جوگرافیای وزە

له‌لایه‌ن: - کارێز ڕەسووڵ نەبی کارێز ڕەسووڵ نەبی - به‌روار: 2024-05-29-23:29:00 - کۆدی بابەت: 13062
جوگرافیای وزە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جوگرافیای وزە (بە عەرەبی: جغرافیة الطاقة، بە ئینگلیزی: Geography of Energy). جوگرافیای وزە لقێکە لە لقەکانی جوگرافیای ئابووری مرۆیی کە بایەخ دەدات بە لێکۆڵینەوە لە دەرامەتەکانی وزە لە ڕووی دابەشبوونی جوگرافیان و تایبەتمەندییەکانیان لەسەر ئاستی جیھانی و نێودەوڵەتی و ھەرێمی، لەو ھۆکارانەش دەکۆڵێتەوە کە کاریگەریان ھەبووە لەسەر بەرھەمھێنانی وزە و گواستنەوەی و دابەشبوون و بەکاربردنی بە پشت بەستن بە ڕێبازی جوگرافیای گشتی (دابەش بوون و شیکردنەوە و لەبەرچی).

مێژووی سەرھەڵدان و گەشەسەندنی جوگرافیای وزە

جوگرافیای وزە لە نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم لە فەڕەنسا سەریھەڵدا، لەگەڵ دەرکەوتنی پەرتووکێک بە ناونیشانی (جوگرافیای ئابووری) لە لایەن  (بیر جۆرج) بە ناوی جوگرافیای وزە لە ساڵی ١٩٥٠، دواتر پەرتووکی (لیشاردۆنت) لە ساڵی ١٩٦٢ و پەرتووکی (جیراڵد مارینز) لە ساڵی ١٩٦٤ بە ناونیشانی (پەرتووکی جوگرافیای وزەی مانیرێز) کە بە یەکەمین بەرھەم دادەنرێت کە باسی لە بابەتی وزە کردووە لە ڕوانگەی جوگرافییەوە، بەبێ ئەوەی ڕۆڵی سیاسەتی ناوخۆیی و ھێزی جیھانی لە جۆرەکانی وزەدا بەکەم سەیر بکات.

ھەربۆیە سەرەتای ساڵی ١٩٦٥ بە قۆناغێکی نوێ لە پێشکەوتن و گەشەسەندنی جوگرافیای وزە دادەنرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاکوو ساڵی ١٩٧٠ لەلایەن جوگرافیا ناسانەوە گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدراوە، بەڵام لە دوای ساڵانی ھەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بایەخ و گرنگی ئەم لقە زانستییە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبوو، بە تایبەتیش لەگەڵ سەرھەڵدانی چەندین پەرتووک و توێژینەوەی جۆراوجۆر لە بواری جوگرافیای وزە. یەکێک لە گرنگترین ئەو بەرھەمانەش پەرتووکی (پیتر ئاودێل) بوو بە ناونیشانی (پەتڕۆڵ و ھێزی جیھانی) کە لەم قۆناغەدا گەورەترین و بەھێزترین پەرتووک بوو کە باسی نەوت و ڕۆڵی بەرھەمھێنانی دەوڵەتە گەورە و پێشکەوتووە پیشەسازییەکان لە بەرھەمھێنانی نەوت دەکات. 

لە ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی بیستەم نووسەر و توێژەر (کالزۆنتی وسولومۆن) پەرتووکێکی نووسی بە ناونیشانی (الأبعاد الجغرافیة الطاقة) کە باس لە سەرچاوە جیاوازەکانی وزە و چۆنییەتی پارێزگارکردنیان دەکات. لە ساڵی ١٩٨٩ پەرتووکێکی نوێی (تشابمان) بڵاوکرایەوە بە ناونیشانی (جوگرافیای وزە - سیستمی وزەی بازرگانی و ڕامیاری و نەتەوەیی) کە باس لە دابەشبوونی جوگرافیای وزە و بەکارھێنانی دەکات و جەخت دەکاتەوە لەسەر پیشەسازییەکانی خەڵووز و گازی سروشتی و وزەی کارەبا. جوگرافیای وزە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەم جۆرە گەشەیکردووە، لە ئێستادا لە ڕێگای ئەنجامدانی توێژینەوە (تیۆری و پڕاکتیکییەکان) لەم بوارەدا گەشەی زیاتری بەخۆیەوە بینیووە لە ڕێگای بەکارھێنانی وێنەی مانگە دەستکردە ئاسمانییەکان و تەکنیکی (RS و GIS) یارمەتیدەر بووە لە پلاندانان و وەبەرھێنانی سەرچاوەکانی وزە و گواستنەوەی بە کەمترین کات و تێچوو.

ڕێبازەکانی لێکۆڵینەوە لە جوگرافیای وزە

١- ڕێبازی ھەرێمی
ئەم ڕێبازە گرنگیدەدات بە لێکۆڵینەوە لە دەرامەتە ئابوورییەکان بە تایبەتی (پیشەسازی وزە) و کەرتی ئابووری و مرۆیی لە ھەرێمێکی دیاریکراودا لەسەر ئاستی (کیشوەرێک یان وڵاتێک)، ئامانجی سەرەکی ئەم ڕێبازە دەرخستنی بنەما ئابوورییەکانی ناوچەکەیە لە ڕووی سەرچاوەکانی وزە و بەراوردکردنی لەگەڵ ھەرێمێکی تر.
٢- ڕێبازی مێژوویی
ئەم ڕێبازە ئامانجی سەرەکی بریتییە لە زانینی ئاستەکانی پلەبەندی گەشەکردن و بەرھەمھێنانی وزە بەپێی قۆناغە مێژووییەکان لە جیھاندا یاخود ھەرێمێکی دیاریکراودا. توێژەر لە کاتی بەکارھێنانی ئەم ڕێبازە لە لێکۆڵینەوەکەی لە بواری جوگرافیای وزە ھەوڵدەدات پشت بەم ڕێبازە ببەستێت بۆ شیکردنەوەی ماوەی سەردەمەکانی گەشەکردنی سەرچاوەکانی وزە لە ڕابردوودا بۆ نموونە لە ماوەی نێوان ساڵانی (١٩٨٠ بۆ ٢٠٢٤)، شایەنی باسە ئەم ڕێبازە لەگەڵ ڕێبازی ھەرێمی بەکاردێت بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دروست و ڕاستەقینە لەسەر ناوچەی لێکۆڵینەوە.

٣- ڕێبازی بابەتی (کەل و پەل - شت و مەک)
ئەم ڕێبازە بە کۆنترین ڕێباز دادەنرێت لە جوگرافیای ئابووری و بە باشترین ڕێبازیش دادەنرێت لە جوگرافیای وزە، چونکە دەتوانێت لێکۆڵینەوە بکات لە ھەر سەرچاوەیەکی وزە بە شێوەیەکی فراوان و گشتگیر لە ڕووی دابەشبوونی جوگرافیای سەرچاوەکانی وزە و بەرھەمھێنانی و بەکاربردنی. کاتێک توێژەر پەنا دەبات بۆ بەکارھێنانی ئەم ڕێبازە لە لێکۆڵینەوەکەی لە بواری جوگرافیای وزە دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە:

  • لە کوێ ئەم سەرچاوەیە دەست دەکەوێت؟
  • لە ڕاستیدا لە کوێ ھەیە؟ 
  • چۆن بەرھەم دێت؟ 
  • بۆچی (لەبەرچی) لە ھەندێک شوێن ھەیە و لە ھەندێک شوێن نییە؟

بۆ نموونە لە کاتی لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی وزەی نەوت بە بەکارھێنانی ئەم ڕێبازە، سەرەتا پێویستە پێناسەیەکی گشتگیری نەوت بکرێت و دواتر بنچینەی ئەم سەرچاوەیە بەدەربخرێت، دواتر توێژەر ھەڵدەستێت بە دیاریکردنی توانستەکانی جیۆلۆجی بۆ کەرتی نەوت لە ھەرێمەکە، پاشان دابەشبوونی جوگرافیای وزەی نەوت و ھۆکارەکانی جیاوازی ئەم دابەشبوونە.

٤- ڕێبازی بنچینەیی
ئەم ڕێبازە پشت دەبەستێت بە چەند یاسا و ڕێسایەکی پێویست بۆ لێکۆڵینەوە لە بنەماکانی یاسای ئابووری و پێویستییەکانی وەبەرھێنەرانی ئابووری بۆ سەرچاوەکانی وزەی جۆراوجۆر بە تایبەتی ووزەی (نەوت و گازی سروشتی) کە ناتوانرێت وەبەرھێنان لە سەرچاوەکانی وزە بکرێت تاکوو ئەم مەرجانە فەراھەم نەبن:

  • بڕی پاشەکەوت
  • نزیکی و دووری سەرچاوەکانی وزە لە ڕووی زەوی
  • دەستی کاری کارامە
  • جۆراوجۆری ھۆکار و ئامرازەکانی گواستنەوە 
  • سەرمایە بە ھەردوو جۆریەوە، سەرمایەی (نەختینەیی و وەبەرھێنراو)
  • تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو

پۆلێنکردنی سەرچاوەکانی وزە

١- پۆلێنی وزە لەسەر بنەمای بوونی فیزیاییەوە

  • سەرچاوەی ئەحفوری (سووتەمەنییە بە بەردبووەکان): ھەموو ئەو سەرچاوانە دەگرێتەوە کە لە ژێر زەویدا دەردەھێنرێن کە لە پاشماوەکانی ڕووەکی و گیانلەوەران لە یەکێک لە قۆناغە جیۆلۆجییەکان سەرچاوەیان گرتووە، وەکوو (نەوت و خەڵووز و گازی سروشتی).
  • سەرچاوەی سروشتی سەر ڕووی زەوی: ھەموو ئەو سەرچاوە سروشتییانە دەگرێتەوە کە لە سروشتدا سەرچاوەیان گرتووە و مرۆڤ ھیچ ڕۆڵ و کاریگەر نەبووە لە دروستبوونیان و دابەشبوونی جوگرافیان، وەکوو وزەی (ھەڵکشان و داکشان، وزەی با، وزەی خۆر).
  • سەرچاوەی پیشەسازی دەستکرد: ھەموو ئەو سەرچاوانە دەگرێتەوە کە لە بنەڕەتدا لە سروشت بوونیان نییە، بەڵکوو مرۆڤ ھەڵدەستێت بە دروستکردنیان وەکوو گازی (الاستصباح).

٢- پۆلێنی وزە بەپێی ڕەچەڵەکی دروستبوون 

  • سەرچاوەی ئەندامی: ئەو وزەیە لە خۆدەگرێت کە ئەندامییە و وزەیەکی زیندووە، وەکوو وزەکانی (مرۆڤ، گیانلەوەران، خەڵووزی بەردین و خەڵووزی ڕووەکی).
  • سەرچاوەی نائەندامی: ئەو وزەیە دەگرێتەوە کە لە وزەیەکی نازیندوو سەرچاوەی گرتووە، وەکوو وزەی ئەتۆم.

٣- پۆلێنی وزە بەپێی ئاستی پێشکەوتن و گەشەسەندنی مێژووی 
ئەم پۆلێنە پشت دەبەستێت بە بنەمای زنجیرەیی و مێژووی لەو کاتەی مرۆڤ بە سەرچاوەکانی وزە ئاشنا بووە، بۆ ئەم مەبەستەش دابەش دەکرێت بۆ دوو جۆر:

  • سەرچاوەی کۆن (تەقڵیدی): بە شێوەیەکی گشتی پێکدێت لە وزەی جەستەیی مرۆڤ و گیانلەوەران و دار.
  • سەرچاوەی نوێ: ھەموو ئەو سەرچاوانەی وزە دەگرێتەوە کە مرۆڤ لە دوای شۆڕشی پیشەسازی پێیان ئاشنابووە، وەکوو خەڵووز، نەوت، گازی سروشتی، وزەی کارەبا و وزەی ناوەکی.

٤- پۆلێنی وزە لەسەر بنەمای تەمەن و کات و بەردەوامی سەرچاوەکە

  • سەرچاوە نووێبووەوەکان (Renewable): بریتین لەو سەرچاوانەی لە سروشتەوە سەرچاوەیانگرتووە و توانای نوێبوونەوەیان ھەیە، وەکوو (وزەی کارۆئاوی و وزەی کارەبا و وزەی با).
  • سەرچاوە نوێنەبووەوەکان (Non Renewable): ھەموو ئەو سەرچاوانە دەگرێتەوە کە توانای نوێبوونەوەیان نییە وەکوو (خەڵووز و گازی سروشتی و نەوت).

٥- پۆلێنی وزە لەسەر بنەمای گرنگی ڕێژەیی
ئەم پۆلێنە پشت دەبەستێت بە گرنگی ڕێژەیی ھەر سەرچاوەیەک لە سەرچاوەکانی وزە لە پەیکەری ئێستای بەکارھێنانی وزەدا، بۆ ئەم مەبەستەش دابەشدەکرێت بۆ دوو جۆر کە بریتین لە:

  • سەرچاوەی سەرەکی: نەوت و گازی سروشتی و خەڵووزی بەردین لەخۆدەگرێت کە ئەم سێ سەرچاوەیە بە ڕێژەی زیاتر لە (٨٠٪) بەژدارن لە بەرھەمی وزەی جیھانی.
  • سەرچاوەی لاوەکی: ھەموو سەرچاوە ناسراوەکانی ئێستا دەگرێتەوە، وەکوو وزەی کارۆئاوی و وزەی ناوەکی کە بە ڕێژەی کەمتر لە (٢٠٪) لە تێکڕای بەرھەمھێنانی وزەی جیھانی بەژدارن.


سەرچاوەکان



91 بینین