سەعدی

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-11-07-22:10:00 - کۆدی بابەت: 7123
سەعدی

ناوه‌ڕۆك

سەعدی کێیە؟

سەعدی، یەکێک لە بەناوبانگترین نووسەر و شاعیرەکانی مێژووی ئێرانە و بە "مامۆستای قسە" و "پاشای قسە" و "شێخی ئەجەل" و "ئوستاد" ناوی دەرکردووە، ناوی تەواوی ئەبومحەمەد موشریفەدین موسڵیح بن عەبدوڵڵا بن موشریفە، سەعدی لە نیزامییەی بەغداد خوێندوویەتی کە بەناوبانگترین بنکەی زانست و فێربوونی جیهانی ئیسلامی بووە لەوکاتەدا، دواتر وەک گوتاربێژ چەندین ناوچەی جیاجیای کردووە وەک شام و حیجاز، دواتریش دەگەڕێتەوە زێدی خۆی بۆ شیراز و تاوەکوو کۆچی دوایی لەوێ دەمێنێتەوە.

زانیاری گشتی

سەعدی زۆرینەی تەمەنی لە سەردەمی حکوومەتی سەلغورییەکان و سەردەمی هێرشی مەغۆلەکان و کەوتنی دەوڵەتانی عەبباسی و خوارزمییەکان بەسەر بردووە، هەروەها لە سەدەکانی شەشەم و حەوتەمی کۆچی ژیاوە کە هاوتای سەردەمی لوتکەی سۆفیگەری ئێران بووە و کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر سەعدی هەبووە، بەڕای شارەزایانی بواری شیعرەکانی سەعدی دەڵێن کە سەعدی کاریگەری هەریەک لە شافیعی و ئەشعەری لەسەر بووە و کەسێکی باوەڕدار بووە و باوەڕی بە قەزا و قەدەر هەبووە.

شارەزایان بەبێ گومان سەعدی بە یەکێک لە پێنج شاعیرە یەکەمەکەی زمانی فارسی و گەورەترین شاعیرانی ئێرانی دەزانن، غەزەلەکانی سەعدی لە بارەی عیرفان و ئەخلاقەوە شتگەلێکی سەرنجڕاکێشن و چەندین شیعری وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی دیکەی جیهانی و ئەورووپی کە یەکێک لە زۆرترینەکانیان زمانی فەڕەنسییە.

ژیان

بە ئەگەری زۆر سەعدی لە نێوان ساڵانی ٦٠٠ بۆ ٦١٥ـی کۆچی (١٢٠٣ بۆ ١٢١٨ـی زایینی) لە شیراز لەدایکبووە، هەندێکیش دەڵێن لە ساڵی ٥٨٥ (١١٨٩ـی زایینی) لەدایکبووە. زانیارییەکی ئەوتۆ لەسەر چۆنیەتی ژیان و کارەکانی نییە و ئەوەی هەیە بەشێکی کەمی ڕاستی ژیانیەتی و ئەوەی دیکەی لە شیعر و غەزەل و چیرۆکەکانییەوە خەیاڵیان بۆ کراوە و هەندێکیان دەڕۆنە قاڵبی ئەفسانەبوونەوە.

سەعدی لە گەنجیدا دەڕواتە بەغداد و لە قوتابخانەی نیزامییە ئەدەب و تەفسیر و فیقھ و گرنگی بە کەلام و دانایی دەدا و دەیانخوێنێت، دوای ئەوە بۆ گوتاربێژی دەڕواتە حەبەشە و حیجاز و مەغریب و شام و دواتریش دەگەڕێتەوە شیراز و تاوەکوو ساتی کۆچی دوایی لەوێ دەمێنێتەوە.

ناوی سەعدی ناوێک بووە لە باپیریەوە وەری گرتووە و خوشکەزای قوتبەدین شیرازییە کە یەکێکە لە زانایانی سەدەی حەوتەمی ئێران و ڕۆڵێکی کاریگەری لە پەرەپێدانی زانست و دانایی و فەلسەفە و زانستی ژینگە و هونەر و پزیشکی هەبووە، لە تەمەنی ١٤ ساڵی سەعدی باوکی لەدەست دەدات و لە هەندێک لە شیعرەکانیدا بە باشی باسی باوکی دەکات.

کارەکانی

ساڵی ٦٥٥ (١٢٥٧ـی زایینی)سەعدی هەڵدەستێت بە نووسینی بوستانی سەعدی یاخود سەعدی نامە، ساڵێک دواتر لە ٦٥٦ کۆچی (١٢٥٨ـی زایینی) گوڵستانی سەعدی دەنووسێت. ئەم ماوە کەمەی نووسینەی ئەم دوو کارە گەورە لە شیعردا بووەتە جێی سەرسوڕمانی ئەو کەسانەی شارەزان لە بواری شاعیر و ژیان و کارەکانی کە توانیویەتی لە نێوان ساڵێکدا دوو کۆکراوە بنووسێتەوە، سەعدی جیا لە بوستان و گوڵستان چەندین پارچە شیعر و چیرۆک و غەزەل و چوارینە و وتاری نووسیوە.

هەموو بەرهەمەکانی سەعدی لە کتێبێک بەناوی "کلیات سعدی" کۆکراونەتەوە، بەڵام لە نێوان ئەمانەشدا هەردوو کتێبەکانی گوڵستان و بوستان بە جیا هەن، بوستان بە ڕێکخراوی و گوڵستانیش بە قافیەکەی بەناوبانگە، شیعرەکانیشی بەوە ناسراون سادە و ڕەوانن و تێگەشتنیان ئاسانە و یاسا و ڕێزمان لە شیعرەکانیدا بە شێوەیەکی زۆر بەرز هەن.

بوستان

بوستان یەکەمین بەرهەمی سەعدییە کە لە ساڵی ٦٥٥ کۆچی کە دەکاتە ١٢٥٧ی زایینی تەواوی دەکات، ئەم کتێبە دەبێتە یەکێک لە شاکارەکانی ئەدەبی فارسی و لە چاپە کۆنەکاندا پێی دەوترێت سەعدی نامە، سەعدی بوستانی بە درێژایی گەشتەکانی نووسیوە و دوای گەڕانەوەی بۆ نیشتمانی خۆی دەیانخاتە بەردەست هاوڕێکانی، بوستان لە شێوەی شیعر نووسراوە و نزیکەی ٤,٠٠٠ شیعرە، شیعرەکانیش لەسەر بنەمای ڕەوشت و پەروەردە و سیاسەت و کۆمەڵگە بووە و قاڵبی شیعرەکان مەسنەوییە.

کتێبێکە خاوەنی پێشەکییەکی درێژە و ١٠ بەشە بە ناوەکانی "عدل، احسان، عشق، تواضع، رضا، ذکر، تربیت، شکر، توبه و مناجات"، سەعدی ئەم بەرهەمەی خۆی پێشکەشی ئەبوبەکری کوڕی سەعد کردووە.

گوڵستان

ئەم کتێبە یەکێکە لە دیارترین کتێبە شیعری و هونەریەکی ئێران و سەعدی لە ساڵی ٦٥٦ـی کۆچی (١٢٥٨) نووسیویەتی، کە دەبێتە یەک ساڵ دوای نووسینەوەی بوستان، گوڵستان زیاتر بە ئاواز و ڕێکخراوە و لە هەشت بەش پێک دێت بە ناوەکانی "سیرت پادشاهان، اخلاق درویشان، فضیلت قناعت، فوائد خاموشی، عشق و جوانی، ضعف و پیری، تاثیر تربیت و آداب صحبت".

سەعدی لەم کتێبەدا خۆی لە مێژوو و گێڕانەوە دوورگرتووە و جەختی لە باسی ژیانی خەڵکی کردووەتەوە، هەروەها دۆخی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری خەڵکی بە جوانترین شێوە باسکردووە لەو سەردەمەدا، ئەمەش وایکردووە بۆ زانینی شێوازی ژیانی ئەوکات پشت بە گوڵستان ببەسترێت، هەروەها گوڵستان لە چەندین چیرۆکی کورت و بەرز پێکدێت.

گوڵستان بە زمانێکی بازاڕی و گشتی و سادە نووسراوە و وشەی ئاڵۆز و سەختی تێدا بەکارنەهاتووە، هەروەها شایانی باسە کە گوڵستان لە یەکەمین کتێبە فارسییەکانە کە بۆ چاپکردنی سوود لە ئامێری چاپکردن وەرگیراوە. ئەم کتێبە بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٨٢٤ لە شاری تەبرێزی ئێران چاپ کراوە، گوڵستان خەڵاتی سەعدییە بۆ سەعدی کوڕی ئەبوبەکری کوڕی سەعدی زەنگی و بە شێوەی پەخشان نووسراوە، جیا لەم بەرهەمە هەریەک لە نووسینەکانی (مجالس پنجگانه، رساله عقل و عشق و نصیحه الملوک)ـیش بە شێوازی پەخشان نووسراون.

غەزەلەکان

غەزەلەکانی سەعدی بە کۆمەڵێک شیعر دەوترێن کە سەعدی لە شێوەی غەزەل نووسیویەتی، ژمارەی ئەم غەزەلانەش نزیکەی ٧٠٠ غەزەلە و زۆرینەیان بۆ مەبەستی دڵداری و عیشق نووسراون و شیعرە عاشقانەکانی هەتاوەکوو کۆتایی عاشقانەن و بابەتیان ناگۆڕێت، کە ئەمە لە شیعری شاعیرانی دیکەدا کەم بووە. جیا لە غەزەلی عاشقانە سەعدی خاوەنی چەندین غەزەلی عارفانە و ئامۆژگارییانەیە.

غەزەلەکانی سەعدی لە چوار کتێب بە ناوەکانی "طیبات، بدایع، خواتیم و غزلیات قدیم" کۆکراونەتەوە، غەزەلە کۆنەکانی لە سەردەمی گەنجی نووسیوە کە پڕن لە هەست و سۆز و گەرمیی، هەریەک لە بدایع و طیبات هی تەمەنی گەنجییەتی و خواتیم دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پیری شاعیر.

کارەکانی دیکە

جیا لەوانەی پێشوو سەعدی خاوەنی نصیحە الملوک و مجالس پنجگانە و موفرەدات و قەسیدە فارسی و عەرەبییەکان و هەزەلیات و مەلعەمات و موثەلـلەثات و تەرجیعات و میراثی و صاحیبییە.

کە نصیحە الملوک باس لە پەند و ئامۆژگاری و چەندین پەخشانە دەربارەی بابەتی هەمەڕەنگ پێکدێت، مجالس پنجگانە بریتیین لە گوتار و گفتوگۆکانی خۆی و زیاتر ئامۆژگاری و ڕێنوێنین، قەسیدە فارسیەکانی وەسفی پەروەردگار و ستایش و ئامۆژگارییە.

هەزەلیاتیش لە سێ بەشی "مطایبات، مضحکات و خبیثات" پێکدێت، مطایبات کۆمەڵێک چیرۆکی سێکسییە کە بە وتەی بوێرانە و دلێرانە نووسراوە، دووەکەی تریش بە زمانی پەخشان نووسراون.

کۆچی دوایی

ساڵی کۆچی دوایی سەعدی شاعیر سەرچاوەی زۆری هەیە و دڵنیایی تێدا نییە، ساڵەکانیش دەکەونە نێوان ساڵانی ٦٩٠ بۆ ٦٩٥ـی کۆچی، بەڵام دڵنیاترینیان کە سەعید نەفیسی باسی کردووە ئەوەیە کە سەعدی لە ٢٧ـی زیلحەججەی ساڵی ٦٩٠ کۆچی دوایی کردووە.

ئارامگای سەعدی لە شارەکەی خۆی لە شاری شیرازە و ناوچەیەکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بۆ کراوەتەوە و پێی دەوترێت "سەعدیە".


سەرچاوەکان

543 بینین