چای گیایی

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-01-22:56:00 - کۆدی بابەت: 7466
چای گیایی

ناوه‌ڕۆك

چایە گیایییەکان 

چایە گیایییەکان (بە ئینگلیزی: Herbal teas)، یان بە تیزەین (بە ئینگلیزی: Tisane) ناسراون، بریتین لە خووسێنراوی گیایی کە تێیدا بەشەکانی ڕووەک، وەک گوڵ و گەڵا، یان گیا و بەهاراتەکان، یان میوە وشککراوەکان لە ئاوی گەرمدا دەخووسێنرێن و وەک چا پێشکەش دەکرێن. 

چایە گیایییەکان نابێت تێکەڵ بکرێن لەگەڵ چای ڕاستی، ئەمانە بە هیچ جۆرێک چا نین چونکە لە ڕووەکی کامیلیا بەرهەم نەهێنراون کە چای لێ بەرهەم دێت و کافایینیشیان تێدا نییە، بەڵکوو لە ڕووەکی تری جۆراوجۆر بەرهەم دێن، ئەمەش وادەکات هەمەجۆرییەکی زۆر لە بۆن و تام ببەخشن. 

زیاتر لە سەدان جۆری چای گیایی بوونیان هەیە، ئەم خواردنەوە گیایییانە زۆر بەربڵاون و ساڵانێکی زۆرە بۆ خواردنەوە و چارەسەریش بەکارهاتوون، زۆربەی ئەم خواردنەوە گیایییانە ماددەی کافایینیان تێدا نییە و زۆرێکیشیان سوودی تەندرووستی باشیان هەیە. نموونەی باوترین جۆرەکانی چای گیایی کە سوودی تەندروستیان هەیە ئەمانەن.

چای بەیبوون 

چای بەیبوون (بە ئینگلیزی: Chamomile tea) لە گوڵی بەیبوون دروست دەکرێت، یەکێکە لە باوترین جۆرەکان و بە گشتی بە تایبەتمەندی ئارامکەرەوە ناسراوە.

- بۆ یارمەتیدانی خەوتن بەکاردێت.

- وەک دژەبەکتریا، دژەهەوکردن و پارێزەری جگەر کاردەکات.

- سوودی هەیە بۆ سکچوون و برینی گەدە.

- یارمەتی کەمکردنەوەی نیشانەکانی پێش سوڕی مانگانە دەدات.

- یارمەتی کەمکردنەوەی چەوری خوێن و شەکری خوێن دەدات.

چای نەعنا

چای نەعنا (بە ئینگلیزی: Peppermint tea) یەکێکە لە زۆرترین چایە گیایییە خوراوەکان لە جیهاندا. 

-  بەناوبەنگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرسکردن و دڵتێکچوون.

- تایبەتمەندی دژەئۆکسان، دژەشێرپەنجە، دژەبەکتریا و دژەڤایرۆسی هەیە. 

- کاریگەرە بۆ گرژبوونەکانی سورێنچک و کۆڵۆن و ڕیخۆڵە، سوودیشی هەیە بۆ کۆنیشانەی کۆڵۆنی شڵەژاو.

- یارمەتیی کێشەکانی هەناسەدان دەدەن. 

چای زەنجەفیل 

چای زەنجەفیل (بە ئینگلیزی: Ginger tea)، چایەکی تامدار و تیژە، کە دژەئۆکسانی زۆری تێدایە و سوودی تەندروستی زۆری هەیە.

- شەڕ دەکات دژی هەوکردن و یارمەتی بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگریی لەش دەدات. 

- چارەسەری دڵتێکچوون دەکات بەتایبەتیش دڵتێکچوونی سەرەتای دووگیانی، هەروەها دڵتێکچوونی پەیوەست بە شێرپەنجە و نەخۆشیی دەردەجوڵەش لادەبات.

- یارمەتی کێشەی هەرسنەکردنی خواردن و قەبزی دەدات، چارەسەری برینی گەدە دەکات.

- یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە دەدات، توێژینەوەکان دەریان خستووە کە دەکرێت کاریگەریی زەنجەفیل لە کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانەدا وەک ئازارشکێن و دژەهەوکەری ئیبۆپڕۆفین وابێت.

- سوودی هەیە لە کەمکردنەوەی چەوری خوێن و شەکری خوێن.

- یارمەتیی زیادکردنی ئارەزووی خواردن دەدات.

چای دەوەنەسوورە

چای ڕۆیبس (بە ئینگلیزی: Rooibos tea) یان بە دەوەنەسوورە ناسراوە، لە گەڵاکانی ڕووەکی ڕۆیبس یان ڕووەکی جەنگەڵی سوور دروست دەکرێت کە لە ئەفریقیادا دەڕوێن. سوودەکانیشی بریتین لە:

- بەسوودە بۆ تەندروستیی ئێسک، گەشە و چڕیی ئێسک زیاد دەکات. 

- هەوکردن و ژەهراویبوونی خانە کەمدەکاتەوە.

- ڕێگری لە نەخۆشییەکانی دڵ دەکات. 

- ڕێژەی چەوری خراپ بۆ چەوری باش (LDL/HDL) کەمدەکاتەوە لە خوێندا. 

چای لیمۆبۆن

چای لیمۆبۆن (بە ئینگلیزی: Lemon balm)، تامێکی لیمۆیی و سووکی هەیە. 

- دڵەڕاوکێ و فشار کەمدەکاتەوە، یارمەتی خەوتن دەدات.

- جیڕی خوێنبەرەکان زیاد دەکات و ڕێژەی چەوری باش (HDL) زیاد دەکات، ئەمەش ڕێگری لە نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک و کەمبوونەوەی توانای مێشک دەکات و یادەوەری بەهێز دەکات.

- جیڕیی پێست زیاد دەکات. 

- دژەئۆکسانە سروشتییەکانی جەستە زیاد دەکات، ئەمەش خانەکانی جەستە و دی ئێن ئەی لە زیانی ئۆکساندن دەپارێزێت.

چای کوجەرات

چای کوجەرات (بە ئینگلیزی: Hibiscus tea)، لە گوڵە ڕەنگاوڕەنگەکانی ڕووەکی کوجەرات دروست دەکرێت کە لە میسڕ دەڕوێت. چایەکە ڕەنگێکی پەمەیی سورباوی هەیە و تامی تیژ و بووژێنەرەوەیە. 

- ڕێژەیەکی زۆر لە دژەئۆکسانەکانی تێدایە.

- وەک دژەڤایرۆس کار دەکات. 

- چەوری خوێن و پەستانی خوێن کەمدەکاتەوە. 

- نابێت ئەم چایە لەیەک کاتدا لەگەڵ دەرمانی ئەسپرین یان هایدرۆکلۆرۆتایەزاید وەربگیرێت، چونکە کارلێک دەکەن.

چای گوڵەقووچە

چای ئێکنەیشا (بە ئینگلیزی: Echinacea tea)،  یان بە گوڵەقووچە ناسراوە (بە ئینگلیزی: Coneflower) لە ئەمریکای باکووردا دەڕوێت.

- زۆر کاریگەرە بۆ ڕێگریکردن و چارەسەرکردنی هەڵامەت. 

- یارمەتی کۆئەندامی بەرگری دەدات. 

- وا باشترە تووشبووانی ڕەبۆ و ئافرەتانی دووگیان بەکاری نەهێنن. 

چای ڕۆز هیپ 

چای ڕۆز هیپ (بە ئینگلیزی: Rose hip tea)، لە میوەی ڕووەکی ڕۆز هیپ دروست دەکرێت، کە بەزۆری لە وڵاتی چیلی دەڕوێت. 

- ڕێژەیەکی زۆر لە ڤیتامین C تێدایە و تایبەتمەندی دژەهەوکردنی هەیە. 

- سوودی هەیە بۆ هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی و هەوکردنی ئێسک و جومگە (سەوەفان).

- کێشی لەش ڕێک دەخات.

- چرچی دەوری چاوەکان کەم دەکاتەوە و جیڕی و شێداری پێست زیاد دەکات.

چای گوڵەمریەم

چای گوڵەمریەم (بە ئینگلیزی: Sage tea)، ئەم چایە ساڵانێکی زۆرە بەکاردێت و سوودی تەندروستی زۆری هەیە.

- بەسوودە بۆ لەبیرچوونەوە و نەخۆشیی ئەلزەهایمەر.

- بەسوودە بۆ خەمۆکی

- بەسوودە بۆ چارەسەری قوڕگ ئێشە.

- تەندروستی دڵ باشتر دەکات، هەروەها ڕێگری لە شێرپەنجەی کۆڵۆن دەکات. 

چای گوڵەڕۆمی 

چای گوڵەڕۆمی یان گوڵی ناردین (بە ئینگلیزی: Valerian tea) بەسوودە بۆ:

- هێورکەرەوەیە و بەسوودە بۆ بێخەوی. 

- بەسوودە بۆ دڵەڕاوکێ و خەمۆکی. 

- یارمەتی باشتربوونی نیشانەکانی تەمەنی بێ ئومێدی دەدات لە ئافرەتدا.

چای گوڵی شەست پەڕ

چای گوڵی شەست پەڕ (بە ئینگلیزی: Dandelion tea) بەسوودە بۆ:

- چارەسەری کێشەکانی جگەر، بەسوودە بۆ باشترکردنی نیشانەکانی هەوکردنی جگەر لە جۆری C.

- بۆ چارەسەری کێشەکانی زراو.

پوختە 

زیاتر لە سەدان جۆری چای گیایی بوونیان هەیە و تام بۆنی هەمەجۆر دەبەخشن، لەگەڵ ئەوەی زۆربەیان سوودی تەندروستی باشیان هەیە، بەڵام دەکرێت هەندێک جۆریان زیانبەخش ببن، بۆیە لەکاتی دووگیانی و بوونی نەخۆشییەکی دیاریکراو یان وەرگرتنی دەرمان، دەبێت بە ڕێنوێنی پزیشک بەکار بهێنرێن، بەتایبەت ئەگەر ڕۆژانە بخورێنەوە.


سەرچاوەکان



859 بینین