ڕۆژی جیهانیی زەوی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-03-10-15:14:00 - کۆدی بابەت: 7952
ڕۆژی جیهانیی زەوی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆژی زەوی (بە عەرەبی: يوم الأرض، بە ئینگلیزی: Earth Day) ڕۆژی 22ـی نیسانی هەموو ساڵێک لە جیهاندا بە ڕۆژی جیهانی زەوی دیاریکراوە، مەبەست لەم یادە بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی ژینگەیی تاک و پارێزگاری کردن لە ژینگە و سروشتی زەوی، ساڵانە لەو ڕۆژەدا لەلایەن ڕێکخراو و چالاکوانانی ژینگەیی چەندان چالاکی هەمەجۆر ئەنجام دەدرێت، نموونەی ناشتنی نەمام، پاککردنەوەی ناوچەیەکی دیاریکراو لە خاشاک و پیسی، بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی جۆراوجۆر، خستنەڕووی چارەسەریی ژینگەیی گونجاو بۆ کێشەکانی ژینگە وەک پیسبوونی هەوا، پیسبوونی ئاو، دووبارە بەکارهێنانەوە و سوود ورگرتن لە خاشاک، کێشەکانی وزە و جێگرەوەکانیان، بەفیڕۆدانی ئاو و چەندانی تر.
لە ئێستادا زیاتر لە 184 وڵات، ئەو ڕۆژە بە فەرمی بە ڕۆژی جیهانیل زەوی ناسێنراوە و دیاریکراوە. 

چەند زانیارییەکی گرنگ لەبارەی ڕۆژی زەوی

ئەم ڕۆژە لەلایەن سیناتۆر "گایلۆرد نێڵسن" ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا دیاریکرا، کە سیاسەتمەدار و ژینگەپارێزێکی ئەمریکی لێهاتوو بوو.
کاتێک لە ساڵی 1968 ئەو سیناتۆرە سەردانی ویلایەتی کالیفۆرنیای کرد، تێبینی کرد ئاوی زەریای هێمن نزیک کەناراوەکانی ناوچەی "سانتا باربارا" بڕێکی زۆر لە پەڵەی نەوتی تێدایە و پیسبووە زیانێکی زۆری بە ژینگەی زەریاکە گەیاندووە، بۆیە کە گەڕایەوە ناوچەکەی خۆی پڕۆژە یاسایەکی پیشکەش کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پیسبوونی ژینگە و داوای کرد ڕۆژێک بۆ زەوی و کێشە ژینگەییەکان تەرخان بکرێت.
لە 22ـی نیسانی ساڵی 1970 بە سەدان کەس لە چەند ویلایەتێکی ئەمریکا ڕێپێوانی ئاشتیانەیان ئەنجام دا، داواکارییان ئەوە بوو کە چارەسەری کێشە ژینگەییەکان بکرێت.
تا ساڵی 1990 تەنها لە ئەمریکا ئەو یادە دەگێڕدرا، دواتر ڕێکخراوی نێونەتەوەیی تایبەت بە هەسارەی زەوی دامەزرا چالاکی زیاتر لەو ڕۆژەدا ئەنجام درا و ڕۆژەکە کرا بە فەرمی.
بە دیاریکراوی ڕۆژی 22ـی نیسانی هەڵبژێردرا چونکە بەشی نیوەگۆی باکووری زەوی بەهارە و بەشی نیوەگۆی باشووری زەوی پاییزە.
ئامانجی سەرەکی ئەو ڕۆژە بریتییە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی، لەگەڵ گرنگیدان بە کێشە ژینگەییەکان و دەرخستنیان وەکوو کێشەیەکی جیهانی بایەخدار و ترسناک، کە پێویستە چارەسەر بکرێن لەگەڵ خستنەڕووی چارەسەریی ژینگەیی دروست و گونجاو بۆ کێشەکان.

چه‌ند چالاكییه‌ك كه‌ له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت

- ئه‌نجامدانی كۆڕ و سیمینار و كۆبوونه‌وه‌ی هۆشیاریی ژینگه‌یی له‌لایه‌ن پسپۆڕانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی قسه‌كردن و خستنه‌ڕووی بابه‌ته‌ ژینگه‌ییه‌كانی ڕۆژ و هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌

- زۆرێك له هه‌ڵمه‌ته‌كانی ناشتنی نه‌مام و زیادكردنی سه‌وزایی له‌و ڕۆژه‌دا ئه‌نجام ده‌درێت

- سه‌ردانیكردنی ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌ مه‌به‌ستی هۆشیاركردنه‌وه‌ی قوتابیان له‌باره‌ی ژینگه‌وه‌

- كۆبوونه‌وه‌ی به‌ كۆمه‌ڵ و پاككردنه‌وه‌ی چه‌ند شوێنێكی دیاریكراو له‌ خاشاك و پیسی


سەرچاوەکان



747 بینین