ناوهڕۆك
دوو گۆرانی
شاعیر: شێرکۆ بێکەس
بەرهەم: تریفەی هەڵبەست
شیعر: دوو گۆرانی
-١-گیانە.. ژیانی تەنیایی
لە تۆ جیایی
منی ماتەم
ئەوەندە پەست و ناکامە
کە ڕووناکیی لێ حەرامە
غەیرەز بەخەم
کە بیکاتە دەروونەوە
بەهەناسەی زەبوونەوە
مەیی تاسەم
تاسەی ناوەختی
بێ بەختی
ئەم ژیانە مات و کاسەم
کە بەئاستەم
ڕووناکیی لێ بەدی ناکەم
منی ماتەم.
گیانە.. تەنیایی ناخۆشە
ئەشک نۆشە
وەک ڕەش پۆشی
دڵ خامۆشی
مردووئازیز
لەپێکەنین فەرامۆشە.
گیانە.. پایز
خۆ ئەزانی
کە وەختێ باڕەش خەزانی
گەڵاکانی ئەوەرێنێ
مەلی هێلانەی ئارامی
بەکینەوە ئەتەرێنێ
ئەوسا ژیانی ناکامی
چەند پەست ئەبێ
دەربەست ئەبێ
خۆ ئەزانی
کە پایز گەڵاڕێزانی
چەند ستەمە
چەند دڵ تەنگی
شەوەزەنگی
دەستی خەمە
ئاوا منیش وەکو پایز
تەنیایی گەڵاڕێزانمە
مادام لەتۆ دوورم ئازیز
ژیانی پایز ژیانمە.
-٢-
گیانە.. وتیان: ئەم دنیایە
هەرچی تیایە
لەئەنجاما ئەبڕێنەوە
بەبێ ئاژاوە.. بەبێدەنگ
بەرە و گۆڕی تاریک و تەنگ
ئەکرێنەوە.
وتیان: ئەنجام هەر مردنە.
ڕوو لەوە و دنیا کردنە
بۆ هەموو کەسێ نەمانە
ئەم ژیانە
ئایا بڕوا بکەم گیانە
بۆ من و تۆش هەر نەمانە
وەک ئەنجامی ئەو خەڵکانە؟ !