هەنگ

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-03-14:26:00 - کۆدی بابەت: 6775
هەنگ

ناوه‌ڕۆك

هەنگەکان

هەنگ (بە عەرەبی: نحل، بە ئینگلیزی: bee)، بە جۆرێک لە مێرووەکان پۆلێندەکرێت، زیاد لە ٢٠ هەزار جۆری جیاوازی هەیە، جگە لە بەرهەم هێنانی هەنگوین کە سەرچاوەیەکی خۆراکی بەسوودە و چارەسەری نەخۆشی زۆرە، هەنگەکان لە سروشتدا خزمەتێک پێشکەش دەکەن هاوتا و هاوشێوەی نییە، کە بەرپرسن لە پەڕاندنی %٨٠ـی ڕووەکە گوڵدارەکان و %٧٥ـی درەختە بەردارەکان و چەرەس و سەوزەکان، بۆیە هەنگەکان هەموو ناوچەکانی جیهانیان کردووە بە نشینگەیان لە بیابان و دارستان و تەنانەت ناوچە بەستووەکانیشدا دەژین.

شێوەی دەرەوە

هاوشێوەی هەموو مێرووەکانی دیکە جەستەی هەنگەکان لە سەر و سک و باڵ و ٦ پێ پێکهاتووە، بەڵام بە گوێرەی جۆرە جیاوازەکانی شێوە و ڕەنگ و نشینگە و شێوازی ژیانکردن و وەرزی ئەنجامدانی چالاکی و جۆری ئەو گوڵانەی کە سەردانی دەکەن و قەبارەکانیان دەگۆڕێت، بە گشتی قەبارەی هەنگێکی پێگەیشتوو لە نێوان ٢ ملم بۆ ٤ سم دەبێت.

خۆراک

لە دیاریکردنی ژەمی خۆراکدا هەنگەکان مێرووی هەڵبژێرەرن، دەبینین کە هەنگەکان بەسەر زۆرینەی گوڵەکانەوە دەنیشنەوە بەڵام خۆراک لە هەموویانەوە وەرناگرن، هەنگەکان بە ئەوە ناسراون کە شیلەی گوڵەکان دەمژن، ئەمەش سەرچاوەی خۆراکییەتی کە کاربۆهایدرایت و ئاو لەخۆ دەگرێت، هەندێک لە جۆرەکان دەتوانن جێگەی ئەو گوڵانە دەستنیشان بکەن کە بڕێکی زۆر شیلەیان هەیە، لە ڕێگەی پێوانەکردنی بڕی شەپۆلی بارگە کارەباییەکانی تایبەت بە گوڵەکە، هەروەها هەنگەکان تۆوی گوڵەکانیش دەخۆن ئەمەیان دەبێتە سەرچاوەی پڕۆتین و ترشی ئەمینی و چەوری و کۆلیسترۆڵ و چەندنین ماددەی پێویستی دیکە.

سوڕی ژیانی هەنگ

هەنگەکان پێکەوە و بە کۆمەڵە کار دەکەن، ئەندامەکانی کۆمەڵەکان بریتین لە شاژن و نێرینە و ئیشکەرەکان، هەر جۆرێک پێکهاتەی جەستەی و ئەرکەکانی دەگۆڕێت، بەڵام هەموویان لە بنەڕەتدا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هێلکەیەکی لولەییدا بوون لە کونێکی کۆمەڵەکەدا، دواتر هەڵهاتوون لە هێلکەکانیان و بوون بە کرمۆکەی بچووک کە پێویستییان بە گرنگی پێدان هەیە، دوای ئەوەی چەند ڕۆژێک خۆراکیان پێدەدرێت، دەرگا لەسەر کرمۆکەکان دادەخرێت بۆ ماوەی ١-٢ هەفتە، بۆ ئەوەی کاتی پێویستیان هەبێت ببن بە قۆزاخە، پاشان دەڕۆنە دۆخی مێرووی تەواوە کە سەر و جەستە و باڵ و پێیەکانیان دروستدەبێت.

پەیوەندیکردن

هەنگەکان بە گیانەوەری ژیر دادەنرێن و بۆ ئاماژەدان بە ڕووداوەکان سێ ڕێگای جیاواز بەکاردەهێنن، کە بریتین لە:

  • بەرکەوتن: هەنگەکان شاخیان هەیە بۆ هەستکردن بەکاریدەهێنن، لەکاتی بەرکەوتنی شاخەکان لەگەڵ تاکەکانی دیکە ئەوا ناسنامەی یەکتر دیاریدەکەن و یەکدی دەناسنەوە، بۆیە ئەو شاخانە بە بەردەوامی بە خاوێنی دەهێڵنەوە، یاخود بەرکەوتن بەهۆی قاچەکانەوە بۆ پێوانەکردنی بڕ و قەبارەی شانەی هەنگەکان.
  • فێرمۆنەکان: ماددەی کیمیاین لەکاتی دەردانیدا بۆنی تایبەتیان دەبێت و بەهۆیەوە ئەندامەکانی هەمان کۆمەڵە یەکدی دەناسنەوە، بەڵام شاژن فێرمۆنە تایبەتەکانی خۆی دەردەدات بۆ ڕێگریکردن لە هێلکە دانانی مێینەکانی دیکە، هەروەها هەندێک فێرمۆنی تایبەتی دیکە هەن لە ئەگەری هەبوونی مەترسی لە ناوچەکەدا دەردەدرێن.
  • سەماکردن: هۆکارێکی کاریگەرە کە هەنگ دوای گەڕانەوەی لە گەڕان بەدوای نشینگەی نوێدا ئەنجامی دەدات، لە ڕێگەی سەماکردنەکەیەوە پێشبینییەکانی بۆ جێگەکە و شێوەی و ڕاستییەکانی دەڵێت.

جۆرە سەرەکییەکانی

  • هەنگی گیزە: تایبەتمەندە بە قەبارە گەورەکەی و ڕەنگی ڕەش و زەردە، دەکرێت هەندێکیان ڕەنگەکانی سپی و پرتەقاڵیشیان تێدا بێت، و نزیکەی ٢٥ جۆری هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا.
  • هەنگی دارتاش: ئەم جۆرە دار و تەختە دەکات بە نشینگەی، هاوشێوەی هەنگی گیزەیە بەڵام ژیانکردنی بە تەنهایە، لە وەرزی زستاندا دەچێتە سووڕی متبوونەوە و دواتر لە بەهاردا یەکگرتن و زۆربوون ئەنجام دەدات.
  • هەنگی ئارەق: ئەم ناوەی لێنراوە چونکە هەندێک لە جۆرەکانی حەزیان لە ئارەقی مرۆڤە، هەندێکیان بە کۆمەڵە و پێکەوە دەژین و ئەوەکانی دیکە بە تەنهان، تایبەتمەندن بە ڕەنگە تۆخەکەیان یان بە تەواوەتی سەوزن یان بەشێکیان سەوزە، ئەم جۆرە ناوازەیە دەتوانێت هاوکاری پەڕاندنی ئەو گوڵانە بکات کە بە شەودا دەکرێنەوە بە سوود وەرگرتن لە ڕووناکی مانگ و ئەستێرەکان.
  • هەنگی هەڵکۆڵەر: ئەم هەنگانە لە زەویدا دەژین و تونێل دروست دەکەن بۆ نیشتەجێبوون.
  • هەنگی دروستکەر: ئەم جۆرانە لە ناوچە وشکەکاندا دەژین، مێینەکانیان بە تەنها و دوور لە کۆمەڵەکان دەژین.
  • هەنگی قرتێنەر: ئەم ناوەی لێنراوە چونکە بە شێوەیەکی بازنەیی گەڵاکان دەبڕێت و دواتر لە ماڵەکەیدا بەکاریدەهێنێت، و زۆرینەی جۆرەکانیشی بە تەنها دەژین.
  • هەنگی هەنگوینی ئەوروپی: ئەم جۆرە لەکاتی هەستکردن بە مەترسی، دڕندایەتی نیشان دەدات بە دەرکردنی پێکهاتەیەکی هاوشێوەی دەرزی لە سکییەوە بۆ پێوەدانی جەستەی بەرامبەرەکەی، بەهۆیەوە بەرگی دەرەوەی جەستەی لە ئەو ناوچەدا لێدەبێتەوە و بە دوایدا ئەندامەکانی ناوەوەی دەخزێنە دەرەوە، لە ئەنجامدا دوای چەند خولەکێک دەمرێت.

مەترسییەکانی لەناوچوون و چارەسەرەکان

لە سەرانسەری جیهاندا چەندین جۆر لە هەنگەکان ژمارەیان بە شێوەیەکی زۆر دابەزیوە و کەمبوونەتەوە، بەهۆی گۆڕانەکانی ژینگە و بەکارهێنان و ڕشتنی ماددەی جیاواز بۆ لەناوبردنی مێرووەکان و لەدەستدانی نشینگەکان و  بڵاوبوونەوەی هۆکارەکانی نەخۆشی و چەندین هۆکاری دیکەش، و لەبەر ئەوەی هەنگەکان بە هۆکارێکی سەرەکی بەردەوامبوونی مرۆڤەکان دادەنرێن ئەوا چەندین چارەسەر پێشنیار کراوە، وەک:

  • چاندنی ڕووەکە گوڵدارەکان بە درێژایی وەرزەکان بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین بڕی تۆو و شیلە بە بەردەوامی.
  • دەستەبەرکردنی نشینگەی گونجاو بۆ دروستکردنی لانەی هەنگەکان وەک قەدی درەختی وشکبوو یاخود لم.
  • کڕین یاخود دروستکردنی خانوو و ماڵی تایبەت بە هەنگەکان.


سەرچاوەکان



4883 بینین