پاراستنی بیرکردنەوەکانت لە شوێنی پڕ ژاوەژاو

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-04-09-20:30:00 - کۆدی بابەت: 8190
پاراستنی بیرکردنەوەکانت لە شوێنی پڕ ژاوەژاو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەندێک لە خەڵکی کاتێک بیردەکاتەوە دەبێت بچووکترین دەنگیش نەیەت و لە شوێنێکی چۆڵدا بێت، هەبوونی هەر دەنگێک وادەکات کە بیری پەرتەوازە ببێت و نەتوانێت ئیتر بیر بکاتەوە، بەڵام ئەگەر هاتوو کەسێک کارەکەی لە شوێنێکدا بوو کە بەردەوام پڕ ژاوەژاو و قەرەباڵخی بوو، چۆن بتوانێت زاڵ ببێت بەسەر ئەو بارەدا و خۆی بگونجێنێت و بتوانێت لەو دەنگەدەنگەدا بیر بکاتەوە.

ڕێنوێنی بۆ پاراستنی بیرکردنەوەکانت

بەکارهێنانی بیستۆک 

ئەگەر زۆر بە ئاسانی دووچاری مێشک پەرتەوازەیی دەبیت واباشە لەو شوێنەی کە ژاوەژاوی تێدایە بە کەرەستەیەک گوێت بکریت یاخود بیستۆک بکەیتە گوێتەوە، تاکوو دەنگی ژاوەژاوەکە نەتوانێت توانای بیرکردنەوەت لەناوببات، دەتوانیت لەڕێگەی بیستۆکەکەوە ئەو گۆرانییە یاخود مۆسقایە لێ بدەیت کە دڵخوازی خۆتە و پێی ئاسوودەیت و دەتوانیت کارەکەت بکەیت.

ژوورێکی بێدەنگتر بدۆزەرەوە

بەگشتی لە شوێنێکی کاردا کە قەرەباڵخ بێت و کارمەندی زۆری لێبێت، ژاوەژاو زۆر دەبێت و تەنانەت لەوانەیە قسەکردنی ئەو کەسەش ببیستیت کە پەیوەندی کردووە بە هاوڕێکەتەوە بە مۆبایل، کاتێک بەهۆی دەنگی زۆرەوە ناتوانیت بەباشی بیربکەیتەوە و بیرۆکەکانت ڕێکبخەیت ناتوانیت بە هەمووان بڵێیت کە بێدەنگ بن لەبەر تۆ، بۆیە واباشترە چۆڵترین و بێدەنگترین شوێنی ئەو جێگەیە بدۆزیتەوە و بچیتە ئەوێ، هەوڵبدە کاتەکان ڕێکبخە واتە کاتێک پڕۆژەیەکت لەبەردەستە کە بیرکردنەوە و هەوڵی زیاتری دەوێت دایبنێ بۆ کاتێک کە ئەو شوێنە چۆڵتر و بێدەنگر بێت و کارە ئاسانەکانیش بۆ کاتێکی تر.

سەرنجت بخەسەر یەک کار

بۆ نووسین و خوێندنەوەی ئیمێڵێک پێویستمان بە سەرنجدانی زۆر نییە، بەڵام ئەرکی گرنگتر وەک نووسین یاخود خوێندنەوەی پەرتووک و دروستکردنی ڤیدیۆ دەبێت تەواوی سەرنجت لەسەری بێت چونکە هەر هەڵەیەکی بچووک تێیدا دەبێت بگەڕێیتەوە بۆ خاڵی سەرەتا، زۆر گرنگە لەسەر کار تەنها سەرنجت لەسەر کارێکیان بێت، زۆرینەی کارمەندەکان کۆمەڵێک کار دەکەن پێکەوە، دەکرێت بەڵام مێشکت ئاڵۆز دەبێت و بە ژاوەژاو تێکدەچیت و ناتوانیت سەرنج بخەیتە سەر هەموو کارەکان.

خۆت ڕابهێنە لەگەڵ دەنگی گەورەدا

هۆکاری ئەوەی کە دەنگی گەورە ئازارت دەدات ئەوەیە کە گوێت ڕاهاتووە بە دەنگی نزم، وادەزانیت واباشترە بەردەوام دوورکەویتەوە لە ژاوەژاو تاکوو کارەکانت بەباشی بەرەو پێش بڕۆن، بەڵام هەمیشە لە هەموو جێیەکدا ئەو شوێنەی تۆ دەتەوێت دەستت ناکەوێت و شوێنی چۆڵ نییە، بۆیە زۆر باش دەبێت خۆت ڕابهێنیت لەگەڵ دەنگی گەورەدا و شوێنێک کە ژاوەژاوی تێدابێت تاکوو بتوانیت لەوێشدا کارەکانت ئەنجام بدەیت.

دوورکەوتنەوە لەو هۆکارانەی مێشکت پەرتەوازە دەکات

دەنگەکانی دەووروبەرت بەپێی پێویست مێشکت پەرتەوازە دەکات، بۆیە ڕێگا مەدە هۆکاری تر مێشکت پەرتەوازە بکات، بۆ نموونە هیچ نەبێت مۆبایلەکەت بێدەنگ بکە یاخود دایبخەیت، یان ئەگەر لەسەر بەرنامە کاردەکەیت پێویست ناکات لینکی کۆمەڵێکی زۆر بەرنامە بکەیتەوە دانە دانە باشترە تاکوو شپرزە نەبیت.

دەنگی بێزارکەر بگۆڕەوە بە دەنگی تر

لەوانەیە لای خەڵکی سەیر بێت کە بوترێت دەکرێت سوود لە دەنگی تر و ژاوەژاوی تر ببینیت بۆ ئەوەی مێشکت پەرتەوازە دەبێت، کاتێک لە شوێنێکدا کار دەکەیت و قسەکردن و دەنگی پێکەنینی کەسانی دەوروبەرت بێزارت دەکەن واباشترە بچیت ئەو دەنگانە بگۆڕیتەوە بۆ نموونە هەوڵبدە بچیتە لای پەنجەرەکەوە تاکوو دەنگی چۆلەکە یاخود ترافیک و ئۆتۆمبێلەکان ببیستیت و ئەمانەت پێ خۆشتر بێت لە دەنگی خەڵک.

بەرنامەکانی کارە گرنگەکانت ڕێکبخە

ئەگەر پێت وایە بەهۆی ژاوەژاوەکەوە بەباشی نەتوانیووە کاربکەیت یاخود دەتەوێت پێداچوونەوەیەکی کارەکانت بکەیت، ئەوا دەتوانیت پێش کاتی دەستپێکی دەوام بە کاتژمێرێک لەوێ ئامادەبیت و کارەکان بکەیت، یاخود دەتوانیت دوای هەموو کارمەندەکانی تر بچیتەوه.

باسی ژاوەژاوەکە بکە

ئەگەر هەموو ڕێگاکان بێسوود بوون ئەوا دەبێت بەدوای کۆتا ڕێگا چارەدا بیت ئەویش قسەکردن لەگەڵ بەڕێوبەران و سەرپەرشتیارانی ئەو شوێنەدا و باسکردنی شوێنی کارەکە و دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەک بۆی، یاخود کاتێک دەبینیت لە شوێنی کاردا کەسێک بە پەیوەندی تەلەفۆنی بەردەوام گاڵتەی نابەجێ دەکات و دەنگی زۆر بەرز دەکاتەوە و دڵی خەڵکی تر ڕاناگرێت و ڕێز لە مافەکانیان ناگرێت، ئەوە واباشە پێی بڵێیت و ئاگاداری بکەیتەوە، ئەگەریش ناتوانیت ڕاستەوخۆ پێی بڵێیت واباشە بە سەرپەرشتیارەکەتان بڵێیت کە ئاگاداری بکاتەوە.


سەرچاوەکان



539 بینین