سەلمۆن

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-25-18:30:00 - کۆدی بابەت: 6990
سەلمۆن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سەلمۆن یان سالمۆن یان سەلەمون (بە عەرەبی: سلمون، بە ئینگلیزی: salmon)، لە خێزانی ماسییە پەڕە تیشکدارەکانن، ئەم ناوە باوە و دەوترێت بە ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاوازی ماسییەکانی زەریای ئەتڵەسی و هێمن و دەریاچە مەزنەکان و ئەوانەی بە وشکانی دەورەدراون، بۆ نموونە تەنها ئەوانەی لە زەریای هێمندا دەژین دابەشکراون بۆ شەش جۆری جیاواز، وەک سەلمۆنی سوور و پەمەیی و زیوی و سەگە سەلمۆن و سەلمۆنی گێلاسی و سەلمۆنی بەهار، هەر یەکەیان ناوێکی زانستی تایبەت و زیاد لە ناوێک یان دوو ناوی باوی دیکەیان هەیە، سەلمۆنەکان ڕووبەڕوی مەترسی زۆر دەبنەوە کە دەبنە هۆی هەڕەشەی لەناوچوونیان وەک ئەو گۆڕانکارییانەی بەهۆی مرۆڤەکانەوە لە نشینگەکانیاندا دروست دەبێت، کە هەر یەک لە هەڵکۆڵین و کەمبوونەی ڕێژەی ئۆکسجین و نزمبوونەوەی پیاڕۆشتنی ئاوی ڕووبارەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی نشینگەکانیان دەگرێتەوە.

شێوەی دەرەوەی

بە گوێرەی جۆرەکانیان خاسیەتی سەلمۆنەکان دەگۆڕیت، گەورەترین جۆری هەتا ئێستا بینرابێت درێژییەکەی ١.٥ م و کێشی ٥٧.٢ کگم بووە، لەکاتێکدا سەلمۆنی پەمەیی بە بچووکترین بچووکترین جۆر دادەنرێت درێژییەکەی ٠،٨ م و کێشی ٥.٤ کگم دەبێت، هەستی بۆنکردنی هەموو جۆرەکانیان بەڕادەیەک بەهێزە کە هاوکارییان دەکات لە دۆزینەوەی ڕێڕەوەکانیان بۆ دۆزینەوەی ئەو جێگەی کە تێیدا لەدایکبوون، واتە کاتێک لە زەریاکانەوە بەرەو ئاوی سازگار کۆچدەکەن، تەنها یەکجۆریان هەیە جگە لە بۆنکردن دەتوانێت بەهۆی ناسینەوە و جیاکردنەوەی گۆڕانکاریەکان لە بواری موگناتیسی زەویدا ڕێگەکەی بدۆزێتەوە.

سوود و بەکارهێنانەکانی

لەگەڵە ئەوەی زۆر بەتامە لە هەمان کاتدا ماسییەکی دەوڵەمەندە بە پێکهاتە خۆراکییە گرنگەکان و زەیتی بەسوود کە مرۆڤەکان خواستی زۆریان هەیە بۆی، ئۆمێگا ٣ و پڕۆتین و چەند جۆرێک ڤیتامین  B و پۆتاسیۆم و سلینیۆم و دژە ئۆکسیدەکانی تێدایە، هاوکارە لە خێرا دابەزاندنی کێش بەهۆی ڕێکخستنی ئەو هۆرمۆنانەی بەرپرسن لە حەزی خۆراکەکان، هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنی هەوکردن و یارمەتیدانی ئەرکەکانی مێشک وەک کەمکردنەوەی لەبیرچوونەوە، لەبەر ئەم سوودە زۆرانە بەدەستهێنانی زۆر ئاسانە بە تازەیی لە بازاڕەکان و بە لە قوتوو نراوی لە ڕەفەی بازاڕە ناوخۆییەکاندا هەیە، سەلمۆن نێچیر و خۆراکی ژمارەیەکی زۆر لە ئاژەڵی دڕندەی ڕاوکەرە وەک ورچ و گورگ و باڵندە و هەڵۆ و زۆرینەی مەمکدارەکان و ...هتد. 

خۆراک

خۆراکی ئەم ماسییە بە گوێرەی تەمەنی دەگۆڕێت، سەلمۆنە بچووکەکان هەریەک لە مێرووەکان و هێلکە شەیتانۆکە و توێکڵدارەکانی دیکە دەخۆن، بەڵام گەورەکان کە دڕندە و قەبارەیان زۆر گەورەیە ماسی قەبارە بچووکتر دەخۆن.

زۆربوون

سەلمۆن بە ماسی ڕووباری دادەنرێت، سەرەتا لە ئاوی سازگاردا لەدایک دەبێت و دواتر کۆچ دەکات بۆ زەریاکان، تەنها کاتی گەشتنی بە قۆناغی پێگەیشتن دەگەڕێتەوە بۆ ئاوی سازگار بۆ دانانی گەرا (هێلکەمێینەکانی زەریای هێمن لە هەموو ژیانیاندا تەنها یەکجار گەرا دادەنێن، دوای چەند ڕۆژ یان چەن هەفتەیەک لە ئەم کردارەش دەمرن و گەراکان دوای مانگێک بۆ سێ مانگ دەبن بە بێچوو، لەکاتێکدا مێینەکانی زەریای ئەتڵەسی زیاد لەجارێک دەتوانن گەرا دابنێن، مێیەنەکان دەتوانن بە جارێک نزیکەی ٢٥٠٠-٧٠٠٠ گەرا دەبنێن کە بە گوێرەی قەبارە و جۆری مێینەکە دەگۆڕیت و  ڕەنگەکەشی لە نێوان پرتەقاڵی بۆ سوورە، پیتاندنی هێلکەکانیش بە هۆی تۆوە بەڕەڵا کراوەکانی نێرینەکانەوە دەبێت، سەلمۆنە مێینەکان هێلکە پیتێنراوەکان دەشارنەوە بە لم و قۆڕ بۆ پاراستنیان، دوای لەدایکبوونیان بێچووەکان بە چەند قۆناغێکی تەمەنیان توانای ژیانکردنیان لە ئاوە سوێرەکاندا بۆ دروست دەبێت، سەرەتا ٢-٣ ساڵی ژیانی لە ئاوە سازگارەکاندا دەبێت، دوای ئەوە کیمیای جەستەی دەگۆڕیت بۆ ماسییەک کە بۆ ژیانکردن پێویستی بە ئاوی سوێرە و کۆچدەکات، ماوەی کۆچکردنەکەشی بە ئاوی هاوسەنگدا تێدەپەڕێنێت بۆ ئەوەی رابێت بە گۆرانکارییەکانی پەستانی ئۆزمۆزی جەستەی پێش گەشتنی بە ئاوە سوێرەکان و تەمەنی ماسی سەلمۆن لە نێوان ٢-٧ ساڵ دەبێت بە گوێرەی جۆرەکەی، هەروەها تەمەنیان دەکرێت دیاریبکرێت بە ژماردنی ئەو بازنانەی کە لەسەر پوولەکەکەی دروست دەبێت بە بەکارهێنانی مایکرۆسکۆپ.


سەرچاوەکان



1866 بینین