مۆنتاژی یەکێتیی سۆڤیەت

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-12-30-21:40:00 - کۆدی بابەت: 7445
مۆنتاژی یەکێتیی سۆڤیەت

ناوه‌ڕۆك

مۆنتاژ چییە لە فیلمدا؟

وشەی مۆنتاژ لە زمانی فەڕەنسیدا دەستەواژەیەکە بۆ پێناسەی پەیوەندی چەند پارچەیەکی جیاواز، چ فیلم بێت، مۆسیقا یان وێنەبێت کە دەبن بە یەک پارچەی تەواو و بەکاردێت، بەڵام بۆ تێگەیشتن لەوەی کە بۆچی مۆنتاژ بووە بە پێکهاتەیەکی سەرەکی لە سینەمای یەکێتیی سۆڤیەتدا، پێویستە سەرەتا لەوە تێبگەین چۆن پیشەسازییەکە گەیشتووە بەو خاڵە گرنگە، قوتابخانەی فیلمی مۆسکۆ لە ساڵی ١٩١٩ لە نێوەندی شۆڕشی ڕووسیادا دامەزرا، دیارترین پڕۆفیسۆری ئەو قوتابخانەیە (لیڤ کولیشۆڤ) بوو، کە ئەزموونی چەند ڕێگای نوێی کرد بۆ ئیدیتکردنی فیلم لە ساڵی ١٩٢٠، لە ساڵی ١٩٢٣ کاتێک (ڤلادمێ لێنن) و (بۆڵشڤیکسی) داگیرکەر کۆنترۆڵی حکومەتی ڕووسیایان کرد، گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئابووریەوە ڕوویدا، هەروەها ئەم کاتانە بە تەواوی قورس بوون بۆ بەدەستهێنانی سەرمایەی فیلم لە ڕووسیا، بۆیە لەبری ئەوە خەڵکی نەک داهێنانیان تێدا نەکرد بەڵکوو خوێندنی فیلمیان واز لێهێنا، (کولیشۆڤ) لەپاڵ خوێندکارەکانیدا، بە وردی گەڕانی دەکرد بۆ شێوازی ئیدیتکردنی فیلم، لەکاتی وانەوتنەوەی وەک پڕۆفیسۆر (کولیشۆڤ) کورتەفیلمێکی بڵاوکردەوە کە بوو بە بنچینەی تیۆری مۆنتاژکردنی یەکێتی سۆڤیەت.

مۆنتاژی یەکێتیی سۆڤیەت

زۆربەی هەواداران و هەتا ئەوانەشی کە بە کەمی بینەری فیلم و سینەمان بە چەمک و بیرۆکەی مۆنتاژ ئاشنان، بەکارهێنانی نا پیشەگەرانەی مۆنتاژ لە هەشتاکاندا لە فیلمە ئاکشنەکانی هۆڵیوود بوو بەهۆی لاسایی کردنەوەیەکی نا بەرپرسانەی بێ شومار و دواتر فیلمسازان توانیان سنوورێک دابنێن بۆ بەکارهێنانی ئەم تەکنیکە، ڕێبازی مۆنتاژکردن زۆر زیاترە لەوەی کە لە فیلمی Rocky Balboaدا هەیە و هەموو گۆڕانکارییەکانیش لە تەکنیکی مۆنتاژدا لە کۆتا ساڵەکانی بوونی یەکێتی سۆڤیەتدا سەری هەڵدا.

ئیفێکتی کولیشۆڤ چییە؟

شێوازێکی تایبەتی ئیدیت کردنە کە بۆ یەکەمجار لەلایەن دەرهێنەر و بیردۆزدانەری فیلم (لیڤ کولیشۆڤ)ـەوە سەلمێنراوە، بنچینەی سەرەکی ئیفێکتی کولیشۆڤ بریتی بوو لەوەی کە بینەر شیکردنەوە و تێگەیشتنی جیاوازی دەبێت بەپێی جیاوازی پێکهاتە و ڕیزبەندی دیمەنەکان، لە ڕاستیدا کاریگەری دیمەنەکان لەسەر یەکتر دەتوانێت مانای هەموو دیمەنەکان بگۆڕێت.

مۆنتاژی یەکێتیی سۆڤیەت چۆن سەریهەڵدا؟

ئیفێکتی کولیشۆڤ

هەروەک سینەمای هونەریی فەڕەنسی، مۆنتاژی یەکێتیی سۆڤیەت لەو بیرۆکەیەوە سەریهەڵدا کە بیرۆکەی فیلم پێویست ناکات هەموو کات لەگەڵ ڕێکار و یاساکانی شانۆدا یەک بگرێتەوە، ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی فیلم شێواز و تایبەتمەندی نوێ بە خۆیەوە ببینێت، دەرهێنەر (لیڤ کولیشۆڤ) یەکەم کەس بوو کە ڕێبازی مۆنتاژکردنی ڕێکخست و گۆڕانکاری بەسەردا هێنا لەسەر بنچینەی ئەوەی کە دەیوت: (تەنها یەک فرەیم بەس نییە بۆ گواستنەوەی ئەو هەستەی کە لە دیمەنەکەدا هەیە)، ئەمەش ناسراوە بە (ئیفێکتی کولیشۆڤ)، بینەر دەتوانێت دوو دیمەنی جیا ببینێت بەڵام بەیەک دیمەنی کۆکراوە لێی تێبگات.

بۆ سەلماندنی مەبەستەکەی کولیشۆڤ، فیلمسازان چەندین دیمەنی جیاوازیان کۆکردەوە، هەریەک لەم دیمەنانە خوێندنەوەی بینەریان بۆ دیمەنەکان گۆڕی، بۆ نموونە یەک کاردانەوەی ڕووخسار دانرا بۆ چەندین حاڵەتی جیاواز، کە ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی بینەران بەتەواوی شیکردنەوە و تێگەیشتنیان جیاوازبێت بۆ دیمەنەکان بە پشت بەستن بەو دیمەنانەی کە بەیەکەوە کۆکراونەتەوە، بەم ڕێگایە (کولیشۆڤ) بەشێوەیەک ئامڕازەکانی جێبەجێ دەکرد کە لەگەڵ ئەدەب و زماندا بگونجێت، دیمەنەکانی بەشێوەیەک ڕێکدەخست کە تۆی بینەر وەک ڕستەیەک لێی تێبگەیت، واتە ئەگەر ئەو دیمەنە لە شانۆیەکی ڕاستەوخۆدا بوایە دەبوو بە ڕستە دەربڕینی بۆ بکرێت.
ڕێبازی مۆنتاژکردنی کولیشۆڤ پرسیاری دروستکرد دەربارەی چۆنیەتی ئیدیتکردن و گرنگییەکانی کاریگەری ڕیزبەندی دیمەن لەسەر تێگەیشتن و شیکردنەوەی بینەر بۆ دیمەنەکان، (کولیشۆڤ) بوو بە ئیلهام بۆ دەرهێنەرانی وەک (سێرجێ ئایزستاین) کە خوێندکارێکی فەرمی (کولیشۆڤ) بووە و هەروەها دەرهێنەر (زیگا ڤیەرتۆڤ)، ئەم دەرهێنەرانە سوودیان لە ڕێبازی مۆنتاژکردن بینی بە شێوەیەک کە توانیان بیسەلمێنن کات و بۆشایی چۆن شێوازی دەربڕینی دیمەن لە سینەمادا دەگۆڕێت، هەروەها ببن بە دەرخەری ئەوەی کە بینەر چۆن کاردانەوەی جیاوازی دەبێت بۆ تەکنیکە جیاوازەکانی مۆنتاژکردن.
سەرەڕای ئەوەش مۆنتاژ بە شێوازە بنەڕەتییەکەی بە شێوەیەکی گشتی لە سینەمای مۆدێرندا بە کەمی بەکاردێت، بە دڵنیایی شێوازەکەی (کولیشۆڤ) بوو بە شێوازێکی باو بۆ فیلمسازانی جیهان، فیلمەکانی Battleship Potemkinی دەرهێنەر سێرجێ ئایزستاین و The Man With a Movie Camera ی دەرهێنەر زیگا ڤیەرتۆڤ تاکوو ئێستاش وەک دوو ڕێچکەشکێنترین فیلمەکان دەناسرێن بە درێژایی مێژوو.

تیۆری مۆنتاژی یەکێتی سۆڤیەت

تیۆری مۆنتاژی یەکێتی سۆڤیەت شێوازێکی جووڵەی فیلمە کە لە سۆڤیەتی ڕووسیا سەری هەڵداوە بە درێژای ساڵانی ١٩١٠ بۆ ١٩٢٠ تاکوو کۆتایی ساڵانی ١٩٣٠، ئەم شێوازی مۆنتاژە لەلایەن (لیڤ کولیشۆڤ)ـەوە داهێنراوە لە کاتێکدا کە لە قوتابخانەی فیلمی مۆسکۆ وانەی دەوتەوە.

ئەو فیلمە بەناوبانگانەی کە مۆنتاژی یەکێتی سۆڤیەتیان تێدا بەکارھاتووە:

  • Kino-Eye (1924)
  • Battleship Potemkin (1925) 
  • The Death Ray (1925)
  • Mother (1926)
  • Zvenigora (1927)
  • October: Ten Days That Shook the World (1928)
  • Man With a Movie Camera (1929)
  • A Simple Case (1932)

بە پشت بەستن بە کارەکانی دەرهێنەری دیاری سۆڤیەت (سێرجێ ئایزستاین)، پێنج جۆری جیاوازی تیۆری مۆنتاژکردنی یەکێتی سۆڤیەت هەیە کە ئەمانەن (مەتری - Metric، ڕیتمی - Rhythmic، تۆندار - Tonal، ئاماژەدەر - Overtonal، ڕۆشنبیرانە - Intellectual).

مۆنتاژی ڕۆشنبیرانە - Intellectual Montage

بیرۆکەی پشتی کورتەفیلمەکەی (کولیشۆڤ) بریتی بوو لە کۆکردنەوەی گرتەیەکی یەک فرەیمی تاکی ناوەندی نواندنکاری بەناوبانگ (ئایڤان مەسجوکێن) لەگەڵ سێ گرتەی دیکەی ئاشکرادا کە یەکەمیان دەفرێک شۆربا و دووەمیان کچێک لەناو دارەمەیتدا و سێیەمیان خانمێک کە لەسەر قەنەفەیەک ڕاکشاوە.
ئامانجی پشت ئەم شێوازە بریتی بوو لە دروستکردنی مۆنتاژێک کە تێیدا کۆکردنەوەی گرتەکان پێکەوە هەرجارەو شتێکی جیاواز بوروژێنێت، وەک برسییەتی بە دەرخستنی شۆربا و خەمباری بە دەرخستنی دارەمەیت و خواستن بە دەرخستنی خانمێک، (کولیشۆڤ) متمانەی بە بەرەوپێش بردنی وروژاندنی هەستەکان هەبوو بە جیاوازی دیمەنەکان، بۆیە ئەم تەکنیکە ناسراوە بە (ئیفێکتی کولیشۆڤ).
ئیفێکتی کولیشۆڤ تا ئێستاش بە شێوەیەکی بەرفراوان لە سینەمادا بەکاردێت، ئەمەش ڕێگا بۆ فیلمسازان خۆشدەکات کە تەنها لە ڕێگەی ئیدیتکردنەوە پەیوەندی لەگەڵ بینەر ببەستن.

مۆنتاژی مەتری - Metric Montage

دوای ئەوەی کولیشۆڤ مۆنتاژی ڕۆشنبیرانەی دروستکرد، بیرۆکەی جۆرەکانی دیکەشی بەدوایدا بۆ هات، بیرۆکەی مۆنتاژی مەتری لە ڕێگای خێراکردنی تۆماری مۆسیقایەکەوە دروست بووە، ئەم بیرۆکەیە بەکارهات بۆ داهێنانی خێرایی بینین لەناو دیمەنی فیلمێک کە کەت دەکرا بۆ گرتەی داهاتوو دوای ژمارەیەکی بێشوماری فرەیم و گرنگ نەبوو کە چی ڕوودەدات لەسەر شاشە.

مۆنتاژی ڕیتمی - Rhythmic Montage 

ئەگەر مۆنتاژی مەتری بەکاربێت بۆ دامەزراندنی خێرایی دیمەن، ئەوا مۆنتاژی ڕیتمی بەکاردێت بۆ پاراستنی خێرایی هەستی بینین و بیستنی بینەر، کلیپێک کە لە فیلمی ویپڵاشدایە باشترین نموونەیە بۆ مۆنتاژی ڕیتمی چونکە هەر گرتەیەک کە تێیدایە خێرایی مۆسیقاکە نیشان دەدات، کە هەمووی پێکەوە دیمەنێکی بەردەوامی سەرنجڕاکێش دەردەخات.

مۆنتاژی تۆندار - Tonal Montage

مۆنتاژی تۆندار بریتییە لە بەکارهێنانی دوو گرتە یان زیاتر کە پشتگیری یەکتر دەکەن و بابەتێک دروست دەکەن، ئەم شێوازەی مۆنتاژ بە تەواوی پێچەوانەی ئیفێکتی مۆنتاژی ڕۆشنبیرانەیە، نموونەی ئەم جۆرەی مۆنتاژیش لە فیلمی (مشەخۆر - parasite)ـی دەرهێنەری کۆری (بۆنگ جون هۆ)دا بوونی هەیە، کە ئەم دەرهێنەرە دیمەنێک پشان دەدات کە بە شێوەیەکی کارامەییانە بابەتە بنچینەییەکانی نایەکسانی و فێڵکردن و بێسنووری پێکەوە گرێ دەدات، هەروەک بە ناوەکەیدا دیارە مۆنتاژی تۆندار یارمەتیدەرە بۆ دامەزراندنی تۆنی دیمەنێک بە ئیدیتکردنی ئەو گرتانەی بەیەکەوە هەمان ئامانجیان هەیە.

مۆنتاژی ئاماژەدەر - Overtonal Montage

مۆنتاژی ئاماژەدەر بریتییە لە یەکگرتنی هەر چوار جۆرەکەی دیکەی مۆنتاژ، بەناوبانگترین دیمەن لە نموونەی تیۆری مۆنتاژی یەکێتی سۆڤیەت هەنگاوەکانی ئۆدێسایە لە فیلمی (Battleship Potemkin)ی دەرهێنەر (سێرجێ ئایزستاین)، ئەم دیمەنە سوودی لە هەر چوار جۆرەکەی مۆنتاژی دروستکردنی فیلم بینیوە بۆ ئیفێکتێکی کارامە.
ناوازەترین وێنە بریتییە لە کەوتنەخوارەوەی گالیسکەی منداڵەکە بە قادرمەکاندا کە نموونەیەکی باشی مۆنتاژی ڕۆشنبیرانەیە تێیدا دۆخێکی تراژیدی بەکارهاتووە بۆ وروژاندنی هەستی کاردانەوەی بینەر، ئەم ساتە بە تەواوی لە فیلمی ئەمریکی (The Untouchables)ی دەرهێنەر (Brian De Palma)دا خراوەتەڕوو، ئەم دیمەنە یەکێکە لە باشترین نموونەکان بۆ کاریگەری تیۆری مۆنتاژی یەکێتی سۆڤیەت بەسەر سینەمای جیهانەوە.

پێنج تیۆرییەکەی مۆنتاژکردن

فیلمسازی یەکێتیی سۆڤیەت (سێرجێ ئایزستاین) کە یەکێک بوو لە قوتابییەکانی (لیڤ کولیشۆڤ)، متمانەی بە پوختەی ئەو مۆنتاژی یەکێتیی سۆڤیەتە هەبوو کە لەسەرەوە باسکرا، (سێرجێ ئایزستاین) و (کولیشۆڤ) هەر پێنج هەنگاوەکەی تیۆری مۆنتاژی یەکێتیی سۆڤیەتییان بەکارهێناوە لە کارەکانیاندا، کە ئەمەش هۆکاربوو تاکوو هەردووکیان بۆ هەمیشە ببن بە کاریگەرترین فیلمسازە تەکنیکییەکان.


سەرچاوەکان



861 بینین