شازادە دیانا

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-16-20:39:00 - کۆدی بابەت: 7199
شازادە دیانا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

شازادە دیانا (بە عەرەبی: الأميرة ديانا، بە ئینگلیزی: Princess Diana) ناسراو بە شازادەی دڵەکان و هاوسەری یەکەمی چاڕڵز شازادەی وێڵز، لە ساڵی 1961 لە ناوچەی ساندرێنگهام لە بەریتانیا لەدایکبووە، خێزانەکەی بە ڕەچەڵەک شاهانە بوونە، کاتێک تەمەنی شەش ساڵ بووە دایک و باوکی لێک جیابوونەتەوە، دیانا و دوو خوشکی و براکەی لەلای باوکی پەروەردە کراون، دیانا کەسایەتییەکی شەرمنی هەبووە، خولیای سەمای بالێ و میوزیک و خوێندنەو بووە، بەڵام چوونکە باڵای بەرز بووە نەیتوانیوە برەو بە سەمای بالێ بدات، منداڵانی زۆر خۆشویستووە، قۆناغەکانی خوێندنی تەواو نەکردووە، زۆر سەرکەوتوو نەبووە و بڕوانامەیەکی بەرزی بەدەست نەهێناوە، پەیمانگای ئاڵفین ڤێدماینت Institut Alpin Videmanette لە سویسرا تەواو کردووە، لە باخچە و دایەنگای منداڵان وەکوو یاریدەدەری مامۆستا کاری کردووە. 

ئەزموونی ژیانی شازادە دیانا

هاوسەرگیریکردنی دیانا لەگەڵ شازادە چاڕڵس

دیانا لە ساڵی 1980 شازادە چارڵسی کوڕی گەورە و  جێنشینی شاژنە ئیلیزابێس ناسیوە و لێک نزیک بوونە، پاشان پەیوەندی خۆشەویستی نێوانیان دەستیپێکردووە، ساڵێک دواتر پەیوەندییەکەیان بۆ خەڵکی ئاشکرا کردووە، لە 29ی تەمموزی ساڵی 1981 لە ئاهەنگێکی شاهانە و مەزندا هاوسەرگیرییان ئەنجامداوە و ئاهەنگەکەیان بە گرنگترین ئاهەنگی سەدەی بیستەم دانرا.

ئەزموونی بوون بە دایک

دیانا لەماوەی دووگیانی بە منداڵی یەکەمی، دووچاری ڕووداوی کەوتنە خوارەوە بووەتەوە، هەروەها بارودۆخی دەروونی ناهەموار بووە و لە ساڵی 1982 شازادە ویلیام یەکەمین منداڵی دیانا لەدایکبوو، پاشان لە ساڵی 1984 بوونەتە خاوەن کوڕی دووەم بە ناوی هاری.

جیابوونەوەی شازادە دیانا و شازادە چاڕڵس

لە پاش 15 ساڵ ھاوسەرگیری ساڵی 1996 بە فەرمی شازادە دیانا و شازادە چارڵس لێک جیابوونەوە، بەهۆی جیاوازی تەمەنیان کە 13 ساڵ بوو، نەگونجان و جیاوازی بیروڕایان، هۆکاری سەرەکیش پەیوەندی سۆزداریی و ناپاکی شازادە چاڕلس بوو لەگەڵ کۆنە دڵدارەکەی بە ناوی کامێلا پارکەر، ئەم ڕووداوە دیانای دووچاری بارودۆخێکی دەروونی سەخت و ئاڵۆز کردبوو، هەروەها تووشی نەخۆشی پۆلیمیا ببوو (نەخۆشییەکی دەروونییە کەسی نەخۆش کێشەی لە خواردن هەیە، چەند خواردن بخوات بە ویستی خۆی دەڕشێنێتەوە) لە پاش جیابوونەوە نازناوی شازاد لە دیانا سەندرایەوە، ڕاستی ڕووداوەکان لە کتێبێک و چەند چاوپێکەوتنێکی فەرمی باسکراون.

کەسایەتی دیانا

دیانا کەسایەتییەکی خۆشەویست و سادەی هەبوو، خەڵکی ئینگلیز زۆر بە دڵیان بووە و نازناوی شازادەی دڵانیان پێدابوو، چوونکە یارمەتییەکی زۆری پێشکەش بە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان کردووە، بایەخێکی زۆری بە کەسانی بێسەروشوێن داوە و لەگەڵ هەڵگرانی ڤایرۆسی HIV  (نەخۆشی ئایدز) نەرموونیان بووە و گرنگی پێداون، کەسایەتی و ناوداری دیانا لە نێو خەڵکی هیچ کاریگەر نەبوو بە جیابوونەوەی لەگەڵ شازادە چارڵس چوونکە خۆی تەرخانکرد بۆ منداڵەکانی و ئەنجامدانی کارە  خێرخوازییەکانی، هەوڵێکی زۆریدا بۆ یارمەتیدانی لێکەوتووان و بریندارانی شەڕ و زیانەکەوتوانی مین و تەقەمەنییەکان، ناوبانگە بەربڵاوەکەی بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی بەکاردەهێنا.

کۆچی دوایی

ناوبانگی دیانا کاریگەری نەرێنی لەسەر کەسایەتی هەبوو، لە دوای جیابوونەوەی پەیوەندی خۆشەویستی دروستکرد لەگەڵ بەرهەمهێنەری فیلمی میسڕی "دوودی ئەلفایید"، ئەم ڕووداوە هەرایەکی گەورەی میدیایی لێکەوتەوە، لە کاتی سەردانێکیان بۆ پاریس، ئەم دوو خۆشەویستە لە کاتی هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە پەیامنێران و وێنەگرەکان لە 30ی ئابی 1997 دووچاری ڕووداوی هاتوچۆ بوونەوە، شۆفێرەکە و فایید دەستبەجێ گیانیان لەدەستدا، بەڵام دیانا بۆ چەند کاتژمێرێک لە نەخۆشخانەیەکی پاریس مایەوە پاشان گیانی لەدەستدا، دەسەڵاتدارانی فەڕەنسا لێکۆڵینەوەیان لە ڕووداوەکە کرد و بۆیان دەرکەوت ڕێژەیەکی زۆر لە خواردنەوە کحولییەکان لە جەستەی شۆفێرەکە هەبووە، بەڵام هەواداران و بەشێک لە چاودێران و ڕۆژنامەنووسان پێیاو وایە کە دیانا لەلایەن دەزگای ھەواڵگریی بەریتانیا لەسەر داوای خێزانی شاھانە و بە سەرپەرشتی شازادە فلیپی ھاوسەری شاژن ئیلیزابێس کوژراوە، مەراسیمی فەرمی بەخاکسپاردنی کە 60 وڵاتی جیهان لە ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی بەشدار بوون و نزیكەی دوو ملیار و 200 ملیۆن كەس بینەری پەخشی ڕاستەوخۆ بوون، دوای کۆتایی مەراسیمەکە شازادە دیانا لە نزیک ماڵەکەی خۆیان لە ئالسۆرپ پارک لە شاری لەندەن نێژرا. 


سەرچاوەکان



871 بینین