ئەژدیهای ئاوی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-03-15:15:00 - کۆدی بابەت: 7915
ئەژدیهای ئاوی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەژدیهای ئاوی یان هەژدیهای ئاوی (بە ئینگلیزی: water dragon)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی خشۆکەکانە و جۆرێکی دیاریکراوی مارمێلکەکانە، نشینگەکەی دەکەوێتە ناوچەکانی ئوستوڕالیا و باشووری چین لەگەڵ وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا وەک تایلەند و ڤێتنام، جێگەی ژیانکردنیشی بریتییە لە دەریاچە، ڕووبار و جۆگەکان، زۆرینەی کاتەکانی لە نێو درەختەکاندا بەسەردەبات، هەروەها سەرەڕای ئەوەی گیانەوەرێکی شەڕانگێزە هەندێکجار، بەڵام دەکرێت ماڵی بکرێت و کەسانێک هەن کە ئارەزووی بەخێوکردن و پەروەردەکردنی دەکەن، شێوازی ژیانکردنی ئەژدیها ئاوییەکان بە کۆمەڵە، و کۆمەڵگاکانیان پێکهاتووە لە نێرینەیەک و چەندین مێینە لەگەڵ ئەژدیها ئاوییە بەتەمەنەکانیان، ژمارەی ئەندامەکانیش بە گوێرەی جۆرەکانیان دەگۆڕێت و دەکرێت لەنێوان ١٠٠-٢٠٠ ئەندام ببن.  

شێوەی دەرەوەی

جەستەی بە پوولەکە داپۆشراوە و ڕەنگەکەشی بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، دەکرێت هەریەک لە قاوەیی، زەرد، ڕەش یان سەوز بێت، کێشی جەستەی لە نێوان ٠.٥-١ کیلۆگرام دەبێت، ئەم جۆرە مارمێلکانە توانایەکی بێ سنووریان هەیە بۆ نوێکردنەوەی کلکیان کاتێک دەقرتێت بە هەر هۆکارێک بێت، هەردوو نێرینە و مێینەکان شەڕانگێزن و زۆرجار سەر و ملیان پڕدەکەن لە هەواو، و دەستەکانیان بۆ یەکتری دەجووڵێنن و دەیلەرێننەوە، قەبارە و ڕەنگی نێرینە و مێینەکان جیاوازە و بە گوێرەی جۆرەکانی دەگۆڕێت، بەڵام بە گشتی دەکرێت ڕەنگی نێرینەکە کاڵتر بێت و قەبارەی چەندین بەشی جەستەی بە بەراورد بە مێینەکەی گەورەتربێت، هەروەها ئەم ئەژدیهایانە پێیەکانیان پێنج پەنجەی هەیە و هەریەکەیان چڕنوکی درێژ و ئەستوری لەسەرە کە کۆتاییەکانیان زۆر تیژە، ئەم چڕنوکانە زۆر بە هێزن و بۆ بازدان و مەلەکردن و سەرکەوتن بەکاردێن، بەڵام چڕنوکی پەلەکانی پێشەوەی لاوازترن و زیاتر بۆ سەرکەوتن بەسەر درەختەکاندا بەکاریان دەهێنێت، هەروەها ئەژدیها ئاوییەکان کلکیان درێژە و بۆ پاراستنی هاوسەنگی سوودی لێ وەردەگرن، یاخود دەکرێت بەکاربێت بۆ مەلەکردن و پەستان خستنە سەری لە کاتی سەرکەوتن، جگە لە ئەمانەش هۆکارێکی گرنگە لە پارێزگاریکردن لە خۆیان لە کاتی هێرشی گیانەوەرە دڕندەکاندا.

خۆراک

ئەم گیانەوەرە لەهەمان کاتدا گۆشتخۆر و ڕووەکخۆریشە، بەڵام جۆری خۆراکەکەی بە گوێرەی قەبارەکەی دەگۆڕێت، نێچیرە سەرەکییەکانی بریتین لە مێروو، ماسی، توێکڵدارەکان، هێلکە، قرتێنەرەکان و بێ بڕبڕەکان، و زیاتر ئارەزووی خواردنی ماسییەکان دەکات، هەروەها شێوازی ڕاوکردنی نێچیرەکانیشی بە سوود وەرگرتن لە ددانە تیژ و زمانە لینج و لەزگەییەکەی دەبێت، لەبەر ئەوەی ئەژدیها ئاوییەکان چەوری خەزنکراویان هەیە لە جەستەیاندا بۆیە ئەگەر بۆ ماوەی دوو مانگیش خۆراکی پێنەدرێت ئەوا دەتوانێت بەردەوامبێت لە ژیانکردن، زۆرینەی چالاکییەکانی بە ڕۆژدا ئەنجام دەدات، لە هەمان کاتدا ئەم گیانەوەرەش دەبێت بە نێچیری هەندێک لە گیانەوەرەکانی تر وەک، مەمکدارەکان، باڵندەکان و مارەکان، یاخود دەکرێت لە هاویندا کاتێک ئەم ئەژدیهایە دەچێتە سەر ڕێگاکان بەهۆی ئۆتۆمبێلەکانەوە زیانی پێبگات و بمرێت، لە کاتی هەڕەشەدا ئەژدیهای ئاوی زۆر بە خێرایی دەجوڵێت و دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا ٤٨.٢ کیلۆمەتر ببڕێت، هەندێکجار دەتوانێت هاوشێوەی مرۆڤەکان بجووڵێت و ڕابکات، واتە تەنها لەسەر دوو پەلی دواوەی و لەسەر قاچەکانی دەوەستێت، جگە لە وشکانیش ئەژدیهای ئاوی توانای هەیە کە بۆ ماوەی ٩٠ خولەک لە ناو ئاودا بە نوقمکراوی بمێنێتەوە.

زۆربوون

نێرینەکان لە تەمەنی نزیکەی پێنج ساڵیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن و توانای زۆربوونیان دەبێت، لە کاتێکدا مێینەکان لە چوار ساڵییەوە پێدەگەن و توانایان دەبێت کە هێلکە دابنێن، وەرزی زۆربوونیان لە بەهاردا دەبێت، دوو نێرینە دەکرێت ببێت بە شەڕیان لەسەر مێینەیەک، شەڕەکەش گازگرتن و سوڕانەوەیە بە دەوری یەکتریدا بۆماوەی ١٠ خولەک، دوای یەکگرتن مێینەکە چاڵێک هەڵدەکۆڵێت و ٦-١٨ هێلکەی تێدا دادەنێت، پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ٦٠-٧٥ ڕۆژ لە نیشتن لەسەر هێلکەکان بێچووەکان هەڵدێن، ڕەگەزی بێچووەکانیش پەیوەستە بە پلەی گەرمی هێلانەکەیانەوە، لەسەرەتادا بێچووەکان لە نزیک هێلانەکەیان دەمێننەوە دواتر دوور دەکەونەوە لە کۆمەڵگەکەیان، هەروەها گەشەسەندنیان لە ساڵی یەکەمی تەمەنیان خێرایە و بە هۆیەوە هەر مانگێک قەبارەیان زۆر گەورە دەبێت، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی لە سروشتدا لە نێوان ١٠-٢٠ ساڵ دەبێت، بەڵام بە دیلکراوی و کاتێک گرنگی تایبەتی پێدەدرێت دەکرێت تەمەنی زیاتر بێت.  

جۆرە سەرەکییەکانی

ئەژدیهای ئاوی دوو جۆری سەرەکی هەیە، کە بریتین لە ئەژدیهای ئاوی چینی لەگەڵ ئەژدیهای ئاوی ئوستوڕالی، پاشان جۆرە ئوستوڕالییەکەش دابەشدەبێت بۆ دوو لقی دیکە، ئەم جۆرە جیاوازانە خاڵی هاوبەشی زۆریان هەیە لەگەڵ خاڵی کەمی جیاواز و جیاکەرەوە، بەڵام جیاوازییەکان بەشی پێویستن بۆ ئەوەی ببنە جۆری جیاواز و سەربەخۆ، بەم شێوەیە:

  • ئەژدیهای ئاوی چینی: یاخود پێی دەوترێت ئەژدیهای ئاوی ئاسیایی، ڕەنگی سەوزی تۆخە و هێڵێ قاوەیی و سەوزی تێدایە، هەتا تەمەنی پێگەیشتن چەندین جار پێستەکەی لادەچێت و پێستی نوێ جێگەی دەگرێتەوە، بۆیە ڕەنگەکەشی لەگەڵ گەشەسەندنیدا دەگۆڕێت، ئەم جۆرە تایبەتمەندە بە هەبوونی خاڵێکی هەستیار لە نێو چاوەکاندا، ئەم خاڵە هەستیارە بە ڕووناکی و بەهۆیەوە دەتوانێت ئاگاداری گۆڕانەکانی دەوروبەری بێت، بۆ نموونە کاتێک گیانەوەرێکی دڕندە لێی نزیکدەبێتەوە و دەبێتە هۆی دروستبوونی تاریکی ئەوا ئەم ئەژدیهایە تەنانەت ئەگەر لە خەوێکی قوڵیشدا بێت خەبەری دەبێتەوە، درێژی کلکی یەکسانە بە سێ یەکی درێژی جەستەی و درێژی تەواوی جەستەشی دەگاتە نزیکەی ٠.٦ مەتر.
  • ئەژدیهای ئاوی ئوستوڕالی: جۆرە ئوستوڕالییەکان هاوبەشی زۆریان هەیە لە نێو خۆیاندا، سەر و گوێچکە و چاوەکانیان گەورەیە، و لە پشتی سەرییەوە هەتا کلکی بە پوولەکە داپۆشراوە، ڕەنگی جۆرەکانی لە ڕەساسییەوە دەستپێدەکات هەتا ڕەساسییەکی نزیک لە قاوەیی لەگەڵ هەبوونی هێڵی ڕەش و ڕەساسی لەسەر پشتی هەتا نزیک کلکی.


سەرچاوەکان



314 بینین