ڕۆژی جیهانیی ژنان 

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-03-06-11:07:00 - کۆدی بابەت: 7931
ڕۆژی جیهانیی ژنان 

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆژی جیهانی ژنان یان هەشتی مارس (بە عەرەبی: يوم العالمي للمرأة، بە ئینگلیزی: International Women's Day) نزیکەی نیو سەدەیە هەشتی مارسی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی جیهانی ژنان دانراوە، ئەو ڕۆژە سیمبولی خەباتی ڕۆژی جیهانیی ژنان فێمینیستی و داخوازییەکانی ژنانە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە بەرامبەر ئەو جیاکاری و نایەکسانییانەی لە کۆمەڵگا و شوێنی کار و نێو خێزانەکانیاندا دژیان دەکرێت.

مێژوو و بنەمای هەشتی مارس

بنچینەی ئەم یادە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1856، کاتێک لە نیویۆرکی ئەمریکا بە هەزاران ژن لە کارگەیەکی ڕستن و چنین دژی نایەکسانی و بارودۆخی کارکرنیان خۆپیشاندان و بایکۆتی کارکردنیان ئەنجام دا، داواکاریان بریتی بوو لە زیادكردنی موچەی كاركردن و كەمكردنەوەی كاتی كاركردنیان، بەڵام لە كاتی ئەم خۆپیشاندانانەدا بەشێك لە خانمانی خۆپیشاندەر لەلایەن پۆلیسەوە لەو وڵاتە دەستبەسەر كران و هەندێكیان بریندار و هەندێكی تریشیان لێ كوژران، بۆیە ئەم خۆپیشاندانە بووە ڕۆژێکی مێژوویی بۆ داواکردنی مافەکانی ژنان.
دەستپێشخەری و هەوڵدان بۆ تەرخانکردنی ڕۆژێکی تایبەت بە ژنان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، بە چەند قۆناغێک دەستی پێکرد و بە دیاریکراوی لە ساڵی 1909 بە پاڵپشتی پارتی سۆسیالیستی ئەمریکی ئەم بیرۆکەیە جێبەجێ کرا.
پاشان لە ئەورووپا هەر وڵاتێک ڕۆژێکی دیاریی کردبوو بۆ ئەو یادە، نموونەی سویسرا، دانیمارک، ئەڵمانیا و نەمسا 19ـی مارسیان تەرخان کردبوو بە ڕۆژی ژنان، ئەمریکا 28ـی شوبات ئەو بۆنەیەی دەگێڕا.
لەو سەردەمەدا ژنان یەکدەنگ بوون، داکۆکیان لە ماف و چەند بابەتێکی پەیوەست بە ژنەوە دەکرد نموونەی جیاکارییەکانی ئاستی مووچەی پیاوان و ژنان لە کارکردندا لەکەڵ مافی دەنگدانی ژنان.
مافی دەنگدانی ژنان گەرمترین باس و بابەتی ڕۆژی ئەو سەردەمە بوو، بۆیە لە ساڵی 1903 بۆ ئەو مەبەستە جووڵانەوەیەکی تایبەت بە ژنان لە بەریتانیا دامەزرا، ئامانجیان ئەوە بوو کە ژنانی سەرو تەمەن 30 ساڵ مافی دەنگدانیان پێبدرێت، ئەم جووڵانەوەیە هەوڵێکی زۆری دا تاکوو ئەو مافەی ژنان دەستەبەر بکات و لە ساڵی 1918 توانیان مافی دەنگدان بە ژنان ببەخشن.
19ـی مارسی ساڵی 1911 خۆپیشاندانی سەرتاسەری بۆ داواکردنی مافەکانی ژنان لە هەریەک لە وڵاتانی سویسرا و دانیمارک و ئەڵمانیا دەستی پێکرد.
لە ساڵانی سەرەتای دوای تەرخانکردنی یادەکە، ئەو ڕۆژەیان بە تەواوی پەیوەست کردبوو بە جووڵانەوەی کرێکاران و سۆسیالیستەکان.
لە هەشتی مارسی ساڵی 1914 خۆپیشاندانی ژنانی بەریتانیا بۆ دواکردنی مافی دەنگدان ڕوویدا، ئەمەش بووە یەکەمین خۆپیشاندان کە لەو ڕۆژەدا ڕووبدات.
لە ساڵی 1914 و پاش هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی یەکەم، یادەکە تا ڕادەیەک لەبیرکرا و گرنگی پێنەدرا.
لە ساڵی 1917 لە سان پترسبۆرگی ڕووسیا کۆمەڵیک کرێکاری ژن بە دروشمی "نان و ئاشتی" و داواکاریی گەڕانەوەی مێردەکانیان لە جەنگ بایکۆت و خۆپیشاندانی سەرتاسەرییان سازدا، ئەم ڕووداوی خۆپیشاندانە بووە بناغەی هەڵگیرسانی شۆڕشی ڕووسیا، لەلایەن "لینین"ـەوە ئەم ڕۆژە وەکوو یەکەمین ڕۆژی شۆڕش دانرا.
لەدوای کۆتایی هاتن بە جەنگی جیهانی دووەم، لە بەشی ئەورووپای ڕۆژئاوا هەشتی مارس بۆ یادکردنەوەی ژنان و کۆمۆنیستەکان دیاریکرا.
تا ساڵی حەفتاکان ژنانی هەر وڵاتێک لە مێژووییەکی جیا جیادا یادی ڕۆژی ژنانیان کردووەتەوە.
لە سەردەمی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ژمارەیەک کۆمەڵە و جووڵانەوەی ژنانی ڕۆژئاوا و بە دیاریکراوی ئەمریکا، هەشتی مارسیان وەکوو سیمبوولی خۆیان دیاری کرد، داوای مافی یەکسانی سیاسی و کۆمەڵایەتی نێوان ژن و پیاویان دەکرد، داواکارییەکانیان بریتی بوو لە مافی یەکسانی لە مووچەی پیاوان و ژنان لەگەڵ مافی یەکسانی لە هەلی کار و کارکردندا، هەروەها داوای یاسادانان و مافی لەباربردنی کۆرپەلەیان دەکرد.
بە فەرمی لە ساڵی 1977 نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تر هەشتی مارسیان بە ڕۆژی جیهانی ژنان دیاری کرد.


سەرچاوەکان



888 بینین