خۆڵبارین

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-04-08-23:34:00 - کۆدی بابەت: 8177
خۆڵبارین

ناوه‌ڕۆك

خۆڵبارین چییە؟ 

خۆڵبارین (بە ئینگلیزی: Sandstorm، بە عەرەبی : عاصفة رملية) دیاردەیەکی سروشتییە، بایەکی بەهێزی پڕ لە گەردیلەی لم و خۆڵە، بایەکی بەهێز ئەم گەردیلانە لە شوێنێکی تر دەهێنێت و بە ئاڕاستەی با بڵاودەبنەوە، لە ناوچە وشک و نیمچە وشکەکانەوە پەیدا دەبێت، خۆڵبارین کاریگەری خراپی ژینگەیی و تەندروستی جێدەهێڵێت. 

بەشێوەیەکی گشتی لە زۆربەی شوێنەکانی جیهاندا خۆڵبارین ڕوودەدات بە تایبەت لە باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکا، سەرچاوەی سەرەکی خۆڵبارین دەگەڕێتەوە بۆ بیابانەکان و وشکانییەکانی نیمچەدوورگەی عەرەبی، باکووری ئەفریقا، بیابانی تاکلاماکان و بیابانی گۆبی لە چین و بیابانی سەحارە کە گەورەترین بیابانە لە جیهاندا بەهۆی گەورەیی ڕووبەرەکەی بووەتە گەورەترین سەرچاوە بۆ ڕوودانی خۆڵبارین. 

بە شێوەیەکی گشتی خۆڵبارین نزیکەی سێ مەتر بەرز دەبێتەوە بە دەگمەن دەگاتە ١٥ مەتر، ساڵانە چەند جارێک خۆڵبارین لە بیابانەکان بەهۆی بەرزی پلەی گەرما و ناجێگیری کەش و هەو‌ا ڕوودەدات، ئەم ناسەقامگیریەی کەشوهەوا لەگەڵ ئەو بایەی کە لە بەشی ناوڕاستی چینی ترۆپۆسفیردایە تێکەڵ دەبێت و بایەکی بەهێز پێک دەهێنن کە دەبێتە هۆی ئەم دیادەیە. هەروەها وشکەساڵی و لەوەڕاندنی لەڕادەبەدەری ئاژەڵان و کشتوکاڵی جێگۆڕکێ و بەردەوام زیان بە خاک دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی وێرانکردنی ژینگە و خۆڵبارین. 

کاریگەرییەکانی خۆڵبارین 

خۆڵبارین چەندەها کاریگەری خراپی تەندروستی و ژینگەیی لێ دەکەوێتەوە. زیادبوونی خۆڵبارین لە چەند وڵاتێک بووە هۆی لەدەستدانی چینی سەرەوەی خاک وەک وڵاتانی چاد و بورکینا فاسۆ لە کیشوەری ئەفریقا، هەروەها داشۆران و داماڵینی خاک یەکێکە لە کاریگەرییەکانی خۆڵبارین و ئەمەش پڕۆسەی داڕمانی زەوی خێراتر دەکات. هەروەها بە بیابانبوون و نەمانی گژوگیا و سەوزایی لە بەشێک لە جیهاندا دەستی پێکردووە و باکووری چین یەکێکە لەوانە.

کاریگەرییە تەندروستییەکان 

خۆڵبارین گەردیلەی لم و خۆڵی گەورە لەگەڵ خۆی هەڵدەگرێت و ئەو ڤایرۆسانە لەگەڵ کەشوهەوادا کارلێک دەکەن و دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا و بڵاوبونەوەی نەخۆشی. یەکێک لە کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی خۆڵبارین پەکخستنی سییەکانە بەتایبەت لەو کەسانەدا کە تەنگەنەفەسییان هەیە، دەنکۆڵەکانی خاک لە ڕێی لووت و دەمەوە دەچنە قوڵترین بەشی کۆئەندامی هەناسە و لە توانایاندا هەیە زیان بە سەرجەم بەشەکانی کۆئەندامی هەناسە بگەیەنن، زۆری بەرکەوتن و مانەوە لە کاتی خۆڵباریندا دەبێتە هۆی بەڕیشاڵبوونی سییەکان و لە ئەگەری چارەسەر نەبوونی دەبێتە هۆی شێرپەنجەی سییەکان، خۆڵبارین زیان بە چاوەکان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی هەوکردنی کۆرنیە و سپێنەی چاو و وشکبوونی چاو، زۆری بەرکەوتن دەتوانێت گەشە بکات و ببێتە هۆی کوێری، هەروەها زۆری بەرکەوتنی خۆڵبارین ڕەنگە کاریگەری خراپ بکاتە سەر دڵە لوولە کۆئەندام و تێکەڵ بە سوڕی خوێن ببێت، بە شێوەیەکی گشتی منداڵان و بەساڵاچووان و ئەوانەی نەخۆشی دڵ و سییەکان و شەکرەیان هەیە دەکرێت کاریگەرییە تەندروستییەکان زیاتر تیایاندا سەر هەڵبدات لە کاتێکدا کەسانی تەندروستیش بەدەر نین لە توشبوون بە کێشه تەندروستییەکان. 

کاریگەرییە ژینگەییەکان 

لە ڕووی ژینگە و کشتوکاڵەوە خۆڵبارین کاریگەری خراپ دەکاتە سەر بەرووبوم و مەڕوماڵات، بەهۆی زۆری لم و خۆڵ کاریگەری خراپ دەکاتە سەر ڕووەکەکان و تێکدانی کرداری ڕۆشنەپێکهاتن و دەبێتە هۆی دواخستی گەشەسەندنی ڕووەک، کاریگەری خراپ دەکاتە سەر تەندروستی ئاژەڵان و بەرهەمهێنانیان کەم دەبێتەوە، هەروەها کەمکردنەوەی ڕادەی بینین و ترشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و داڕمانی بڕی خۆراک لە خاکدا و لەناوبردنی دارستانە سروشتییەکان.

خۆپاراستن لە خۆڵبارین 

- مانەوە لە ماڵدا: یەکێک لە ڕێگاکانی خۆپارێزی مانەوەیە لە ماڵدا ئەگەر پێویستیش بوو بچنە دەرەوە زوو بگەڕێنەوە و دەرگا و پەنجەرەکان بە داخراوی بهێڵنەوە. 

- ئاگاداربوون لە کەشوهەوا: ئاگاداربوون لە کەشوهەوا بە تایبەت لە وەرزی خۆڵباریندا بۆ ئەوەی زوو کاروباری ڕۆژانەتان بەڕێ بکەن و بگەڕێنەوە ماڵەوە. 

- بەکارنەهێنانی ئامێرە هەواییەکان: تا دەتوانن لە کاتی خۆڵباریندا ئامێرە هەواییەکان بەکارمەهێنن چونکە دەبێتە هۆی بڵاوبونەوە و هاتنە ژوورەوەی تۆز و خۆڵ و پاککردنەوەیان تا کەمترین زیانتان پێ بگات. 

- بەکارهێنانی پارێزەر: کاتێک لە دەرەوەیت پێویستە دەمامک بەکاربهێنیت و بە بەردەوامی بیگۆڕیت، یاخود خاولییەکی تەڕ بەکاربهێنیت کە ڕێگری لە هەڵمژینی تۆز و خۆڵ دەکات، بەکارهێنانی چاویلکەی پارێزەر بۆ پارێزگاریکردن لە چاوەکان تا کەمترین زیانیان پێ بگات. 

- بەکارهێنانی ئاو:  پێویستە ئاوی زۆر بخورێتەوە و لە کاتی بەرکەوتنی خۆڵبارین زوو زوو دەموچاو و چاوەکان تەڕ بکرێت.


سەرچاوەکان



3532 بینین