێوەی پشیلە لەسەر زەوی بوەستە واتە هەردوو دەست و قاچەکانت بخەرە سەر زەوی.

سوودەکانی ئەم حاڵەتە بریتین لە:

  • ئۆکسجینی زیاتر دەگات بە منداڵەکە.
  • کەمکردنەوەی ئازاری پشت.
  • منداڵەکە زۆر ئاسانتر دەسوڕێت لە سکی دایکیدا.
  • خێرا لەدایکبوونی منداڵەکە.

ئەگەر دەستەکانت ماندوو بوو شانەکانت بهێنەرە خوارەوە و سەرت بخەرە سەر سەرینێک، کاتێک ئەم ڕاهێنانە دەکەیت داوا لەو کەسە بکە کە لەگەڵتدایە کە پشتت و ڕانەکانت مەساج بدات.

خەوتن لەسەر لای چەپ

ئەگەر ماندوو بوویت لەسەر لای چەپ پاڵکەوە و سەرینێکی نەرم بخەرە بەینی هەردوو قاچەکانت، کە ئەم حاڵەتە سوودانەی هەیە:

  • کەمکردنەوەی ئازاری پشت.
  • لابردنی ماندوویەتی.
  • ئۆکسجینی باشتر دەگات بە منداڵەکە.

خەوتن لەسەر لا بە بەرز کردنەوەی قاچێک

لەسەر زەوی بە لای چەپدا پاڵبکەون و قاچێکت ببەرە سەرەوە و با هاوسەرەکەت قاچت بۆ بگرێت و هاوسەنگیت ڕاگرێت.

خەوتن لەسەر پشت

بکەوە بە پشتدا و قاچەکانت بەرەو ناوەوەی سک بچەمێنەرەوە و پشتت بە باشی دابێتی لە زەوی، دەستت بەرز بکەرەوە و بیدە لە ئەژنۆکانت.


سەرچاوەکان



11439 بینین