ئەبوو مەهدی موهەندیس

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-02-15:45:00 - کۆدی بابەت: 7471
ئەبوو مەهدی موهەندیس

ناوه‌ڕۆك

قۆناغەکانی ژیان و ناساندن

کەسایەتی ناوداری سەربازی و سیاسەتمەداری شیعەی عێراقی ئەبوو مەهدی موهەندیس (بە عەرەبی: أبو مهدی المهندس) ناوی تەواوی جەمال محەمەد عەلی ئیبراهیمە، نازناوی ئەبوو مەهدی موهەندیسی وەرگرتووە چونکە کۆلێجی ئەندازیاری شارستانی تەواو کردووە، لە ئێران بە "جەمال ئیبراهیمی" ناسراوە، لەدایکبووی ساڵی 1954ـی بەسڕەیە و بەهۆی هاوسنووری پارێزگای بەسڕە و وڵاتی کوەیت بۆ ماوەیەکی درێژ دانیشتوی وڵاتی کوەیت بووە، لە ساڵی 1977 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازیاری شارستانی زانکۆی تەکنەلۆجی بەغداد بەدەستهێناوە، لە سەرەتای ژیانی پیشەیی وەکوو ئەندازیار کاری کردووە، پاشان کۆلێجی زانستە سیاسییەکانی خوێندووە و پلەی دکتۆرای تێدا بەدەستهێناوە و پسپۆڕی وەرگرتووە، خێزاندارە و ژیانی هاوسەری لەگەڵ ژنێکی ئێرانی پێکهێناوە و بوونەتە خاوەن چوار منداڵ.

پێگە و ژیانی سیاسی

هەر لە قۆناغی ئامادەییەوە چووەتە ڕیزی حیزبی "دەعوەی ئیسلامی"، لە دوای ڕووداوەکانی 1979 و "هۆڵی خولد" حیزبی بەعس ژمارەیەکی زۆری لە قوتابیان و خوێندکارانی زانکۆی دەستگیر کرد، موهەندیس لەوکاتەدا یەکێک بوو لە گرنگترین داواکراوەکانی "دادگای سەورە"، لەدوای کوژرانی "محەمەد باقڕ سەدڕ" پێشەوای باڵای شیعەکان، لە ساڵی 1980 موهەندیس بە ناچاری بۆ وڵاتی ئێران هەڵهات، لەوێ چالاکییە سیاسی و سەربازییەکانی گەشتنە لوتکە و چەندان پۆستی گرنگی لە حیزب و ناوەندەکانی نموونەی "فەیلەقی بەدر" و ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراقی کاری کردووە، تا کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو لەو پلە و پۆستانە ماوەتەوە، پاشان لەدوای ڕووخانی دەسەڵاتی عێراق موهەندیس وازی لە پۆستەکانی هێناوە و وەکوو کەسێکی سەربەخۆ کاری کردووە، دوای 2003 لە کایەی سیاسی عێراق ڕۆڵێکی بایەخداری هەبووە لە پێکهێنانی حیزب و میلیشیا شیعەکان، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش و دروستبوونی "حەشدی شەعبی" موهەندیس کرا بە پێشەوا و ڕابەری هێزە سەربازییەکان، بەهۆی نزیکی لە وڵاتی ئێرانەوە هەمیشە کێشە و ئاڵۆزی هەبووە لەنێوان هەردوو وڵات، موهەندیس یارمەتیدەری وڵاتی ئێران بووە بۆ سەپاندنی ڕاوبۆچوونیان و دەستێوەردانیان لە کاروباری ناوخۆی عێراق، هەروەها لەنێوان ئەو و سەروەزیرانی ئەوکاتەی عێراق حەیدەر عەبادی ڕاجیایی و مشتومڕ هەبووە.

پەیوەندی لەگەڵ قاسم سولەیمانی

لەگەڵ ئەوەی موهەندیس پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ وڵاتی ئێراندا هەبوو، یەکێک بوو لە نزیکترین هاوڕێ و ڕاوێژکارە تایبەتییەکانی سەرکردە و سیاسەتمەداری ناوداری ئێران قاسم سولەیمانی، لە زۆربەی بۆنە و یادە ئاینیە فەرمییەکان هەر پێکەوە بوونە و هاوبەش بوونە لە داڕشتنی زۆرێک لە پلانە سەربازییەکان. 

کوشتن و تیرۆرکردنی

ئەبوو مهدی موهەندیس بە یاوەری قاسم سولەیمانی سەرکردەی "فەیلەقی قودس" لە 3ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 کوژران، لەکاتی گەڕانەوایان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد فڕۆکەیەکی ئەمریکی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلەکەیانی بۆردۆمان کرد و هەردووکیان کوژران، ڕووداوی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس کاردانەوەیەکی زۆری لێکەوتەوە لایەنە شیعەکان و ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان لە ئەمریکا دەکرد، تەرمی ئەبوو مەهدیان بردەوە بۆ پارێزگای نەجەف لە گۆڕستانی "وادﻱ السلام"ـی شیعەکان نێژرا، هەریەک لە وڵاتی ئێران و عێراق پرسە و ماتەمینیان ڕاگەیاند.


سەرچاوەکان



695 بینین