نیشانەکانی هاوسەری خۆپەرست

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-02-07-23:24:00 - کۆدی بابەت: 7775
نیشانەکانی هاوسەری خۆپەرست

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پەیوەندی هاوسەرێتی پەیوەندییەکی دوولایەنەیە و هەردوولا دەبێت پێکەوە ئەم ئەرکە هەڵبگرن، هەر لایەک بە خۆپەرستییەوە کاربکات هەرگیز پەیوەندییەکی گونجاو دروست ناکات و زوو لەناودەچێت، چونکە ئەم پەیوەندییە لەخۆبردوویی و فیداکاری دەوێت، مرۆڤ ناتوانێت بەباشی ژیانی بکات لەگەڵ کەسانی خۆپەرستدا چونکە ئەوان تەنها بیر لە خۆیان دەکەنەوە.

ئەو نیشانانە چین کە دەریدەخات هاوسەرەکەت خۆپەرستە؟

دەیەوێت هەموو شتەکان لە بەرژەوەندی خۆی بێت

هاوسەرەکەت بیر لەوە ناکاتەوە کە چ شتێک بۆ پەیوەندییەکەتان باشترە و سوودی زیاترە و لەبەرژەوەندی هەردوو لایە بەڵکوو تەنها بیر لە خۆی دەکاتەوە و بەرژەوەندی خۆی پێش هەموو شتێک دادەنێت ئەگەریش هەڵە بێت.

هەستێکی نەرێنیی هەیە سەبارەت بە پەیوەندییەکەی

کەسێکی خۆپەرست هەرگیز ڕێز لە هەستی کەسی تر ناگرێت و گاڵتەی لێ دێت، هەرگیز گرنگ نییە بەلایەوە کە ڕۆژەکەت چۆن بووە، نانت خواردووە، ئایا نەخۆش نیت، هیچت پێویست نییە، تەنها گرنگی بە خۆی دەدات و وەک کەسێکی سەڵت ڕەفتار دەکات.

هەرگیز هەوڵ نادات

هاوسەرە خۆپەرستەکەت هەرگیز هەوڵ نادات کە بۆ هیچ شتێکی ژیانتان و بە گرنگی نازانێت، هەوڵ نادات گوڵێکت بۆ بکڕێت و قسەی خۆشت لەگەڵدا بکات و کارێک بکات ژیانتان باشتر و جوانتر ببێت، بەدەوام بیری لای خۆیەتی.

زۆر تێکەڵە لەگەڵ کەسانی تردا 

کاتێک دەچنە دەرەوە یاخود لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا زۆر تێکەڵ دەبێت لەگەڵ کەسانی تردا و بە گەرموگوڕی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، بە جۆرێک کاتێک بەوشێوەیە دەیبینیت گومان دەکەیت کە ئەمە هاوسەرەکەت بێت، چونکە لە ماڵەوە هەرگیز بەو شێوەیە نییە.

بەرپرسیارێتی هەڵناگرێت

هەمیشە خۆی پێ باشترە لە هەموو کەسێکی دیکە و قسەکانی خۆی ئەگەریش هەڵە بێت پێش قسەی تۆ دەبینێت و پێی وایە تەنها ڕاستییەکان لەلای ئەوە، ئەگەر بێت و هەڵەیەکیش بکات هەرگیز بەرپرسیارێتی هەڵەکە هەڵناگرێت و خۆی لێ لادەدات بە جۆرێک وەک بڵێی کەسێکی تر لە جێی ئەم ئەو کارەی ئەنجامداوه.


سەرچاوەکان



697 بینین