تێکچوونی کەسایەتیی شیزیی بچووک

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-20-00:04:00 - کۆدی بابەت: 7312
تێکچوونی کەسایەتیی شیزیی بچووک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێکچوونی کەسایەتیی شیزیی بچووک یان هاوشیزی (بە ئینگلیزی: Schizotypal PD) بە جۆرێکی تێکچوونی کەسایەتیی نامۆ دادەنرێت. کەسانی تووشبوو بە تێکچوونی کەسایەتیی شیزیی بچووک یان هاوشیزی زۆر بەسەیری بیردەکەنەوە و ڕەفتار دەکەن. 

نیشانەکان

بیرکردنەوە و ڕەفتاریان زۆر سەیروسەمەرەیە. بیروبۆچوونی شێتانەیان هەیە کە ئەمەش لە خەڵک دووریان دەخاتەوە، تەنانەت شێوازی پۆشینی جلیشیان زۆر سەیروسەمەرەیە. ئەم کەسانە لەلایەنی سۆزدارییەوە زۆر بێ هەستن، زۆر نائاسوودەن بە دانانی پەیوەندیی نزیک و زیاتر تەنیایی هەڵدەبژێرن. زۆرجار پێیان وایە دەتوانن بیری کەسانی تر بخوێننەوە و زۆربەی شتەکان دەدەنە پاڵ جادو و جنۆکە، هەروەها دەشێت گوێبیستی دەنگێک ببن یان شتێک ببینن کە کەسانی تر نایبیستن یان نایبینن. هەندێک جار تێکچوونی کەسایەتیی شیزیی بچووک لەگەڵ دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیی تووند یان پارانۆیا بەیەکەوە دەبن.

نموونە

نموونەی دیار بۆ ئەم جۆرە تێکچوونە کەسایەتییە وەکوو کیم جۆنگ ئیل و کەسایەتی تراڤیس بیکڵ"ـە لە فیلمی تاکسی درایڤەر.

هۆکار 

هۆکارە ژینگەییەکان، بەتایبەتی ئەزموونەکانی منداڵی، لەوانەیە ڕۆڵی هەبێت لە گەشەکردنی ئەم حاڵەتە، وەکوو:
- خراپ بەکارهێنان.
- پشت گوێ خستن.
- زەبری دەروونی.
- فشار.
- هەبوونی دایک و باوکێک کە لە ڕووی سۆزدارییەوە لەیەک دابڕاون.

هەروەها ئەگەری تووشبوونی زیاترە ئەگەر ئەم حاڵەتانە لەناو خێزانەکەتدا هەبێت، وەکوو: 
- شیزۆفرینیا.
- تێکچوونی کەسایەتیی شیزیی بچووک یان هاوشیزی.
- هەر تێکچوونێکی تری کەسایەتی.

چارەسەر

ئەگەر پزیشکەکەت دەستنیشانی بکات کە تێکچوونی کەسایەتیی شیزیت هەیە، لەوانەیە چارەسەری دەروونی یان دەرمانت بۆ دابنێت. هەرچەندە بە دیاریکراوی هیچ دەرمانێک نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم تێکچوونە کەسایەتییە، بەڵام زۆر کەس سوود لە دەرمانەکانی وەکوو دژەسایکۆتیکەکان یان دژەخەمۆکییەکان وەردەگرێت ئەگەر پزیشکەکەیان ئەو نیشانانە بەدی بکات کە بەم دەرمانانە باش دەبن. 

چەند جۆرێکی چارەسەر دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ ئەم تێکچوونە کەسایەتییە. چارەسەری دەروونی یان چارەسەر بە قسەکردن دەتوانن یارمەتیت بدەن لە فێرکردنی چۆنیەتی دانانی پەیوەندی. دەتوانیت ئەم جۆرە چارەسەرە هاوکات لەگەڵ ڕاهێنانی لێهاتوویییە کۆمەڵایەتییەکان وەربگریت، تا وات لێبکات زیاتر هەست بە ئاسوودەیی بکەیت لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا. 

چارەسەری هزریی ڕەفتار، دەتوانێت یارمەتیت بدات لە دیارکردنی ئەو ڕەفتارانەت کە پەیوەندییان بە حاڵەتەکەتەوە هەیە. چارەسەرکارەکەت دەتوانێت لە فێربوونی چۆنیەتی مامەڵەکردن لە بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکاندا و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئاماژە کۆمەڵایەتییەکان، یارمەتیت بدات. هەروەها دەتوانێت لە دیاریکردن و گۆڕینی بیرە نائاسایی و زیانبەخشەکانیشدا یارمەتیت بدات.

چارەسەری خێزانیش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت، بەتایبەتی ئەگەر بەتەنیا نەژیت. ئەم چارەسەرە دەتوانێت لە بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی خێزان یارمەتیت بدات، هەروەها دەتواێت وات لێبکات هەست بە پشتگیری زیاتر بکەیت لەلایەن خێزانەکەتەوە.

تێکچوونی کەسایەتی شیزیی بچووک حاڵەتێکی هەمیشەیییە. زۆرجار پێویستی بە چارەسەری بەردەوام هەیە بە درێژایی ژیان. دۆخی گشتیی کەسەکە بەند دەبێت لەسەر تووندیی نیشانەکانی، ئەگەر کەسەکە بتوانێت زوو چارەسەر وەربگرێت ئەوا زیاتر سەرکەوتوو و کاریگەر دەبێت.

ئەگەر تۆ کەسێکیت تێکچوونی کەسایەتیی شیزیی بچووکت هەیە، ئەوا ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشیی خەمۆکیی سەرەکی زیاترە. پزیشکەکەت ئاگاداربکەوە ئەگەر گومانت هەیە لەوەی ئەزموونی خەمۆکیی یان هەر نەخۆشییەکی تری دەروونی دەکەیت.


سەرچاوەکان



908 بینین