سوورە ماسی

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-11-16:27:00 - کۆدی بابەت: 7964
سوورە ماسی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سوورە ماسی یان ماسییە سوورە (بە ئینگلیزی: Redfish or ocean perch)، جۆرێکی ماسییەکانە و لە پۆلی ماسییە گەورەکاندایە، هەروەها یەکێکە لە ئەو جۆرانەی کە بە پەڕەکە ڕێک ناودەبرێن، جگە لە ئەمانەش ئەندامێکی خێزانی ماسی کەڤەرەکانە، نشینگەکەی چەندین ناوچەی جیاواز دەگرێتەوە، شوێنی ژیانکردنیشی بە گشتی ئەو دەریاچە و ناوچانەیە کە بڕێکی زۆر گژوگیای تێدایە، ماسییەکی کۆچەری نییە و هەموو کات لە جێگەیەکدا نیشتەجێ و جێگیرە، لە بنەڕەتدا سوورە ماسی نیشتەجێی ڕووبارەکانی چین و زەریای ئەتڵەسی بووە، دواتر لە سەرەتای سەدەی هەژدەیەمدا براوە بۆ ئەورووپا هەروەها لە ئێستادا زیاتر لە ماڵەکاندا دەبینرێت کە بە مەبەستی جوانی دادەنرێت، دانانی لە نێو حەوزی ماسیدا و گرنگی پێدانی ئاسانە چونکە ماسییەکی بەهێزەو و بەرگەی گۆڕانی پلەی گەرمی زۆر و جیاواز دەگرێت، هەروەها دەتوانێت لەگەڵ چەندین گیانەوەری تردا بژی و کێشەی بۆ دروستناکات واتە میانڕەوە، جیاوازیی لە نێوان جۆرەکاندا بەهۆی شێوەیانەوە دروستبووە، وەک جیاوازی لە درێژی پەڕەکە، چاوی گەورە، کڵاوی سەری و ڕەنگی جەستەی.

شێوەی دەرەوەی

ڕەنگی سوورە ماسی وەک لە ناوەکەیدا دیارە سوورە بەڵام مەرج نییە تەنها سوور بێت و چەندین جۆری تری هەیە کە ڕەنگیان جیاوازە، وەک زەرد و پرتەقاڵی لەگەڵ ڕەش و جۆری خاڵداریش، ئەم ماسییە تا ڕادەیەک قەبارەی بچووکە و درێژییەکەی لە نێوان ١٠-٣٠ سانتیمەتر دەبێت و کێشی لە نێوان ٠.٦-٢ کیلۆگرام دەبێت، لە سەرەتادا هەردوو نێرینە و مێینەکان هاوشێوەی یەک گەشە دەکەن بەڵام دوای چەند ساڵێک گەشەی نێرینەکان کەمدەبێت بەڵام مێینەکان خێرایە، بەمەش قەبارەی مێینە پێگەیشتووەکان گەورەتر دەبێت بە بەروارد بە نێرینەکان.

خۆراک

سوورە ماسی دەتوانێت هەردوو ڕووەک و گیانەوەریش بخوات، واتە یەکێکە لە ئەو جۆرە ماسییانەی کە لە هەمان کاتدا گیاخۆر و گۆشتخۆریشە، خۆراکی پەسەند و سەرەکی بریتییە لە ڕووەکە ئاوییەکان لەگەڵ مێرووەکان، بەڵام هاوشێوەی زۆرینەی ماسییەکانی تر سوورە ماسی خۆشی دەبێت بە خۆراکی گیانەوەری ئاوی تر، وەک ماسییە قەبارە گەورەکان کە لە هەمان نشینگەی سوورە ماسیدا دەژین، جگە لە ئەوەش لەلایەن مرۆڤەکانەوە بە ڕادەیەکی زۆر بەرز خواستی لەسەرە و ڕاوچییەکان ژمارەیەکی زۆری لێ ڕاودەکەن، بەهۆیەوە سوورە ماسی لە ژێر مەترسی و هەڕەشەی بەردەوامدایە بۆ لەناوچوون و پارێزراو نییە.

زۆربوون

لە کاتی وەرزی زۆربووندا ئەم ماسییە گەرا دادەنێت، و پێویستە لە ئەم کاتەدا لە حەوز و ماسییەکانی تر جیابکرێتەوە، لە سروشتدا وەرزی زۆربوونی دەکەوێتە هاوینەوە و لە نێو گژوگیا چڕەکاندا گەراکانی دادەنێت، هەر مێینەیەک دەتوانێت نزیکەی ٣٠٠٠ هێلکە بکات، کە لەسەر ڕووەکە ئاوییەکاندا جێگیریان دەکات، پاشان دوای یەک هەفتە لە دانانیان بێچووەکان لە هێلکە ڕوونەکانیان هەڵدێن، ماوەیەکی زۆر دەخایەنێت هەتا جەستەیان پێدەگات و گەورەدەبن، بێچووەکانی سوورە ماسی لە دوای ١٢ ساڵ دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو و توانای زۆربوونیان دەبێت، واتە گەشەکردنیان هێواشە بەڵام ناوەندە ڕێژەی تەمەنیان زۆرە و بە نزیکەیی دەگاتە ٤٠ ساڵ، تەنانەت هەندێک تۆمار هەن کە تێیدا سوورە ماسی گەشتووەتە تەمەنی ٤٣ ساڵی.   


سەرچاوەکان

72 بینین