ئەسپ

ئەسپ

له‌لایه‌ن: جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-10-27-10:50:00 - کۆدی بابەت: 7003
ئەسپ

ناوه‌ڕۆك

ئەسپەکان

ئەسپ (بە ئینگلیزی: horse)، لە مەمکدارە شیردەرەکاندا پۆلێنکراون، بە نێرینەکەی دەوترێت ئەسپ و  بە مێینەکەی دەوترێت قاتر، لە پێش ٤ هەزار ساڵەوە هەتا ئێستا ئەسپەکان بۆ گواستنەوە و چەندین مەبەستی دیکە بەکاردێن، لەگەڵ ئەوەی ئامێری پێشکەوتو و هۆکاری گواستنەوەی جیاواز دروستکراوە، بەڵام ئەسپەکان پێگەی خۆیان لەدەستنەداوە لە زۆربەی کلتورە جیاوازەکاندا.

نەوە سەرەکییەکانی ئەسپەکان

دەکرێت ئەسپەکان بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ سێ نەوەی جیاواز پۆلێنبکرێن، بەم شێوەیە:

  • نەوە لاوازەکان (سووکەکان): ئەم نەوەیە ناوەکەی بەدەستهێناوە لە ئەنجامی ئەو مەبەستانەی کە بۆی بەکارهێنراوە، وەک سواربوون و گواستنەوە و ڕاکێشانی گالیسکە، نشینگەی بنەڕەتیان بریتین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، نموونەی جۆرەکانی وەک (ئەسپی عەرەبی، ئەسپی ئینگلیزی، ئەسپی تورکومانی، ئەسپی ئەمریکی و چەند جۆرێکی دیکە).
  • نەوە قورسەکان: ئەسپە قەبارە گەورەکان لەخۆ دەگرێت، هەندێکیان درێژییەکەی دەگاتە ١٦٢.٦ سم و ئەوانی دیکە دەگەنە ١٩٣ سم، لە ڕابردوودا ئەم ئەسپانە لە بواری کشتوکاڵدا بەکارهاتوون، بەڵام لە ئێستادا زۆرینەی جۆرەکانی مەترسی لەناوچونیان لەسەرە، بەناوبانگترین جۆری ئەسپی شایرە کە گەورەترین ئەسپە لە هەموو جیهاندا.
  • نەوە کورتەباڵاکان: تایبەتمەندن بە قەبارە بچووکەکانیان، کە درێژییەکەی ناگاتە ١٤٧ سم، ڕەنگیان تاریکە و کلکیان ئەستوورە، لە زۆرینەی وڵاتەکاندا بڵاوبوونەتەوە و بۆ مەبەستی سواربوون و گواستنەوە و ڕاکێشانی گالیسەکە بەکاردێت، بەناوبانگترین جۆرەکانی بریتین لە ئەسپی ویلزی و ئەسپی دارتمور.

شێوەی دەرەوەی

بە گشتی جەستەی ئەسپەکان هاوشێوەن جگە لە هەبوونی جیاوازی لە ڕەنگ و بەرزی و کێش، درێژییەکەی بە گوێرەی جۆرەکان دەگۆڕێت و بە گشتی کێشیان دەگاتە ٥٤ کگم، هەموویان چوار پەلیان هەیە کە جەستە لولەییەکەی لەسەر راگیربووە، دوو چاو و دوو گوێچکەی گەورەی هەیە، لەگەڵ سەرێکی گەورە و درێژ و ملێکی درێژ، ڕەنگیان دەگۆڕێت لە نێوان ڕەش و خۆڵەمێشێ و قاوەیی، دەکرێت یەک ڕەنگ بێت یاخود تێکەڵەی دوو ڕەنگیان بێت، لە پشتی سەری و ملی قژی هەیە و کلکیشی کورتە موویەکی ئەستوور و پڕ دایپۆشیوە.

خۆراک

ئەسپەکان گیانەوەری ڕووەکخۆرن، بە درێژایی ڕۆژەکە و بە بەردەوامی ژەمی بچووک دەخوات، خۆراکەکەشی بریتین لە گژوگیا و درەخت و دەوەن و میوە و سەوزە و دانەوێڵە، دانەوێڵەکان بە تایبەتی بۆ ئەسپە بچووک و نەخۆش و سکپڕەکان بەسوودە، هەروەها ئەسپەکان پێویستە لە مانگەکانی وەرزی هاویندا بڕێکی کەم خوێیان پێبدرێت و بە گوێرەی جۆری خۆراک و جووڵەی ئەسپەکە بڕی هەریەک لە خۆراکەکان دەگۆڕیت، کە ئەسپەکان بەڕێژەیەکی هاوتا بە % ٣ی کێشی جەستەیان خۆراکیان پێویستە،  لەبەر ئەمە نابێت بڕێکی زۆر خۆراک بدرێت بە ئەسپەکان بۆ ئەوەی توشی نەخۆشی نەبن.

یەکگرتن و زۆربوون

مێینەی ئەسپەکان لە نێوان تەمەنی ٩-١٥ مانگیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان هەیە، بەڵام نێرینەکان درەنگتر و دەکرێت دوای ١٥ مانگی بگەنە قۆناغی پێگەیشتن، لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا ئەسپ خواستی زۆربوونی هەیە، ماوەی سکپڕی ئەسپە مێینەکان لە نێوان ٣١٥-٣٨٧ ڕۆژ دەبێت و زۆرینەیان لە کاتە درەنگەکانی شەودا بێچووەکانیان دەبێت لە جێگەیەکی هێمندا، بێچووەکە دوای ٢ کاتژمێر لە لەدایکبوونی توانای وەستان و خواردنەوەی شیری دایکەکەی هەیە، بە ماوەیەکی کەم توانای جووڵە و ڕاکردنیان بۆ دروست دەبێت، هەروەها لە دوای هەفتەیەکەوە دەتوانن گژوگیای کەم تامبکەن و هەوڵی خواردنی بدەن، دواتر لە مانگی سێیەمەوە لە شیر دەبڕێت و بە تەواوی دەتوانێت بۆ خۆراک پشتبەخۆی ببەستێت، هەروەها تەمەنی ئەسپەکان لە نێوان ٣٣-٥٠ ساڵ دەبێت.

تایبەتمەندییە گشتییەکانی ئەسپەکان

هاوشێوەی هەر ئاژەڵێکی دیکە ئەسپەکان بۆ بەردەوامبوون لە ژیان کۆمەڵێک ڕەوشتیان هەیە، کاردانەوەی خێرای هەیە بۆ دەوروبەری، دەتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان ئاژەڵی بێزیان و ئاژەڵێکی دڕندە کە بە مەبەستی ڕاوکردن و ئازاردان لێی نزیکببێتەوە، هەروەها ئەسپەکان ئاژەڵی کۆمەڵایەتین ژیانیان پێکەوەیە بە کۆمەڵە، کە دەکرێت ژمارەیان لە نێوان ٣-٢٠ دانە بێت و یەک ئەسپی نێرینە سەرکردایەتییان دەکات، ئەندامەکانی دیکە بریتین لە ئەسپە مێینەکان (قاترەکان) و بێچووەکانیان، لە کاتێکدا بە تەنها بن بە ئاسانی دەبنە نێچیر، خێراترین ڕاکردنی ئەسپەکان کە هەیەتی ئەوەیە لە کاتژمێرێکدا دەتوانێت ٥٦-٦٤ کم ببڕیت، بەڵام لە باری ئاساییدا خێرایەکەی کاتژمێرێکدا  ١٦-٢٧ کم دەبێت، کات و شێوازی خەوتنی ئەسپەکان بە گوێرەی جۆر و تەمەن دەگۆڕیت، دەتوانێت ڕاکشێت و دەتوانێت بە وەستانەوە بخەوێت، بێچووەکان هەتا تەمەنیان دەگاتە ٣ مانگ نیوەی ڕۆژەکانیان بە خەوتنەوە بەسەر دەبەن، بەڵام دواتر ڕێژەکە کەم دەبێتەوە بۆ خەوتنی قوڵ و خەوتنی کورتخایەن.

پەیوەندیکردن

لە ڕێگەی دەنگ و زمانی جەستەیانەوە ئەسپەکان پەیوەندی دەکەن بە یەکدییەوە، دەنگە جیاوازەکانی مانای جیاوازیان هەیە، بۆ نموونە قیژە و هاوارکردن مانای هەبوونی هەڕەشە دەدات، هەروەها دەنگی حیلەیەکی هێمن واتای داواکردنی یەکگرتن و خۆراک دەگەیەنێت، بەڵام حیلەیەکی توند و بەرز کاتێک دەبێت کە بەدوای ئەسپێکی ونبوودا دەگەڕێت، وە دەکرێت دەنگی وەک فیکە لێدان دەربکات کاتێ بانگی ئەسپی دیکە دەکات بۆ هاوکاریکردنی، گۆڕانکارییەکان لە جەستەی بە هەمان شێوە مانای جیاوازیان هەیە، بۆ نموونە بردنە سەرەوەی کلکی و قیت کردنی کاتێک دەبێت کە ئامادەکاری دەکات و وریادەبێتەوە، لە کاتێکدا هێنانە خوارەی کلکی مانای ترس و هیلاکی و ئازار دەگەیەنێت، جوڵاندنی پەلەکانی مانای هەڕەشەیە وەک پەلەکانی پێشەوەی یاخود دواوەی بەرزدەکاتەوە و دەیکێشێت بە زەویدا، ئاماژەکانی ڕوخساریشی بۆ دەرخستنی دڕندەییە، وەک کردنەوەی دەمی و دەرخستنی شەویلگە و ددانەکانی، یاخود نیشاندانی سپێنەی چاوی لە کاتی توڕەیی و ترس، هەروەها جووڵەکانی گوێیەکانیشی مانای هیلاکی و توڕەیی و وریابوونەوە دەدات.


سەرچاوەکان

37 بینین