ناوهڕۆك
ئەشکەوتەکەی سەردێمان
شاعیر: شێرکۆ بێکەس
بەرهەم: تریفەی هەڵبەست
شیعر: ئەشکەوتەکەی سەردێمان
پار ئەم وەختە ئەشکەوتەکەی «سەردێمان»
گرتبووینییە.. باوەشی گەرمی هیوا
هەریەکەمان وەکو مۆمێ بۆ ژیان
ئەتواینەوە لەناو تاریکیی شەوا.
***
چەن دڵێک بووین لە شینایی ئاسمانا
وەک ئەستێرە بۆ یەک ئەجریواینەوە
بەدوای گوڵی ئازادیی نیشتمانا
وەک پەپوولەی هیلاک ئەسووڕاینەوە.
***
سک هەڵگوشین، گەرووی وشکی تینوێتی
قاچی پڕ خوێن، ڕەنگی زەرد، لێوی بەبار
ورەی بە گیان بەر نەئەدا، لاوێتیی..
ئەیوت: زستان ئەبێ چۆک دا بۆ بەهار.
***
هەوری ڕەشی بێگانەی سەر کێوی ژین
کردی بە تۆف ڕژایە سەر زەویی سوور
بەڵام کڵپەی ئاگری بیر ڕاپەڕین..
نەورۆزی کرد بە مژدەی ئێمە لە دوور.
***
-مامە ڕووتەی پیرەمێردی سەرسپی
مێخی هێزی لە دڵمانا ئەچەقان
تەنها ئەو بوو نەهێنیی ئێمەی ئەدی
هەر ئەویش بوو تا سەر بسووتێ بۆمان.
***
لەگەڵ خۆرا بەیانیان هەڵئەهاتین
ملی ڕێگەی هەورازی ژینمان ئەگرت
جێ پێی شەهید تا سەر لووتکەی ئەبردین
لەوێش گیانیان دەستیان لە ملمان ئەکرد.
***
دەستمان لەناو دەستی تۆڵەی جووتیارا
پشتمان بە پشت کێوەکانی بەرزەوە
تۆوی دڵمان لەگەڵ برسی و هەژارا
ئەکردە ناو بنج و بێخی ئەرزەوە.
***
پار ئەم وەختە ئەشکەوتەکەی «سەردێمان»
ئاگردانی پڕ لە پشکۆی دەروون بوو
پایزی زەرد بە خۆری باوەڕی گیان
لەبەر چاومان بەهاری ڕۆژی ڕوون بوو
***
چاوی هەڵگورد لە پارێزی ئێشکا بوو
بۆ ئەوانەی جەرگی شەویان شەق ئەکرد
کوردایەتی ڕێگەی لەناو مێشکا بوو
زامی سەر سنگ گوڵی ئاڵی شەبەق بوو.
***
ئەشکەوتەکەی «سەردێمان»ی هاوڕێ
ڕەگی عومری لەم دنیایە قووڵترە
درەختی ئەو بەری خوێناوی ئەگرێ
دەروونی ئەو، بورکانێکی ئاگرە.
***
نەوەی کوردم لە سەنگەری ژینا
دەستە و یێخە لەگەڵ مردن شەڕ ئەکا
هەڵۆی تۆڵەی لەناو چەقی مەیدانا
مۆری بەڵێن بەخوێنی جەرگ تەڕ ئەکا
***
ئێستاش ئەوا ئەشکەوتەکە خامۆشە
جاڵجاڵۆکەی یادگاری ماڵ ئەکا
ساوای خەوی، پار ئەم وەختەی لە کۆشە
چاوەڕوانی بەهاری نوێی ساڵ ئەکا
***
ئەی ئەشکەوتی دەنگەوەرەی دەنگی کورد
ئێمە لەسەر بەڵێنی پار مابووین
پەڕەی گوڵمان بە ڕەنگی ڕوو سوور نەکرد
دڵ وەک ساماڵ، ڕووسپیش وەک هەتاوین.