سوودەکانی چای سەوز

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-01-11-22:26:00 - کۆدی بابەت: 7568
سوودەکانی چای سەوز

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

چای سەوز بە یەکێک لە سوودبەخشترین خواردنەوەکان دادەنرێت لە جیهاندا، بڕێکی زۆر لە دژەئۆکسانەکانی تێدایە کە چەندین سوودی تەندروستییان هەیە. چەند توێژینەوەیەک هەندێک سوودی چای سەوزیان سەلماندووە کە بریتین لەمانەی خوارەوە.

سوودەکان

بوونی ماددەی تەندروست بۆ جەستە

چا دەوڵەمەندە بە پۆلیفینۆڵەکان، چای سەوز کاتێکینەکانی تێدایە، وەکوو ئێپیگاڵۆکاتێکین گاڵەیت، کە ماددەی دژەئۆکسانی سروشتین و ڕێگری لە لەناوچوونی خانەکان دەکەن، هەروەها سوودی تەندروستیی تریشیان هەیە. 

ئەم ماددانە جەستە دەپارێزن لە تەنۆلکە سەربەستەکان کە زیان بە جەستە بگەیەنن. تەنۆلکە سەربەستەکان بەرپرسن هەیە لە هەندێک جۆری نەخۆشی و پیربوون. 

ئێپیگالۆکاتێکین گالەیت یەکێکە لە بەهێزترین ئاوێتەکانی ناو چای سەوز و بە پێی توێژینەوەکان زۆربەی سوودەکانی چای سەوز بەهۆی ئەم پێکهاتەوەیە. چای سەوز بڕێکی کەم لە هەندێک کانزای تریشی تێدایە کە سوودی تەندروستییان هەیە. بۆ زۆرترین سوودی چای سەوز پێویستە باشترین براندەکانی چا هەڵبژێردرێن، چونکە هەندێک جۆری کوالێتی نزم هەن کە دەکرێت بڕێکی زۆر لە ماددەی فلۆرایدیان تێدابێت. 

فرمانی مێشک باش دەکات

چای سەوز جگە لەوەی بە بەئاگایی دەتهێڵێتەوە، یارمەتی باشترکردنی فرمانی مێشکیش دەدات، بەهۆی بوونی ماددەی کافایین کە وریاکەرەوەیە. کافایین وا لە مێشک دەکات ئەدینۆسین بلۆک بکات، کە دەمارەگوێزەرەوەیەکی ڕێگرە، بەم جۆرەش خەستیی دەمارەگوێزەرەوەکانی تر زیاد دەکات، وەکوو دۆپامین و نۆرئیپینەفرین. توێژینەوەکان دەریان خستووە کە کافایین زۆرێک لە فرمانەکانی مێشک باشتر دەکات، وەکوو میزاج، بێداری، ماوەی کاردانەوە و یادەوەری.

هەروەها چای سەوز ترشەئەماینی لیڤۆ تیاناینی تێدایە (بە ئینگلیزی: L-theanine) کە چالاکیی دەمارەگوێزەرەوەی ڕێگر (GABA) زیاد دەکات کە کاریگەریی دژەدڵەڕاوکێی هەیە. لیڤۆ تیاناین ڕێژەی دۆپامین و بەرهەمهێنانی شەپۆڵەکانی ئەلفاش زیاد دەکات لە مێشکدا.
توێژینەوەکان دەریان خستووە کە کافایین و لیڤۆ تیاناین کاریگەریی هاوکاری کردنیان هەیە واتا کاریگەری یەکتری زیاد دەکەن، ئەمەش واتا وەرگرتنی هەردووکیان بەیەکەوە کە لە چای سەوزدا بوونیان هەیە، کاریگەریی بەهێزی بۆ سەر فرمانی مێشک هەیە.

کردەی سووتاندنی چەوری زیاد دەکات

چای سەوز لە زۆربەی تەواوکەرە خۆراکییەکانی سووتاندنی چەوریدا بوونی هەیە. بەگوێرەی توێژینەوەکان چای سەوز سووتاندنی چەوری زیاد دەکات و تێکڕای کردەی مێتابۆلیکی زیاتر دەکات. هەروەها کافایین چالاکیی جەستەیی زیاد دەکات بە شیکردنەوەی ترشە چەورییەکان لە شانە چەورییەکاندا و وایان لێ دەکات بەردەست بن بۆ بەکارهێنان وەک وزە. بەپێی توێژینەوەکان کافایین چالاکیی جەستەیی بە ڕێژەی نزیکەی ١١٪ بۆ ١٢٪ زیاد دەکات.

مەترسیی شێرپەنجە کەم دەکاتەوە

دژەئۆکسانەکان کە لە چای سەوزدا بوونیان هەیە، مەترسیی تووشبوون بە هەندێک جۆری شێرپەنجە کەم دەکەنەوە. شێرپەنجە بەهۆی گەشەکردنی نائاساییی خانەکانەوە ڕوودەدات کە زۆر جار بەهۆی زیانەکانی ئۆکساندنەوە دەبێت. چای سەوز سەرچاوەیەکی باشی دژەئۆکسانەکانە، دژەئۆکسانەکان جەستە لە زیانەکانی ئۆکساندن دەپارێزن. توێژینەوەکان دەریان خستووە کە چای سەوز ڕۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە چەند جۆرێکی شێرپەنجە، ئەوانیش:

بۆ ئەوەی زۆرترین سوودی چای سەوز بەدەست بهێنیت دووربە لە تێکەڵکردنی لەگەڵ شیردا، چونکە بەپێی هەندێک توێژینەوە شیر بەهای دژەئۆکسانەکان لە چادا کەمدەکاتەوە. 

مێشک دەپارێزێت لە پیربوون

چای سەوز تەنیا فرمانی مێشک باش ناکات، بەڵکوو دەیپارێزێت لە پیربوون، ئەمەش مەترسیی تووشووبن بەم نەخۆشییانە کەمدەکاتەوە:

  • نەخۆشیی ئەلزەهایمەر کە نەخۆشییەکی لەناوبەری دەمارییە و بەهۆی مردنی خانەکانی مێشک ڕوودەدات، هەروها یەکێکە لە باوترین هۆکارەکانی خەڵەفان. 
  • نەخۆشیی پارکینسۆن کە یەکێکی ترە لە نەخۆشییە لەناوبەرە دەمارییەکان و بەهۆی مردنی دەمارەکانی بەرهەمهێنی دۆپامینەوە لە مێشکدا ڕوودەدات. 

بەپێی توێژینەوەکان چای سەوز کاریگەریی پارێزگاری کردنی هەیە لە دەمارەکانی مێشک و مەترسیی خەڵەفان کەمدەکاتەوە.

بۆنی ناخۆشی دەم و هەناسە کەم دەکاتەوە

کاتێکینەکان لە چای سەوزدا سوودیان هەیە بۆ تەندروستیی ناودەم. بەپێی توێژینەوەکان، کاتێکینەکان گەشەی بەکتریا و مەترسیی تووشبوونی میکرۆبی لەناو دەم کەم دەکەنەوە، هەروەها تەندروستیی دەم و ددان باشتر دەکەن.
لە هەندێک توێژینەوەشدا ئاماژە بەوە کراوە کە چای سەوز بۆنی ناخۆشی هەناسە و ناودەم ناهێڵێت.

هەوکردنی پێست 

ئێپیگاڵۆکاتێکین گاڵەیت لە چای سەوزدا تایبەتمەندیی دژەهەوکردنی هەیە و هەندێک توێژینەوە دەریان خستووە کە سوڕی خوێن لە ناوچەی پێستی هەوکردوو زیاد دەکات.

ڕێگری دەکات لە شەکرەی جۆری دوو

شەکرەی جۆری دوو زۆر بەربڵاوە و بریتییە بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا بەهۆی بەرگەگرتنی ئەنسۆلین یان بێتوانایی لە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلیندا ڕوودەدات.

بەپێی توێژینەوەکان چای سەوز دەتوانێت ڕێژەی شەکری خوێن کەم بکاتەوە و هەستیاری ئەنسۆلینیش زیاد بکات، بەمەش ڕێگری دەکات لە تووشبوون بە شەکرەی جۆری دوو.

مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵەلوولە کۆئەندام کەم دەکاتەوە

چای سەوز مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک کەم دەکاتەوە، ئەمەش بەهۆی ڕێگریکردن لە هۆکارە جێی مەترسییەکانی ئەم نەحۆشییانە.

بەپێی توێژینەوەکان چای سەوز سوودی هەیە بۆ باشترکردنی سەرجەمی کۆڵیستڕۆڵ و چەوری خراپ (LDL). هەروەها توانای دژەئۆکسان لە خوێندا زیاد دەکات و بەمەش ڕێگری لە ئۆکساندنی چەوری خراپ دەکات.

یارمەتی دابەزینی کێش دەدات

بەهۆی باشترکردنی تێکڕای زیندەچالاکی (میتابۆلیکی) لە جەستەدا، چای سەوز دەتوانێت یارمەتی دابەزینی کێش بدات. هەندێک توێژینەوە ئەوەیان سەلماندووە کە چای سەوز چەوری جەستە کەم دەکاتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەی سکدا. لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا کە ٢٤٠ کەسی قەڵەو بۆ ماوەی ١٢ هەفتە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی بەشداربوون، ئەو کەسانەی لە گرووپی بەکارهێنانی چای سەوزدا بوون بەشێوەیەکی بەرچاو گۆڕانیان بەسەردا هاتبوو، وەکوو کەمبوونەوەی ڕێژەی چەوریی جەستە، کێشی لەش، چێوەی کەمەر و چەوریی ناوچەی سک.

یارمەتیت دەدات زیاتر بژیت

بەهۆی ئەوەی هەندێک لە پێکهاتەکانی چای سەوز ڕێگری لە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ دەکەن، یارمەتیت دەدات کە زیاتر بژیت.

لە توێژینەوەیەکدا کە لەسەر ٤٠٥٣٠ کەسی پێگەیشتووی ژاپۆنی کرابوو بۆ ماوەی ١١ ساڵ، ئەوانەی کە زۆرترین بڕی چای سەوزیان خواردبوویەوە (پێنج کوپ یان زیاتر لە ڕۆژێکدا) ڕێژەی مردنیان زۆر کەمتر بوو لەوانەی تر لەماوەی توێژینەوەکەدا. 

  • مردن بە هەموو هۆکارێکەوە: ٢٣٪ کەمتر بوو لە پیاواندا و ٢١٪ کەمتر بوو لە ژناندا.
  • مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ: ٣١٪ کەمتر بوو لە ژناندا و ٢٢٪ کەمتر بوو لە پیاواندا.
  • مردن بە جەڵتەی مێشک: ٤٢٪ کەمتر بوو لە ژناندا و ٣٥٪ کەمتر بوو لە پیاواندا.

لە توێژینەوەکی تردا کە لەسەر ١٤ هەزار کەسی بەتەمەنی ژاپۆنی کرابوو بۆ ماوەی شەش ساڵ، دەرکەوت ئەوانەی کە چای سەوزیان خواردبوویەوە ڕێژەی مردنیان ٧٦٪ کەمتر بوو لەوانەی تر لەماوەی توێژینەوەکەدا.

پوختە 

چای سەوز کۆمەڵێک سوودی تەندروستیی هەیە کە وا دەکات خواردنەوەی چای سەوز بکرێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی تاک، بەڵام هێشتاش پێویستە توێژینەوەی زیاتر بکرێن لەسەر سوودەکانی و بۆ پشت ڕاستکردنەوەی ئەو توێژینەوانەی تا ئێستا کراون.


سەرچاوەکان

692 بینین