کەسایەتیی شەڕانگێزی شاراوە

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2021-12-24-19:29:00 - کۆدی بابەت: 7373
کەسایەتیی شەڕانگێزی شاراوە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شەڕانگێزی شاراوە یان نەرێنی (بە ئینگلیزی: Passive-Aggresive) جاران بە تێکچوونی کەسایەتی پۆلێن دەکرا بەڵام لە ئێستادا وەک شێواز یان کۆنیشانەیەکی کەسایەتی یان جۆری ڕەفتارکردن دادەنرێت. هەروەها لە چاپی چوارەمی ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری نەخۆشییە دەروونییەکان، بە تێکچوونی کەسایەتیی نەرێنی دادەنرێت.
کەسایەتیی شەڕانگێزی شاراوە وا لە تاک دەکات هەستە نەرێنییەکانی بە شێوەیەکی شاراوە دەرببڕت لەجێی ئەوەی بە ئاشکرا دەری ببڕیت، ئەمەش لەبەر نەگونجانی ئەوەی کە هەستی پێدەکات لەگەڵ ئەوەی کە دەیکات یان دەیڵێت.

نیشانەکان

ئەم جۆرە کەسانە کەللـەڕەق و ڕەشبین و نەرێنین، جۆری هەست کردن و بیرکردنەوەیان جیاوازە لەوەی کە دەیکەن یان دەیڵێن. زۆرجار کە شێتکیان نەوێت دەری نابڕن و دەڵێن باشە، بەڵام بەشاراوەیی لەناخەوە شەڕانگێزانە و نەرێنییانە بیری لێدەکەنەوە بەمەش بیرکردنەوە و دەربڕینیان دژیەک دەبێت، بۆیە بە شێوەیەکی نائاسایی ڕەفتار دەکەن. بۆ نموونە بەهۆی نەگونجان لە کار یان پەیوەندیدا هەندێک ڕەفتار دەکەن بۆ دەربڕینی هەستە شەڕانگێزییەکەی ناخیان، کارەکانیان وەک خۆی ئەنجام نادەن، بە ئەنقەست کەمتەرخەمی دەنوێنن و هەڵە دەکەن، بەشێوەیەکی سارد مامەڵە دەکەن، بە ئەنقەست لە چاوپێکەوتنەکاندا دوا دەکەون و پابەندی کاتی کار نابن، زۆر مشتومڕ دەکەن و هەمیشە لۆمەی کەسانی تر دەکەن. 
ئەم کەسانە هەستی نەرێنییان هەیە و بەشێوەیەکی شەڕانگێزانە بیردەکەنەوە و هەمیشەش لەنێوان ویستی هێرشکردن و هەستی پەشیمانیدا تێدەمێنن.
ئەم ڕەوشە کەسایەتییە حاڵەتێکی هەمیشەیی و تووندە و کەسەکان هەمیشە لە ناکۆکیدان لەگەڵ هەستەکانیان بەرانبەر خۆیان، کەسانی تر، یانیش بارودۆخەکان. ئەم کەسانە بەردەوام دەبن لە ڕەفتارەکانیان سەرەڕای توانای ڕاهێنان و فێربوونی ڕەفتاری نوێ، بۆیەش چارەسەری زەحمەتە و بە شێوەیەکی گشتی حەڵەتەکە وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.

هۆکار

هەرچەندە تا ئێستا کتومت ڕوون نییە بۆچی ئەم حاڵەتە دروست دەبێت، بەڵام توێژینەوەکان نیشانی دەدەن کە دەکرێت بە یەکگرتنی هەندێک لەم هۆکارانە ئەم حاڵەتە گەشە بسەنێت، ئەوانیش:

- بۆماوە.
- گەورەبوون لە ژینگەیەکی خووخراپ یان ژینگەیەک خراپ بەکارهێنانی ماددەی تێدا هەبووبێت.
- لە منداڵیدا  لەسەر دەربڕینی تووڕەیی و هەستە نەرێنییەکانی یان لەسەر هەبوونی هەست و بیرکردنەوەی پێچەوانە سزا درابێت.
- لە منداڵیدا فێرنەبووبێت چۆن هەست و بیرکردنەوەی خۆی دەرببڕێت.
- پچڕانی پەیوەندی لەگەڵ دایک و باوک، مامۆستا یان چاودێر لە منداڵیدا.

هەندێک کەس لەوانەیە ئەم حاڵەتەیان بۆ دروست ببێت لەگەڵ هەبوونی نەخۆشییەکی دەروونیی تر، وەکوو:

- دڵەڕاوکێ
- شیزۆفرینیا
- بیری خۆکوژی
- خراپ بەکارهێنانی ماددە
- نەخۆشی دووجەمسەری
- گرفتەکانی فێربوون و هۆشپێدان
- تێکچوونی کەسایەتیی نێرگزی یان خۆخواز

چارەسەر

هەرچەندە چارەسەرکردنی ئەم حاڵەتە زۆر زەحمەتە و چارەسەرێکی دیاریکراوی نییە، لەماوەی چەرەسەری دەروونیدا، پزیشکی دەروونی یان دەروونناس هەوڵ دەدات یارمەتی کەسەکە بدات کە چۆن هەست و ڕەفتارە نەرێنییەکانی دیاری بکات و کاریگەرییان کەم بکاتەوە، بۆیەش ئامانجەکانی چارەسەر ئەمانەن:

- زیادکردنی خودبەهایی و کاریگەریی خود.
- بەرەوپێشبردنی توانای دەربڕینی هەستە نەرێنییەکان، وەکوو تووڕەیی.
- بەرەوپێشبردنی توانای کاردانەوە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ.
- گەشەپێدانی بوونی هەستێکی ئاسایی بەرانبەر کەسانی تر، بەتایبەت ئەوانەی بەدەسەڵاتن.
- دروستکردنی پێشبینی واقعبینانە بەرانبەر خود، کەسانی تر و باردودۆخەکان.
-دیاریکردن و چارەسەرکردنی گرژیی پیوەندییە کۆنەکانیان و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنیان.
- بەرەوپێشبردنی هەستی جڵەوکردنی خود و کەمکردنەوەی هەستی بێ هیوایی.
- نەهێشتن و کەمکردنەوەی بیری خۆکوژی.

شارەزایانی بواری دەروونی هەندێک دەرمان و چارەسەری دەروونی بەکاردەهێنن بۆ باشترکردنی ڕەوشی کەسایەتیی شەڕانگێزی شاراوە، ئەوانیش:

- دەرمانی دژەدڵەڕاوکێ
- دەرمانی کەمی هۆشپێدان
- دەرمانەکانی جێگیرکردنی میزاج
- دەرمانی دژەسایکۆتیک
- چارەسەری هزریی ڕەفتار
- چارەسەری کەمکردنەوەی زیان
- چارەسەرکردن لەناو گۆمەڵگەدا
- چارەسەری گرووپی پاڵپشت


سەرچاوەکان



1390 بینین