گریان

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-07-00:27:00 - کۆدی بابەت: 7519
گریان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گریان (بە ئینگلیزی: Cry) بریتییە لە ڕشتنی یان هاتنە دەرەوەی فرمێسک لە چاوەکان لە ئەنجامی کاردانەوەی هەستێکی سۆزداری یان ئازار، ئەو هەستانەی دەبنەهۆی گریان بریتیین لە: خەمباری، توڕەیی و هەندێکجار دڵخۆشی، کرداری گریان بە کردارێکی ئاڵۆزی هاندانی دەردان پێناسە دەکرێت کە تێیدا فرمێسک دەردەدرێت لە ڕێگەی فرمێسکە ڕژێنەکانەوە بەبێ بوونی هیچ کزانەوە و سووتانەوەیەک لە پێکهاتەی بیناییدا، بەڵکوو پشوو بە چاوەکان دەدات تاکوو ڕێگربێت لە هەوکردنی چاو.
ئەو گریانەی کە بە هەنسکدان پێناسە دەکرێت بە شێوەیەکی ئاسایی نیشانەکانی جیاوازن وەک هەناسە هەڵکێشانی خاو و توند، هەروەها هەندێک جار لەرزینی ماسولکەکان.
ئەو فرمێسکەی لە کاتی گریاندا دەڕێژرێت لە ڕووی پێکهاتەی کیمیاییەوە جیاوازە لە جۆرەکانی دیکەی فرمێسک.

کاردانەوەی زیندەزانی

زۆر قورس دەبێت ئەگەر کاریگەرییە زیندەییەکانی گریان ڕوون بکرێتەوە، بەتایبەت بە ڕەچاوکردنی چەندین بیروباوەڕی زیندەزانان کە بڕوایان وایە ئەو ژینگەیەی کەسێک تێیدا دەگری دەتوانێت ئەزموونی ئەو کەسە بگۆڕێت، لە هەمان کاتدا توێژینەوەکان لەسەر گریان لە تاقیگەکاندا چەندین کاریگەری جەستەیی گریانی وەک خێرابوونی لێدانی دڵ و ئارەقکردنەوە و خاوبوونەوەی هەناسەدانیان خستوەتەڕوو، هەروەها وەک دەردەکەوێت جۆری ئەو کاریگەرییەی تاکێک ئەزموونی دەکات بەشێوەیەکی بەرفراوان پشت دەبەستێت بە خودی تاکەکە، بۆ هەندێک کەس کاریگەرییە هێمنکەرەوەکانی گریان وەک خاوبوونەوەی هەناسەدان هۆکارە بۆ زیاتر بەرگەگرتنی ئەو دۆخە نەرێنییەی بەسەر کەسەکەدا هاتووە، کە ئەمە وەک ڕوونکردنەوەیەکە بۆ ئەوەی کە زۆربەی کەس گریان وەک کردارێکی یارمەتیدەر و بەسوود دادەنێن.

هەستی گیرانی گەروو

باوترین کاریگەری لاوەکی گریان هەستکردنە بە گیرانی قوڕگی کەسی گریاو، چەند شتێک دەبنە هۆی گیرانی گەروو، ئەو گیرانی گەرووەی کە بەهۆی گریانەوە ئەزموون دەکرێت کاردانەوەیە بۆ ئەو دڵەڕاوکێیەی کە لەلایەن کۆئەندامی دەماری سیمپاساوی ئەزموون دەکرێت، کاتێک ئاژەڵێک ڕووبەڕووی جۆرێک لە مەترسی دەبێتەوە، کۆئەندامی دەماری سیمپاساوی چەند پڕۆسەیەک دەردەدات بۆ ئەوەی وا لە ئاژەڵەکە بکات ڕووبەڕووی مەترسییەکە ببێتەوە و شەڕ بکات یاخود هەڵبێت، ئەم پڕۆسانەش هەندێک کرداری ناپێویستی لەش ڕادەگرێت وەک هەرسکردن، هەروەها وروژمی خوێن و ئۆکسجین زیاد دەکات بۆ ماسولکە پێویستەکان، کاتێک کەسێکیش ئەزموونی هەستی خەمباری و پەژارە دەکات، کۆئەندامە دەماری سیمپاساوی بە هەمان شێواز وەڵام دەداتەوە.
کردارێکی دیکە کە لەلایەن کۆئەندامە دەماری سیمپاساوییەوە هان دەدرێت بریتییە لە کرداری هەناسەدان، کە تێیدا گەروو زیاتر دەکرێتەوە بۆ زیادبوونی تێپەڕبوونی هەوا، کاتێک کەسێک بەم کاردانەوەیەی کۆئەندامی دەماری سیمپاساویدا تێدەپەڕێت، لە ئەنجامدا کۆئەندامی دەماری پاراسیمپاساوی هەوڵ دەدات ئەو وەڵامدانەوەیە بگەڕێنێتەوە بە کەمکردنەوەی چالاکییەکانی زیادبوونی پەستانی دەروونی، هەروەها زیادکردنی پڕۆسەی بوژانەوەی وەک کرداری هەرسکردن، ئەم کردارە قوتدان دەگرێتەوە کە تێیدا زمانە بچکۆلە فراوان بووەکان دادەخرێن بۆ ڕێگریکردن لە چوونە ژوورەوەی خواردن بۆ ناو گەروو، زمانە بچکۆلەکان هەوڵ دەدەن بە کراوەیی بمێننەوە کاتێک کە کەسێک دەگری.
نیشانەکانی دیکەی گریان بریتیین لە: لەرزینی لێوەکان، ئاوکردنی لووت و دەنگی ناجێگر و لەرزیو.

سوودەکانی گریان

لەش لە ژەهر پاک دەکاتەوە

سێ جۆری جیاواز لە فرمێسک بوونی هەیە:

  • فرمێسکی پەرچەکردار: ئەو فرمێسکانەن کە چاو لە پیسی وەک دووکەڵ و تەپوتۆز پاک دەکەنەوە.
  • فرمێسکی بەردەوام: چاوەکان چەور دەکەن و یارمەتی دەدەن بۆ پاراستنیان دژی بەکتریا و ڤایرۆس، ٩٨٪ لە ئاو پێکدێت.
  • فرمێسکی سۆزداری: چەندین سوودی تەندروستی جۆراوجۆری هەیە، هۆڕمۆنی دڵەڕاوکێ و هەندێک پێکهاتەی دیکەی تێدایە.

یارمەتی خۆئارامکردنەوە دەدات

گریان یەکێکە لە باشترین میکانیزمەکان بۆ خۆئارامکردنەوە، چونکە کۆئەندامی دەماری پاراسیمپاساوی چالاک دەکات کە ئەمە دەبێتە هۆی ئارامکردنەوە.

ئازار کەم دەکاتەوە

گریان بۆ ماوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی دەردانی ئەو پێکهاتە کیمیاییانەی کە هەستی باش بوون دەبەخشن و دەبنە هۆی کەمکردنەوەی ئازاری جەستەیی و دەروونی.

باری دەروونی باش دەکات

لەگەڵ ئەوەی کە گریان یارمەتیت دەدات تاکوو ئازارت کەم ببێتەوە، جگە لەوە هەنسکدان لە ناخەوە هەستی باشبوون زیاد دەکات، کاتێک کەسێک هەنسک دەدات بە هەناسەی خێرا هەوای ساردی زۆر وەردەگرێت، هەڵمژینی هەناسەی سارد یارمەتیدەرە بۆ ڕێککردنەوە و دابەزاندنی پلەی گەرمی مێشک، مێشکی سارد زیاتر هەستی خۆشی دەبەخشێت بە لەش و مێشک بە بەراورد بە مێشکی گەرم، لە ئەنجامی ئەمەشدا باری دەروونی باش دەبێت لەدوای چەند جارێک هەنسکدان.

کۆکردنەوەی پشتگیری

کاتێک کەسێک هەست بە خەمباری دەکات، گریان ڕێگایەکە بۆ ئەوەی وا لەوانە بکات کە لە چواردەورین هەست بکەن پێویستی بە یارمەتی و هاوکارییە.

یارمەتیدەرە بۆ ڕزگاربوون لە پەژارە

پەژارە ئەو دۆخەیە کە چەند بەشێک لە ناڕەحەتی و خەمباری و هەستی تاوان و توڕەیی دەگرێتەوە، گریان کارێکی گرنگە لە کاتی بەشەکانی پەژارەدا، هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەرەبێت بۆ بەرگەگرتن و قبوڵکردنی لەدەستدانی کەسی ئازیز.

هاوسەنگی سۆزداری دەگەڕێنێتەوە

گریان تەنها لەماوەی وەڵامدانەوەی خەمباری و ناخۆشیدا ڕوونادات، هەندێک کات کەسێک دەگری کاتێک لە لووتکەی دڵخۆشی، ترسان یان دڵەڕاوکێدایە، گریان لەم دۆخانەدا یارمەتی گەڕاندنەوەی هاوسەنگی سۆزداری دەدات.

یارمەتی هەناسەدانی کۆرپەلە دەدات

گریانی کۆرپەیەکی تازە لەدایکبوو گریانێکی زۆر گرنگە، کاتێک کۆرپەلە لە سکی دایکیدایە لە ڕێگەی ناوکەپەتکەوە هەناسە وەردەگرێت، کاتێک لەدایک دەبێت ناچارە خۆی هەناسە بدات، یەکەم گریان یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی کە سییەکانی کۆرپەلە لەگەڵ ژیانی دەرەوەی منداڵدانی دایکدا خۆیان بگونجێنن.

یارمەتیدەرە بۆ خەو لێکەوتنی کۆرپەلە

گریان خەوی کۆرپەلە لە شەودا باشتر دەکات، بە گریانێکی کۆنترۆڵکراو (واتە نە زۆر بێت و نە کەم)، دەتوانرێت کۆرپەلەکە جێبهێڵرێت تاکوو بۆ چەند خولەکێک بگری پێش ئەوەی بخەوێت، ئەم گریانە دەبێتە هۆی زیادکردنی ماوەی خەو و کەمکردنەوەی ئەو جارانەی کۆرپەلە لە شەودا خەبەری دەبێتەوە.


سەرچاوەکان



2193 بینین