شەبەنگی بینراو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-02-22-17:11:00 - کۆدی بابەت: 7873
شەبەنگی بینراو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شەبەنگی بینراو (بە ئینگلیزی: visible spectrum) بەشێکی شەبەنگی کارۆموگناتیسییە کە چاوی مرۆڤ دەیبینێت، تیشکدانەوە کارۆموگناتیسییەکانی ئەم مەودای درێژی شەپۆلە پێیان دەوترێت ڕووناکی بینراو یان ڕووناکی، نیوتن ئەوەی سەلماند کە ڕەنگەکان کوالیتی ڕووناکین، مرۆڤ بۆ ئەوەی لە ڕەنگەکان تێبگات دەبێت هەندێک شت دەربارەی ڕووناکی بزانێت، ڕووناکی وەک جۆرێکی تیشکدانەوەی کارۆموگناتیسی دەکرێت شەپۆل یان تەنۆلکە بێت یان تێکەڵەیەک بێت لە هەردووکیان، دەتوانرێت وەک پۆلێک لە بەستەی کەمێک وزە کە لە لەرەرەی جیاوازدا تیشک دەداتەوە لە جووڵەیەکی شەپۆلیدا بیری لێ بکرێتەوە.
هەر گورزەیەک لە ڕووناکی بەهایەکی دیاریکراوی لەرەلەر و درێژی شەپۆل و وزەی پەیوەست بەخۆی هەیە، لەرەلەر بریتییە لە ژمارەی شەپۆلەکان لە خاڵێکی جێگیری بۆشاییدا لە یەکەی کاتدا کە بە هێرتز دەپێورێت، درێژی شەپۆل بریتییە لە مەودای نێوان دوو شەپۆلی یەک لەدوای یەک کە بە نانۆمەتر دەپێورێت.
فۆتۆن بریتییە لە بچووکترین بڕی ڕووناکی لە درێژی شەپۆلێکی دیاریکراودا، هەروەها ڕاستەوانە هاوڕێژەیە لەگەڵ لەرەلەردا و پێچەوانە هاوڕێژەیە لەگەڵ درێژی شەپۆلدا.
ڕووناکی تاکە جۆری تیشکدانەوەی کارۆموگناتیسی نییە بەڵکوو بەشێکی بچووکی تیشکدانەوەی کارۆموگناتیسییە و تاکە جۆرە کە چاو هەستی پێدەکات و دەیبینێت، درێژی شەپۆلەکانی ڕووناکی دەکەونە نێوان ٤٠٠ نانۆمەتر کە ڕەنگی وەنەوشەییە لە شەبەنگی بینراودا بۆ ٧٠٠ نانۆمەتر کە ڕەنگی سوورە.

مەودای شەبەنگی بینراو:

ڕەنگ درێژی شەپۆل (نانۆمەتر) لەرەلەر (1014 Hz) وزە  (eV
سوور (ئەوپەڕی سنوور) ٧٠٠ ٤,٢٩ ١,٧٧
سوور ٦٥٠ ٤,٦٢ ١,٩١
پرتەقاڵی ٦٠٠ ٥,٠٠ ٢,٠٦
زەرد ٥٨٠ ٥,١٦ ٢,١٤
سەوز ٥٥٠ ٥,٤٥ ٢,٢٥
شینی تۆخ ٥٠٠ ٥,٩٩ ٢,٤٨
شین ٤٥٠ ٦,٦٦ ٢,٧٥
وەنەوشەیی (ئەوپەڕی سنوور) ٤٠٠ ٧,٥٠ ٣,١٠

یاساکانی تێکەڵەی ڕەنگەکان

ڕەنگەکانی شەبەنگی بینراو پێیان دەوترێت ڕەنگە کرۆماتیک و ڕەنگە ئەکرۆماتیکەکان، کە چەند دەستە ڕەنگێکن کاتێک لە هونەر و فۆتۆگرافی و دیزاینی ناوماڵدا بەکاردێن دەرکەوتە و هەستێکی جیاواز دەبەخشن، تێری ڕەنگەکان هۆکاری سەرەکییە لە جیاوازی کردنیان لەگەڵ یەکتردا، تین و ڕوونی ڕەنگ بەپێی تێرییەکەی دروست دەبێت، بوون و نەبوونی تێری دیاری دەکات کە ئایا ڕەنگەکە کرۆماتیکە یان ئەکرۆماتیکە.
ڕەنگە کرۆماتیکەکان ئەو ڕەنگانەن کە درێژی شەپۆلێکی تایبەت تیایاندا زاڵ دەبێت، دەکرێت بە ڕەنگەکانی وەک شین و سەوز بوترێت کرۆماتیک، هەروەها ڕەنگێکی خاوێنن، ڕەنگە ئەکرۆماتیکەکان ئەو ڕەنگانەن کە هەموو درێژە شەپۆلەکانیان بە بڕێکی یەکسان تێدایە وەک ڕەنگەکانی سپی و ڕەش و خۆڵەمێشی.
چاوی مرۆڤ دەتوانێت نزیکەی ١٠ ملیۆن ڕەنگ لەیەکتر جیابکاتەوە، کە هەریەکەیان لە دوو جۆری تێکەڵەی ڕووناکییەوە داڕێژراون، ئەو دوو جۆرەش بریتیین لە زیادکراو و دەرکراو، هەروەک لە ناوەکەیاندا دیارە تێکەڵەی زیادکراو زیادکردنی شەبەنگی پێکهێنەرەکان دەگرێتەوە، تێکەڵەی دەرکراو تایبەتە بە دەرکردن یان هەڵمژینی بەشێکی شەبەنگی ڕووناکی.

پێوانی ڕەنگ

پێوانی ڕەنگ بە ڕەنگپێوان ناسراوە، چەندین جۆری جیاواز لە ئامێر بەکاردێت بۆ پێوانی ڕەنگەکان، کارامەترینیان بریتییە لە شەبەنگی ڕووناکی‌پێو (بە ئینگلیزی: spectrophotometers)، کە ئەم ئامێرە ڕووناکی بە دەستەواژەی بڕی ئەو وزەیەی لە هەر درێژە شەپۆلێکی شەبەنگیدایە دەپێوێت.
قورسە کە ڕەنگی دابەشبوونی وزەیەکی شەبەنگی دیاریکراو پێناسە بکرێت، کاتێک کە چاو بۆ هەر وزەیەکی دابەشبوو تەنها یەک ڕەنگ هەست پێدەکات، پێویستە کە پێوانەکانی ڕەنگ بە ڕێگایەکی تێبینی کراو ڕوون بکرێنەوە.


سەرچاوەکان



4813 بینین