تۆوی چیا

له‌لایه‌ن: - شانیا محەمەد - به‌روار: 2021-10-29-20:53:00 - کۆدی بابەت: 7033
تۆوی چیا

ناوه‌ڕۆك

تۆوی چیا چییە؟

تۆوی چیا بە ئینگلیزی (chia seed) تۆوێكی ئیسپانییە لە مەكسیك دەڕوێت سەرچاوەكەی ڕووەكێكە بە ناوی سالفیا هیسپانیكا كە لە بیابان دەژی، لە ڕیزی ئەو تۆوانەدایە کە زۆر گرنگە بۆ جەستەی مرۆڤ، بە مەبەستی تێربوون و دابەزاندنی كێش دەخورێت ئەمە سەرەڕای چەندین سوودی دیكەی ئەم تۆوە، پسپۆڕانی خۆراك پێشنیاری تۆوی چیا دەكەن وەك جێگرەوەیەك بۆ نانی سپی دابنرێت كە ڕێگرە لە تووشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ، ئەو بڕەی دەبێت بخورێت ڕۆژانە نزیكی ٢٠ گرامە (كەمتر لە دوو كەوچكی بچووك) لەبەرئەوەی بڕێكی زۆر لە دژە ئۆكسید لە پێكهاتنیدا هەیە بە بەراورد بە تۆوەكانی دیكە.

سوودەكانی تۆوی چیا

دەوڵەمەندە بە بەها خۆراكییەكان

تۆوی چیا دەوڵەمەندە بە هەموو ماددە خۆراكییە بەسوودەكان وەك: ترشەكانی ئۆمێگا ٣ و كاربۆهیدرات و پڕۆتین و ڕیشاڵی خۆراكی هەروەها كالسیۆم و دژە ئۆكسیدەكان، دوو كەوچك لە تۆوی چیا ١٣٩ كالۆری تێدایە لەگەڵ ٤ گرام پڕۆتین و ٩ گرام چەوری و ١٢ گرام لە كاربۆهیدرات و ١١ گرام لە ڕیشاڵ ئەمە سەرەڕای ڤیتامین و كانزاكان.

بڕێكی زۆرباش لە پڕۆتینی تێدایە

تۆوی چیا بڕێكی زۆر گونجاو لە پڕۆتین لە پێكهاتنیدا هەیە بە ڕێژەی ٪١٤ كە ئەمەش بڕێكی باشە بە بەراورد بە ڕووەكەكانی دیكە. 

گرنگە بۆ ئێسك

تۆوی چیا بڕێكی باش لە كانزاكانی تێدایە كە بەسوودە بۆ تەندروستی وەك كانزای (كالسیۆم، فۆسفۆر، مەگنیسیۆم) بە ڕێژەی ٪١٨ كالسیۆم لە پێكهاتنیدا هەیە.

یارمەتیدەرە بۆ تێربوون

تۆوی چیا بە ڕێگایەكی كاریگەر بۆ زاڵبوون بەسەر برسێتی دادەنرێت و پارێزگاریكردن لە خشتەی خۆراكی، تۆوی چیا لە لای هەمووان تامێكی خۆشی هەیە و تامەكەی نزیكە لە گوێزەوە، دەتوانرێت ئاسایی تۆوەكە بخورێت یاخود بهاڕدرێت، تۆوی چیا دەتوانیت بیكەیتە زۆربەی خواردن و خواردنەوەكان و لەگەڵ ژەمی بەیانی بخورێت، لەگەڵ سۆسەكان، سەوزەوات، برنج، ماست، تەنانەت لەگەڵ شیرینیدا دەخورێت.

ئایا تۆوی چیا كێش كەمدەكاتەوە؟

زۆر دەنگۆ هەن سەبارەت بە ئەوەی تۆوی چیا یارمەتیدەرە بۆ دابەزاندنی كێش چونكە هەست بە تێربوون دەكەیت لە كاتی خواردنیدا وە ئەگەر بڕێكی كەم لەم تۆوە بخۆیت كێشت دادەبەزێت، بەڵام توێژینەوەیەكی زانستی بۆ ئەم بابەتە ئەنجام درا كە لە ماوەی ١٢ هەفتەدا لە ئەنجامدا هەست بە هیچ نەمانی ئارەزووی خواردن و كەمبوونی كێش نەكرا، پڕۆفیسۆر دەیڤد نیمان گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی لە دوای خواردنی ٥٠ گرام لە تۆوی چیا هەموو ڕۆژێك بە بەردەوامی یارمەتیدەر بووە لە دابەزاندنی كێش و باشكردنی كاری دڵ ئەمە لەگەڵ ئەوەی چەند دەرئەنجامێكی دیكە دەرچوون كە تۆوی چیا كاریگەری زۆرباشی هەیە لەسەر دڵ و كاریگەری نییە لەسەر كەمبوونی كێش، پسپۆرانی خۆراك ئاماژە بە ئەوە دەكەن كە پێویستیان بە لێكۆڵینەوەی زیاترە تا بە تەواوی سوودەكانی تۆوی چیا دیاریبكەن.

تۆوی چیا تۆوێكی سەرسورهێنەر نییە بۆ دابەزاندنی كێش بۆیە چاوەرێی ئەوە مەبە بە خواردنی كێشت دابەزێت بەڵام ڕەنگە سوود لە پێكهاتە سرووشتی و خۆراكییەكەی ببینیت، تۆوی چیا ئۆمێگا ٣ و دژە ئۆكسیدەكان و پڕۆتین لە پێکهاتنیدا هەیە كە ماددەی خۆراكی زۆر گرنگن بۆ بنیاتنانی جەستە، بەڵام ئەگەر دەتەوێت بە شێوەیەكی بەرچاو كێشت كەمبێتەوە پێویستە ڕۆژانە بە بەردەوامی پابەندی ڕاهێنانە وەرزشییەكان بیت و ڕەچاوی خشتەیەكی خۆراكی تەندرووست بكەیت.

تۆوی چیا و نەخۆشی شەكرە

توێژینەوەیەك ئەوەی دەرخستووە ڕێژەی شەكر زۆر كەمە لە تۆوی چیادا هەروەها دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی هەستكردن بە برسێتی ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەڵگەی تەواو لەبەردەستدا نییە بۆ كەمبوونی كێش بەڵام تۆوی چیا دەتوانرێت بكرێتە خشتەی خۆراكەوە چونكە بۆ تەندرووستی جەستەمان سوودبەخشە.

زیانەكانی تۆوی چیا

  • هەستاریبوون بە چەند جۆرێكی دیاریكراوی خواردن وەك (كونجی و خەردەل).
  • ئەگەر دەرمانی پەستانی خوێن وەردەگریت دەبێت ڕاوێژ بە پسپۆری تایبەت بكەیت بۆ ئەوەی تۆوی چیا بكەیتە خشتەی خۆراكەكەتەوە.


سەرچاوەکان



3481 بینین