توانا ئەمین

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2022-03-28-16:14:00 - کۆدی بابەت: 8063
توانا ئەمین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

توانا ئەمین (بە ئینگلیزی: twana amin) لە ١٩٨١ لە سلێمانی لەدایکبووە، چیرۆکنووس و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و وەرگێڕە. لە ٢٠٠٣ یەکێک بووە لە دەستەی نووسەرانی گۆڤاری تێکست لە وەزارەتی ڕۆشنبیری، لە ٢٠٠٥–٢٠٠٧ سەرپەرشتیاری گشتیی بەرنامە فەرهەنگییەکانی ڕادیۆی نەوا بووە، لە ٢٠٠٧ سەرپەرشتیاری هەفتەنامەی "فەرهەنگی کلتووری پەیک" بووە و خەڵاتی باشترین چیرۆکی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ وەرگرتووە. لە ٢٠٠٨ لە بەشی زمان لە ڕۆژنامەی ئاوێنە کاریکردووە و هەمان ساڵ خەڵاتی باشترین چیرۆکنووسانی سلێمانی لە وەزارەتی ڕۆشنبیری وەرگرتووە، لە ٢٠١٠ خەڵاتی یەکەمی باشترین چیرۆکی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ لە سلێمانی وەرگرتووە. لە ٢٠١١ خەڵاتی باشترین لاوی ساڵی بۆ (چیرۆک) لە وەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەولێر وەرگرتووە، لە ٢٠١١ بۆ جاری سێیەم و لە ٢٠١٢ بۆ جاری چوارەم و لە ٢٠١٥ بۆ جاری پێنجەم خەڵاتی باشترین چیرۆکی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ وەرگرتووە. لە ١٩٩٩ وە بەردەوام لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ماڵپەڕە کوردی و فارسی و هونەرییەکاندا لێکۆڵینەوە و وتار و خوێندنەوە و چیرۆکی نووسیوە و ئێستاش ئەندامی کارای فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسانی جیهانیی و بەڕێوبەری نووسینی گۆڤاری کۆنسێپتە کە وەرزەگۆڤارێکی ڕەخنەیی فیکرییە.

بەرهەمەکانی

زیاتر لە ١٥ کتێبی لە بوارەکانی چیرۆک، لێکۆڵێنەوە و وەرگێرانی هەیە و ئەمانەی لای خوارەوە چەند نموونەیەکن لە کتێبە چاپکراوەکانێتی:

خودا لە سەری مرۆڤدا

(خودا لە سەری مرۆڤدا) ناوی کتێبێکی توانا ئەمینە کە ساڵی ٢٠١٢ چاپ بووە و بریتییە لە چەند وتووێژکی فیکری وەک (خودا کێیە؟، خودا چییە؟، خودا لە کوێیە؟، کێ ئەم ناوەڕۆکە پێناسە دەکات و چی ڕۆڵی دەداتێ و چۆن بوو بە خودا؟).

لەسەر بەرگی دواوەی کتێبەکە هاتووە: (لە کۆتاییدا ئەم کتێبە ناتوانی ئیمانی کەس بە بوونی خودا دامەزرێنێ یان ڕەتی بکاتەوە، ئەمە کتێبی دوودڵییە و کۆمەکی دڵنیایی بە کەس ناکات. هەرکەسێک پێی وا بێت دەتوانێت لەناو ئەم کاغەزانەی بەردەستی دا خودا بدۆزێتەوە یان ونی بکات، باشتر وایە زەحمەتی خوێندنەوەی ئەم کتێبە نەخاتە بەر خۆی!).

سەگێک لە ئاوێنەدا

ئەم کتێبە سەرجەمی چیرۆک و تێکستەکانی توانا ئەمینی لە خۆی گرتووە ساڵی ٢٠١٢ چاپ بووە و چیرۆکنووس شێرزاد حەسەن پێشەکی بۆ نوسیووە، لە بەشێکی ئەو پێشەکییەدا هاتووە: (من لە ئەدەبی کوردیدا جاروبار لاساییکەرەوەم ناسیوەتەوە، جا چ لاسایی نووسەرانی بیانی بووبێت لە ڕۆژهەڵات یان نووسەرانی خۆمان، وەلێ توانا خاوەن پەنجەمۆری خۆیەتی، ئەو هەمیشە کەڵک لە ئەزموونە زۆر تایبەتییەکانی خۆی وەردەگرێت و دەقی ناوازەیان لێ دەسازێنێت، گەشتەکانی ڕووەو وڵاتانی دیکە، ڕۆحێکی دیکەی پێ بەخشیووە کە کەم نووسەری کورد وا خێرا دەرەقەتی نووسینەوەی دەکەوێت، توانا ئەمین بۆ من لە نەوەی نوێدا نووسەرێکی تازەگەرە، بە دونیایەکم دەناسێنێت کە من دەیبینم و هەستی پێ دەکەم، وەلێ هەرگیز بەر لەو چیرۆکانە نەمتوانیووە بەو شێوەیە لەسەری ڕابمێنم).

ئەم کتێبە بە دیزاین و بەرگسازییەکی نوێ و بە کوالێکتێکی بەرزەوە لە کۆمپانیایەکی چاپی ئێرانی بە سپۆنسەری ئاسیاسێڵ چاپکراوە.

فڕین لە قەفەسێکی کراوەدا

ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی ڕێکخراوی کۆنسێپت بۆ پەرەپێدانی کولتوورییە و ساڵی ٢٠١٢ چاپ کراوە، بریتییە لە کۆمەڵێ وتار و لێکۆڵینەوە وەک ڕەشنووسی چەند کارێکی ئەدەبی وەک (هیومانیزم، جوانی، ئاوێنە، خۆکوشتن، ماسک، غەمگینی، فڕین و چەند تەوەرێکی تر دەدوێت)، لەسەر بەرگی دواوەی کتێبەکە نوسراوە: (پێچەوانەی باوەڕی باو، من غەمگینی وەک مەقامێکی ڕۆحیی سەیر دەکەم، غەمگینیی ڕاستەقینە تاریکی نییە، بەڵکو جۆرێکە لە ئیشراق و نورێکە تێکەڵ بە عیرفان، لە غەمگینییدا چاونەترسییەکی کۆسمۆیی و بێ باکییەکی سەرسوڕهێنەر بەرامبەر بە ژیان و مەرگ هەیە، ئەم وا دەکات سنگ بنێیت بە دونیاوە و باکت بە هیچ نەبێ، بونیام دەبێ عومرێک خەرجبدا تا دەتوانێ لەم پاژە قووڵ و ناوەکییەی ناو وجودی خۆی کۆمەک وەربگرێت. هێشتا زووە بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە سەختەی کە ئایا ژیان لە ئازاری پەتییدا گەیشتنە بە کەماڵ یان نا، لێ دواجار بە باوەڕی چکۆلانەی من ئەمە کورتترین، بەڵام زەحمەتترین، ڕێی گەیشتنی ئینسانە بە خۆی و بە خوداش).

کچی ناو تابلۆکە

ئەم کتێبە کۆمەڵە چیرۆکێکی ١٣٠ لاپەڕەیی توانا ئەمینە و لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٩ـدا یانەی قەڵەم لە سلێمانی بەچاپی گەیاندووە و ڕۆشنبیر و ڕۆماننووس کاروان عومەر کاکەسور پێشەکیی بۆ نوسیووە، لە بەشێکی ئەو پێشەکییەدا هاتووە: (نووسین دروسکردنی دنیا نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێکشکاندنی ئەم دنیایە، ئەمە باوەڕێکە پێموایە لە ئەنجامی خویندنەوەیەکی ئەدەبی نەوەی دووەمی دوای ڕاپەڕینەوە پێیدەگەین کە توانا ئەمین یەکێکە لە دەنگە دیارەکانی، ئەو چیرۆکنووسە ئەوەندەی مەبەستێتی دنیای خۆی وێران بکات، ئەوەندە لە هەوڵی دروستکردنیدا نییە).

مەنفا و خوێندنەوە

ئەم کتێبە هەوڵێکی تری توانا ئەمینە و قەبارەی ٣٨٧ لاپەڕەیە و لەلایەن (ڕەخنەی چاودێر)ەوە ساڵی ٢٠٠٨ چاپ بووە، لە دوو توێی ئەم کتێبەدا گفتوگۆی ڕوناکبیر و نووسەرە گەورەکانی کورد لەمەڕ مەنفا، قەیرانی خوێندنەوە، کێشەی ڕۆمانی کوردی، پەیوەندی نێوان مێژوو و ئەدەب و چەند باسێکی تری زیندووی دونیای ئەدەبی کوردی دەخوێنیتەوە. لەو ڕۆشنبیرە کوردانەی لەم کتێبەدا بەشدارن (شێرکۆ بێکەس، هیوا قادر، ئازاد حەمە، مەریوان وریا قانع، جەمال غەمبار، دلاوەر قەرەداغی، د.ئەحمەدی مەلا، رەوف بێگەرد، لەتیف هەڵمەت، ئارام کاکەی فەلاح و چەندین نووسەری ترن).

پەیکەری فەرهاد

کتێبێکی ١٩٢ لاپەڕەییە دەزگای ئاراس ساڵی ٢٠٠٩ بە چاپی گەیاندووە، ئەم ڕۆمانە لە نووسینی رۆماننووسی هاوچەرخی فارس عەباس مەعرووفییە، ئەو ڕۆماننووسە بە یەکێک لە پر خوێنەرترین نوسەرانی ئێرانی دەژمێردرێت، ئەم رۆمانەی پەیکەری فەرهاد بەڕای رۆشنبیرانی ئێرانی خۆیانەوە سەختترین کاریەتی. توانا ئەمین ئەم رۆمانەی لە فارسییەوە وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و ڕۆماننووس و ڕوناکبیری خۆرهەڵاتی کوردستانی عەتا نەهایی پێیداچۆتەوەو لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکاری لەسەر نوسیووە کە هەر لەگەڵ کتێبەکەدا چاپ ببووە، لەو لێکۆڵینەوەیەدا هاتووە: (بێگومان وەرگێڕانی ڕۆمانێکی وەک پەیکەری فەرهاد کە تاکبێژییەکی دەروونی و گێڕانەوەویەکی پچرپچڕی زهنییە، بۆ هەموو وەرگێڕێک کارێکی گران و ریسکێکی گەورەیە، زمانی ئەم بەرهەمە کارکردێکی شیعری هەیە و بەپێچەوانەی زمانی ئینشایی زۆر چیرۆک و رۆمانی ترەوەو کە تەنیا ئەرکی ڕاگوێزانی مانا و پەیامی لە ئەستۆیە، خۆی داهێنەری ماناو پەیامیشە، بەشی زۆری ڕووداوەکانی ئەم جۆرە چیرۆک و ڕۆمانانە وەک شیعر ڕووداوێکن کە لە زمانی نووسەرەکانیاندا ڕوودەدەن و کەم وەڕگێڕ دەتوانێ بە تەواوی و بە تێرو تەسەلی لە زمانێکی تردا دووبارەیان بکاتەوە، من دڵنیام کە توانا ئەمین ئاگای لەم ڕاستیانەوە لە ترسناکی کارەکەی بووە، بەڵام وەک وەڕگێڕێکی بوێر بەوپەڕی جیدییەتەوە هەوڵی داوەو بەقەد توانای خۆی و مەجالی خۆبەدەستەوەدانی ڕۆمانەکە بۆ بوون بە کوردی لە ڕیسکی کارەکەی کەمکردۆتەوە، ئەو ماندوو نەبێ و خوێنەرێش سوود لە کارەکە وەربگرێت).

پیاسەیەک پێکەوە .. پیاسەیەک بەتەنیا

کتێبێکی ٢٠٠ لاپەڕەیی توانا ئەمینە و پرۆژەی کتێبی یانەی قەڵەم ساڵی ٢٠٠٨ بە چاپی گەیاندووە، ئەم کتێبە بەشێک لەو توێژینەوە و لێکۆڵینەوە ئەدەبیی-سۆسیۆلۆژیانەیە کە لەو ساڵانەی دوایدا نووسەر پێیان ڕاگەیشتووە و نوسیوونی، ئاوات محەمەدی نوسەر لە خوێندنەوەیەکیدا بۆ ئەو کتێبە لە ڕۆژنامەی کوردستان راپۆرتدا نوسیوویەتی (ئەم کتێبە لە خوێندنەوەی ئەفسانەوە تاسەر لیکۆڵینەوەی کۆمەڵناسیانە لەوێوە بۆ دەقی ئەندێشەیی و سەردان لە فەلسەفە و ڕامان لە دونیای کلاسیکە، ئەم کتێبە وەک ئەوە وایە پێکەوە پیاسە بکەین و لەسەر بابەتێک رێکنەکەوین بۆ گفتوگۆ).

لەو کتێبەدا لەبارەی پەیوەندی نێوان خۆتەقاندنەوە و جوانی، مەحوی و کوفر، وێکچوون لە نێوان شار و لەشفروشدا، پێکەنین و گێڕانەوە و گەلێک بابەتی دییەوە خوێندنەوەی نامیتۆدییانە دەخوێنیتەوە. لەسەر بەرگی کتێبەکە نووسراوە: (خوێنەری خۆشەویست.. من تۆ بام ئەم کتێبەم نەدەخوێندەوە.. ئەم بەیاز و دەستنووسانە هیچ نین..! جگە لە ڕوانینێکی سەرپێیی من بۆ تۆێژەڵگەلێکی ژیان و هەندێ دیاردە و دەرکەوتە و چەمکی ناو ئەو شێواییە، ئەوەی لەبەردەستتدایە؛ کتێبی ڕاڤە و شیکارییە میتۆدییەکان نییە، هێندەی گواستنەوەیەکی تیژتێپەڕی نیگای سوژەیەکە لەمەڕ ئۆبژێکتگەلێک لە چاوەوە بۆ کاغەز).

کەوتن

ئەم کتێبە لە نوووسینی نووسەری فەڕەنسی و براوەی خەڵاتی نۆبڵ (ئەلبێر کامۆ)یە و توانا ئەمین وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی و بەیان سەلمان پێداچوونەوەی بۆ کردووە و بەراوردی کردووە بە دەقە فەڕەنسییەکەی، لە ڕوبەرگی کوردی کتێبەکەدا هاتووە: (ئینسان بوونەوەرێکی تەنیایە... ئینسان بوونەوەرێکی گوناهبارە... کورتەی مانفێستی گشتی کامۆیە لەم کتێبەدا، بەیادخستنەوەی ئەوەی گوناهباری لەم کارەی کامۆدا، شتێک نییە هێزێکی میتافیزیکی دابێتی بەشانیدا وەک ئەوەی لە ئەفسانەی سیزیفدا وێنای دەکات، بە پێچەوانەوە لەم کارەدا مرۆڤ خۆی تاوان لە کۆڵی خۆی و هاوچەشنەکانی دەنێت، بە جۆرێ لە کۆتاییدا هەموومان پێش زەمینەین بۆ تاوانی کەسێکی تر و بەم جۆرە لە ڕوودانی هەر تاوانێکدا دەستی هەموومان وەکو هێڵێکی مائیل هەیە.)
ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی ناوەندی ئاوێرە و ساڵی ٢٠١٣ چاپ بووە.

کوندەپەپوی کوێر

(کوندەپەپووی کوێر) لە نووسینی نووسەری بەناوبانگی ئێرانی (سادق هیدایەت)ـە و توانا ئەمین وەریگێڕاوە، ئەم ڕۆمانە سوریالی و کورت، بەڵام قووڵ و قژەژە، لە ئەدەبیاتی فارسیدا وەک شاکارێکی سەدەی بیستی خۆیان دەیناسێنن؛ ئەندرێ بریتۆن، باوکی ڕۆحیی سوریالیزم گوتبوی: (ئەگەر شتێک هەبێت بوێرین ناوی شاکاری لێ بنێین؛ ئەوە ئەم کتێبەیە).

ئەم ڕۆمانە بۆ زمانەکانی (عەرەبی، تورکی، ڕووسی، ئینگلیزی، فەڕەنسی، ئیسپانی و چەند زمانێکی تر) وەرگێڕدراوە و بەبایەخەوە مشتومڕی گەورەی ئەدەبی ناوەتەوە، تەنانەت دەزگای بڵاوکراوە ئینگلیزییەکەی لەسەر بەرگی کتێبەکە نووسیوێتی: (مەزنترین ڕۆمانی ئەدەبی فارسی سەدەی بیست). لە پێشەکی کوردی ئەم کتێبەیشدا وەرگێڕ نووسیویەتی: (وەرگێڕانی ئەم کارە بۆ من؛ یەکێک بوو لە پرۆژە نیوەناچڵەکانی کوردستان کە لەگەڵ خۆمدا هێنابووم، مانگی ڕابردوو کە پشووی خوێندن بوو، هەلی دامێ؛ شێتانە کارەکە تەواو بکەم... ڕەنگە بیرکردنەوە لە تەواوکردنی ئەم ئیشە پەیوەندی بەو دۆخە هیدایەتییەوە هەبێ، کە هەمیشە خۆم تێیدا دەژیم... هیوادارم هەرچی زووە ئەم کتێبە نایابە، وەک شاکارێکی ئێرانی و وەک هەوڵێکی بچووکی بەندە، بگاتە دەست خوێنەرانی کورد).

مینای شین

کۆمەڵێک لێکۆڵینەوە ئەدەبیی و ئیستاتیکیی توانا ئەمینە، کە توێژەری فەلسەفە بەکر عەلی، پێشەکی بۆ نووسیوە، لەو ناساندنەی نێو ئەم پێشەکییەدا لەبارەی ئەم کتێبەوە، نووسراوە: ئەم چەند وتارەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدایە، هەوڵنووسینێکە بۆ دۆزینەوەی ئەخلاقێکی ئیستاتیکی کە تا دێت مرۆڤی مۆدێرنە ونتری دەکات. بێهۆ نییە زۆرجار نووسەرەکەی وەک ڕەشبین و غەمگین ناسێنراوە، لە ڕاستیشدا ئەدەبیاتی غەمگین هیچ کات بریتی نەبووە لە ئەدەبیاتی تێکشکێنەر و نیهلیستی ژیان، بەپێچەوانەوە غەمگینەکان ئەو کەسانەن، کە هەڵگری پەژارەیەکی قووڵترن بۆ شادبوونی مرۆڤ. بەکر عەلی لەبارەی توانا ئەمین دەڵێت (توانا ئەمین، یەکێک لەو مەشقکارە غەمگینانەیە وەک شۆپنهاوەر و سیۆران، بەڵام لە نێوبەندییەکی فەرهەنگییانەی جیاوازدا. یەکێک لە تەکنیکەکانی واڵاکردنەوەی واقیع بریتییە لە خەیاڵ، چونکە لە کوێدا ریال هەبێت لەوێدا پێشتر خەیاڵ هەبووە، بۆیە رێکەوت نییە زۆرینەی هەوڵەکانی نێو ئەم کتێبە، بۆ ناسینەوەی (خەیاڵ) و بیرهێنانەوەمانە وەک شتێکی فەرامۆشکراو. مینای شین، لە قەبارەیەکی گەورە و لە دوتوێی ٤٨٠ لاپەڕەدا بە بەرگی رەق و لە چاپێکی نایابدا، ناوەندی ئاوێر چاپی کردووە.

پەیامبەر

ئەم کتێبە لە بڵاوەکراوەکانی ماڵی وەفاییە، لە نووسینی جوبران خەلیل جوبران و وەرگێڕانی توانا ئەمینە، پێک هاتووە لە ٢٨ گوتار، دەرباری ژیان و خوشەویستی و هاوسەرێتی و منداڵ و سامان و بەخشین، کتێبێکە لەسەر ئاستی فۆرم و تەکنیک سادە و لە ئاستی ناوەڕۆکدا قووڵ و قژقژە، خوێندنەوەی بۆ هەموو کەسێک دەشێت لە هەر تەمەنێکدا بێت و سەر بە هەر ئاینێک بێت. ئەم کتیبە لە لیستی پڕفرۆشترین کتێبەکانی سەدەی بیست بووە، بەجۆرێک پاش یەک سەدە لە چاپبوونی، هەتا ئێستا هەفتانە ٥٠٠٠ هەزار نوسخەی لە سەرانسەری جیهاندا لێ دەفرۆشرێت و بۆ زیاتر لە ٥٠ زمانی جیهانی وەرگێڕدراوە.

دەنگی پێی ئاو و ماچێک بە تامی خۆڵەمێش

کۆمەڵێک شیعری فارسی و تورکی و بیانییە توانا ئەمین وەریگێڕاوە بۆ کوردی، قەبارەکەی ٤٠٠ لاپەڕەیە و (دەزگای جەمال عیرفان) ساڵی ٢٠١٥ چاپ و بلاوی کردۆتەوە.

ماڵی یار

ماڵی یار هەڵبژاردەیەکی نوێیە لە شیعرەکانی (سوهراب سپهری)ە و توانا ئەمین وەریگێڕاوە، ئەم هەڵبژاردەیە یەکەمجارە بکرێت بە کوردی، بەشێکە لە پرۆژەی (هەشت کتێب) کە کۆکاری سوهرابە و وەرگێڕ خەریکی کارکردنە لەسەری تا هەمووی لە ئایندەدا بە کوردی بخاتە بەردەست خوێنەری کورد.

تریفەی مانگ

ئەم کتێبە هەڵبژاردەیەکە لە چیرۆکە نایابەکانی نووسەری فەڕەنسی گێ.دو.مۆپاسان کە توانا ئەمین کردویەتی بە کوردی و ڕۆمانووس بەیان سەلمان وەرگێڕانەکەی بەراوردکردووە بە دەقە ئۆرگیناڵەکەی. ئەم کتێبە لە قەبارەیەکی مامناوەندیدا و لە دووتوێی ٣٥٠ لاپەڕەدا لەلایەن ناوەندی ئاوێرەوە، چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

ژوولیا و دەستنووسەکەی مەولانا

کتێبی سەرجەم تێکست و چیرۆکەکانی توانا ئەمینە. ئەم کتێبە لەلایەن ماڵی وەفاییەوە بە دیزاین و بەرگسازییەکی نوێ لە قەبارەیەکی مامناوەندیدا و لە دووتوێی ٣٣٠ لاپەڕە لە ساڵی ٢٠١٦ لە تاران چاپ کراوە.

شیر و هەنگوین

ئەم کتێبە لەلایەن توانا ئەمینەوە بۆ یەکەمجار لە زمانی سویدییەوە کراوە بە کوردی و سیامەند ئەحمەد وەرگێڕانەکەی بەراورد بە دەقە ئینگلیزییەکە کردووە. (شیر و هەنگوین) بەرهەمێکی بەناوبانگی کچە شاعیری هیندی_کەنەدیی ڕۆپی کۆرە و یەکێکە لە ناودارترین و پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئەمریکا. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٤ بە زمانی ئینگلیزی بڵاوکراوەتەوە، دواتر لە ماوەی چوار ساڵدا بۆ ٢٥ زمانی جیهانیی وەرگێڕدراوە و بە زمانی کوردییەوە دەبێت بە ٢٦ زمان. (شیر و هە نگوین) کتێبێکی سادە و دڵگیرە پێکەوە، چێژ و ئازارەکانی مرۆڤبوون و مێیینە بوون، بە زمانێکی شیعریی لە کەمترین وشەدا بەهاوئاهەنگی چەندان هێڵکاریی جوان دەگێڕێتەوە. کتێبخانەی یادگار ساڵی ٢٠١٨ لە دووتوێی ٢٠٠ لاپەڕەدا ئەم کتێبەی چاپ و بڵاو کردۆتەوە.

مرواریی تاقانە

ئەم کتێبە کۆمەڵێ تێکست و یاداشتە لە نووسینی توانا ئەمین، لە دوو توێی ٤٠٠ لاپەڕەدا کتێبخانەی گۆڵدن بووک لە ساڵی ٢٠١٩دا چاپی کردووە. کتێبەکە تێڕامانێکی فەلسەفیانەیە لە ئینسان و دەوروبەر بەڵام بە زمانێکی سادە و شیعریانە، بە شێوەیەک هەمووان بتوانن تێی بگەن. نووسەر لە بارەی ئەم بەرهەمەوە بە ڕۆژنامەی ئاوێنەی وتووە (ئەم کتێبە بۆ دوو ئاست دابەش دەبێ، ئاستێکیان نزیک لە ژیانی ڕۆژانە و خەمە جڤاکی و ئینسانییە گشتییەکانە کە هەر کەسەمان هەمانە. بە چاوێکی کونپشکیانەوە دەپرسێ پارە چییە؟ پەیوەندی و خیانەت چین؟ موڵکایەتی چیە؟ خۆشەویستی چییە؟ تەنیایی چییە؟ شار چییە؟ دڵ چییە؟ خوداپەرستی چییە؟ و هتد، ئاستی دووەم کە بۆ من گرنگترینیانە؛ ئاستێکە بڕێ زیاتر دەڕوات، ئەویش پرسە یونڤێرساڵی و وجودییەکانە وەک ئینسان؛ گاهێ عیرفانی و گاهێ گومانکارانە دەپرسێ: ئێمە بۆ هەین، لە کوێوە هاتووین، کێ ئێمەی دروست کردوە، ئەم شتانە بۆ وان، ئەوانەی دەمرن دەچن بۆ کوێ، ئازار بۆ هەیە؟ ژیان چییە؟ مەرگ بۆ هەیە؟ و هتد).

سەرجەمی لاپەڕەکانی ئەم کتێبە لەلایەن هونەرمەند (چێنەر عوسمان)ـەوە نیگارڕێژ کراوە و بۆ هەر بابەتێک سکێچێکی دروست کردووە، ئەمەیش پتر کتێبەکەی هەمەڕەنگ و ڕەونەقدارتر کردووە.



1348 بینین