ناوهڕۆك
ناساندن
ئەنوەر سادات یان محەمەد ئەنوەر سادات (بە عەرەبی: أنور السادات، بە ئینگلیزی: Anwar El-Sadat) سێیەم سەرۆک کۆماری وڵاتی میسر بوو، نازناوی پیاوی ئاشتی و پیاوی جەنگی هەیە و هاوڕێی نزیکی جەمال عەبدولناسڕ بوو. بەشێک لە عەرەبەکان بە خیانەتکار دەیناسێنن چونکە لە ساڵی ١٩٧٨ "ڕێکەوتننامەی کامپ دەیڤدی" لەگەڵ وڵاتی ئیسڕائیل واژۆ کرد و جەنگی لەگەڵ ئیسڕائیل ڕاگرت، بەو هۆیەوە وڵاتی میسر بووە یەکەم وڵاتی عەرەبی دانی بە بوون و کیانی ئیسرائیلدا نا و بەهۆی ئەو ڕێکەوتننامەیەوە توانی بەشێک لە خاکە داگیرکراوەکانی ژێردەستی ئیسڕائیل بگێڕێتەوە بۆ میسر، هاوکات لەسەر ڕاگرتنی جەنگی نێوان میسر و ئیسرائیل ئەنوەر سادات خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئاشتی بەدەستهێناوە.
زانیاری گشتی
ناو | محەمەد ئەنوەر سادات |
کات و شوێنی لەدایکبوون | ٢٥ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩١٨، پارێزگای منووفییه، میسر |
ڕەچەڵەک | میسری |
خێزان | جیهان سادات |
پیشە | سیاسەتوان، سەرۆک کۆماری میسر، سەرباز |
کۆچی دوایی | شەشی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨١، قاهیرە |
ژیاننامەی
محەمەد ئەنوەر سادات لە ڕوژی ٢٥ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩١٨ لە گوندی (میت ئەبوولکوم)ـی سەربە پارێزگای منووفییه لە میسر لەدایکبووە. خێزانەکەی زۆر هەژار بوونە و باوکی لە نەخۆشخانەی سەربازی کاری کردووە. دایکی ڕەچەڵەکی سوودانی بووە و دایک و داپیری بە مناڵی زۆر نازیان پێداوە و بە کەسایەتی دایکی و داپیرەی کاریگەر بوو. خوێندنی سەرەتایی لە گوندێکی نزیک گوندەکەی خۆیان خوێندووە و دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی لە ساڵی ١٩٣٥ ڕووی کردووەتە کۆلێجی سەربازی، دواتر لە ساڵی ١٩٣٨ بە پلەی جێداری دووەم کۆلێجی سەربازی تەواو کردووە.
ژیانی خێزانی
ژنی یەکەمی سادات "ئیقبال عەفیفی" ڕەچەڵەکی تورکی بووە لە خێزانێکی زۆر دەوڵەمەند بووە، بۆیە سادات هاوسەرگیری لەگەڵ کردووە و خێزانی کچەکە بە هاوسەرگیرییەکەیان ڕازی نەبوون بەڵام ئەوان لە ساڵی ١٩٤٠ هاوسەرگیرییان کرد وبوونە خاوەن سێ کچ، بەڵام ماوەی هاوسەرگیرییەکەیان زۆری نەخایاند و لە ساڵی ١٩٤٩ جیابوونەوە. سادات لە ساڵی دووەم دووبارە هاوسەرگیری لەگەڵ جیهان ڕەئووف کردەوە و بوونە خاوەن سێ کچ و کوڕێک.
پلە و پۆستەکانی
دوای تەواوکردنی کۆلێجی سەربازی ئەنوەر سادات چووە ڕیزی هێزەکانی سوپای میسرییەوە و لە باشووری میسر وەکوو سەرباز دامەزرا، لەو سەردەمەدا بە چەند کەسایەتییەکی نموونەی گاندی و موستەفا کەمال ئەتاتوورک کاریگەر و سەرسام بووە و هەر لەو ماوەیەشدا جەمال عەبدولناسڕی ناسیووە و بوونەتە هاوڕێ. بەهۆی چەند چالاکییەکی دژی سوپای ئینگلیز لە میسر لە ڕیزەکانی سوپای میسر دوورکراویەوە و نێردرایە زیندان. دوای ئازادکردنی لە زیندان دەستی لە کاری سەربازی هەڵگرت و تا ساڵی ١٩٤٨ وەکوو ڕۆژنامەنووس و سەرنووسەر لە گۆڤاری (المصور) کاری کردووە. هاوڕێکەی بە ناوی دکتۆر یووسف ڕەشاد کە پزیشکی تایبەتی مەلیک فارووق بووە و کاریگەری زۆری لەسەری هەبووە یارمەتی دا کە بگەڕێتەوە نێو ڕیزەکانی سوپای میسر.
ئەزموونی سیاسی
هەر لە تەمەنی لاوییەوە بە سیاسەتوانێکی چالاک دانراوە و چالاکی دژی ئینگلیزەکان هەبووە کە ئەو کاتە داگیرکاری وڵاتی میسر بوون، لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەم و لە نێوان ساڵانی ١٩٣٩ بۆ ١٩٤٥ هێزەکانی ئینگلیز لە میسر دوو جار بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی لەگەڵ ئەڵمانیا ئەنوەر ساداتیان زیندانی کردووە، بەڵام سەرباری ئەوەی هەوڵی داوە دژی ئینگلیزکان پەیوەندی بە ئەڵمانیاوە بکات بەڵام شکستی هێناوە. لە ساڵی ١٩٤٦ ناوی ئەنوەر سادات لە لیستی ئەو کەسانە بوو کە بە تیرۆرکردنی کەسایەتی سیاسی میسری "ئەمین عوسمان" تۆمەتبار کرا
کە وەزیرێکی میسری لایەنگیری ئینگلیزەکان بوو، دوای دوو ساڵ ئازاد کرا و ڕاستەوخۆ بووە ئەندامی بزووتنەوەی سەربازە ئازادەکان و هاوڕێی نزیکی جەمال عەبدولناسڕ، لە ساڵی ١٩٥٢ بەشداری شۆڕشی تەممووزی میسری کردووە کە ئەو کاتە ئەندامی سوپا و ئەندامی کۆمەڵەی سەربازانی ئازاد (الضباط الأحرار) بوو کە بە هۆکاری سەرەکی هەڵگیرسانی شۆڕشی تەممووزی میسر دادەنرێن سادات زیاتر ناسرا.
دوای ئەوەی بەهۆی شۆڕشی تەممووزی ساڵی ١٩٥٢ کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی هێنرا و سیستمی کۆماری ڕاگەیەندرا، "محەمەد نەجیب" وەکوو یەکەمین سەرۆک کۆماری میسری دانرا و یەکەمین بەیانی لەکارکەوتن و کۆتایی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ڕادیۆی میسری بڵاوکرایەوە، محەمەد نەجیب دووبارە داوای کرد بەیانەکە بخوێندرێتەوە و بۆ ئەم مەبەستە ئەنوەر ساداتی هەڵبژارد و دووبارە بە دەنگی ئەو خوێندرایەوە. لە ساڵی ١٩٥٧ بۆ سێ خوول لەسەریەک وەکوو ئەندامی ئەنجوومەنی گەلان (پەرلەمانی ئەو کاتەی میسر) هەڵبژێردرا.
پاشان لە ساڵی ١٩٦٠ تاکوو ١٩٦١ و دواتر لە ساڵی ١٩٦٤ تاکوو ١٩٦٨ وەکوو سەرۆکی ئەنجوومەنەکە دەست بەکار بووە. لە دوای هەڵگیرسانی شۆڕش چەند پۆستێکی گرنگی هەبووە، لە ساڵی ١٩٦٤ تاکوو ١٩٦٦ وەکوو جێگری سەرۆک کۆمار کاری کردووە و لە ساڵی ١٩٦٩ دووبارە جەمال عەبدولناسڕ هەمان پۆستی پێ دایەوە. لەگەڵ جەمال عەبدولناسڕ ڕۆڵی هەبوو لە لەکارلابردنی محەمەد نەجیبی یەکەم سەرۆک کۆماری میسر.
وەرگرتنی سەرۆکایەتی میسر
دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٠ جەمال عەبدولناسڕ دووەم سەرۆک کۆماری میسر کۆچی دوایی کرد، ئەنوەر سادات لە دوای محەمەد نەجیب و جەمال عەبدولناسڕ بووە سێیەم سەرۆک کۆماری میسر. دوای وەرگرتنی دەسەڵات ئەنوەر سادات بووە بڕیاردەری سەرەکی لە میسر، هەر لە سەرەتای دەست بەکاربوونی وەکوو سەرۆک پرۆگرامێکی ئابووری لە وڵات خستەکار تاکوو وەبەرهێنان و بازرگانی دەرەکی لەنێو میسر چالاک بکات، بەڵام ئەم هەنگاوەی سەرکەوتوو نەبوو و بووە هۆکاری دروستبوونی هەڵاوسانی ئابووری لە میسر.
کاریگەری سادات لە سیاسەتی دەرەکی میسر ڕوون و بەهێز بوو، پێشنیاری ڕاگەیاندنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل کرد، بەڵام ئیسرائیل پێشنیاری ساداتی بە مەرجەوە قبوڵ دەکرد و داوای کرد کە میسر نیمچەدوورگەی سینا بدات بە ئیسرائیل، بۆیە ئەنوەر سادات داواکەی ڕەت کردەوە و لەگەڵ وڵاتی سووریا هاوپەیمانییەکی سەربازی پێکهێنا بەوهۆیەوه "جەنگی ئۆکتۆبەر" هەڵگیرسا و لەو جەنگەدا سوپای عەرەب تا ڕادەیەک سەرکەوتوو بوون، هێزەکانی میسر کەناڵی سوێس و هەموو خاکەکەکانی نیمچەدوورگەی سینای گرتەوە، سوریاش بەشێک لە بەرزاییەکانی جۆڵانیان بەدەست هێنایەوە.
لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٧٧ ئەنوەر سادات سەردانی قودسی کرد و دەستپێشخەری ئاشتیانەی بۆ ئیسڕائیل کرد، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٨ بە فەرمی بە نێوەندگیری ئەمریکا ئاشتی لە نێوان میسر و ئیسرائیل ڕاگەیەندرا و ئەنوەر سادات بە ناوی میسرەوە واژۆی لەسەر ڕێکەوتننامەی کامپ دەیڤید کرد و بووە یەکەمین وڵاتی عەرەبی کە دان بە وڵاتی ئیسرائیل بنێت، میسر لە ڕێگەی ئەم ڕێکەوتننامەیەوە توانی بەشێک لە ئەو خاکەی کە لە جەنگی ئۆکتۆبەر لەدەستی دابوو بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.
لە دەرئەنجامی ئەم ڕێکەوتنە سادات بووە خاوەن خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ. دوای واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی ئاشتی تاڕادەیەک ڕای گشتی دژی بوون و بە خیانەتکار و خاکفرۆش وێنای دەکرا، بۆیە لە ساڵی ١٩٨١ بە بڕیارێک بە بێ بوونی هیچ هۆکارێکی ڕوون ناوی ١٦٠٠ کەسایەتی چالاکوانی سیاسی چەپڕەوی شیوعی و ئیسلامی و مەسیحی میسری ئاڕاستەی زیندان کرد.
کۆچی دوایی و تیرۆرکرنی
لە ڕۆژی شەشی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٨١ ئەنوەر سادات لە ئاهەنگی یادکردنەوەی سەرکەوتنی سوپای میسر لە جەنگی ئیسڕائیلی ساڵی ١٩٧٣ تیرۆرکرا، لە کاتی ئاهەنگ و نمایشی سەربازی تەقەی لێکرا و کوژرا، لەلایەن کۆمەڵەی جیهاد کە کۆمەڵەیەکی ئیسلامی میسری بوون تیرۆرکردنەکە ئەنجام درا و کەسایەتی "خالید ئیسلامبوولی" بە داڕێژەری پلانی کوشتنی سەرۆک دانرا، لە تۆڵەکردنەوەی بڕیاری زیندانی کردنی چالاکوانەکانی ساڵی ١٩٨١ تیرۆر کرا و کوژرا.